دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کوردستان لە ناو گێژاوی ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا

دوێنێ، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، ١٦یەمین بازنەی گفتوگۆی بە ناونیشانی – کوردستان لە ناو گێژاوی ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچوو.

لە گفتوگۆیەکەدا بەڕێزان ( د.سالار عوسمان، د.یەحیا ئەلکوبەیسی – بە سکایب-، ئەبو میساق ئەلمساری، حسێن یەزدان پەنا، شێخ سدیق، ، د.محەمەد ئیحسان، د.محەمەد بازیانی، د.ئەنەس دۆسکی، د.شێرزاد دۆسکی، ڕابەر تەڵعەت، عەبدوڵا ساڵح، گۆران جەلال ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، مەحفوز مایی، پ.د نەزاکەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد) ئامادەبوون، بازنەی گفتوگۆ ڕاپۆرتێکی مەیدانی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ئامادەکردبوو و، پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکە، ڕاپۆرتەکە لەسەر سکرین بۆ ئامادەبوان نمایشکرا و پاشان ئامادەبوان بە ڕاشکاوی لەسەر ئەم پرسە گرنگە هەموو ڕەهەندەکانی ئەم پرسە گرنگەیان تاوتوێ کرد و ، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و بەشێکە لە دەوڵەتێک بەناوی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق و، پرسی پەیوەندی دیپلۆماتی و سیاسەتی دەرەوە دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتە حەسرییەکانی دەوڵەتی فیدڕاڵی و، بۆیە گرنگە هەرێمی کوردستان پێش هەموو شت نیوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوەوە، خاڵی لاوازی ئێستای هەرێم نەبوونی یەکڕیزی و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتوویی کوردستانییە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش، ئامادەبووان زۆر بە گەشبینی باسیان لە سەردانە سەرکەوتوەکەی محمەد شیاع سۆدانی بۆ ئەمریکا کرد و ، جەختیان لەوە کردەوە دوای ئەم سەردانە دەرگایەکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم گفتوگۆیە بەشداربوان ستایشی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و کە توانیوویەتی بەشێوەیەکی زۆر لۆژیکانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو کێشە و تەنگژە و شەڕانە کردووە کە ئێستا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوەوە بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە.
شایەنی ئاماژە پێکردنە ،پوختەی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی ٢٩ی نیسان لەسەر لاپەڕەکانی گۆڤاری گوڵان بڵاودەکرێتەوەوە.