گژوگیا بەهارییەکان سحرێکی دیکەی خاکی بە پیت و فەڕی کوردستانە

بەھاری پڕ بارانی ئەمساڵ دەیان بەرھەمی خۆرسکی بەھاری ھێناوەتە بوون، ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە دەیان گیای بەھاری لێ بەرھەم دێن. بەرپرسانی ژینگەش هۆشداری دەدەن و، دەڵێن: ھەر کەسێک گیای بەھاری لە ڕەگەوە دەربھێنێت سزا دەدرێت.

لە وەرزی بەھار خواردنی سەرەکیی بەشێک لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبێتە گیا بەھارییەکان. کەنگر، مەندۆک، ڕێواس، کاردی، کوڕادە، کوارگ، لووشە و جۆرەکانی دیکەی گیای بەھاری لە ناوچە شاخاوییەکان و بنارەکان کۆدەکەنەوە و بەشێوازی جیاواز دەکرێنە خواردن، ئیدارەی سۆران، یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە وەرزی بەھاردا زۆرترین گیای بەھاری لێ بەرھەم دێت.
کۆکردنەوە و فرۆشتنی گیا بەھارییەکان دەرفەتی کاری کاتییان بۆ ژمارەیەک ھاووڵاتی ڕەخساندووە، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەو جۆرە گیا بەھارییانە بوونەتە سەرچاوەی داھات بۆ ژیانیان.
ئەمساڵ بازاڕی گیا بەھارییەکان گەرمە، خواستێکی زۆریان لەسەرە، ھەم بۆ خواردن خۆشە، ھەمیش لەڕووی تەندروستییەوە ئەو جۆرە گیایانە سوودێکی زۆریان بۆ مرۆڤ ھەیە، بۆیە ھاووڵاتییان بەھەر شێوەیەک بێت دەیانەوێت چیژ لەو خواردنە تەندروستە وەربگرن.
ئەگەر ڕێت بە شەقامی سەرەکی سۆران بکەوێت، ھەر لە دوورەوە بۆن و بەرامەی گیا و ڕووەکی بەھاری بەرەو فرۆشیاران ڕێنوێنی دەکەن، لەوێ ھەموو جۆرە گیایەکت دەست دەکەوێت.
فرۆشیاران بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان ھاوار دەکەن و کڕیار بۆ خۆی ڕادەکێشێت، یەکێک ھاواری کەنگر و کاردی دەکات، یەکێکی دیکە ھاوار دەکات لێرە کوارک، سترک و ھندرش ھەیە، ئەگەر زوو نەگەیێ، نامێنێت.
زەینەب مەحموود، ئافرەتێکی خەلیفانە، دەڵێت: کاتژمێر ٦ـی بەیانی لەگەڵ ٨ ژنی دیکەی ناوچەکە سواری پشتەوەی پیکاب دەبین و بە بەسەر ھاتی خۆش و مێژووی ڕێگەی دووری ناوچە شاخاوییەکان کورت دەکەینەوە و بەرە و چیاو دۆلەکانی ئیدارەی سۆران بەڕی دەکەوین بۆ کردنی کەنگر.
زەینەب، گوتیشی: جگە لە پیکابی ئەوان زیاتر لە پێنج پیکابی دیکەش بۆ کۆکردنەوەی کەنگر و گیای بەھاری مڵی ئەم ڕێگەیە دەگرنەبەر، کاتێک کە دەگەینە شوێنی کەنگر ھەریەکە و خۆی لە پیکابەکەی بەردەداتەوە دەکەوێتە دۆڵ و نەھاڵەکان و پیشەقانەکەی ھەڵ دەگرێت و بە دوای کەنگردا دەگەڕێت، ھەریەکە و بەپێی توانایی خۆی کەنگر کۆ دەکاتەوە، ھاووڵاتی وا ھەیە ڕۆژانە زیاتر لە بیست تا سی کیلۆ کەنگر دەکات، ئێوارەش سواری پشتەوەی پیکاب دەبین و بە دڵێکی خۆش دەگەرێینەوە و لە بازاڕ لەسەریەک کەنگرەکانمان باش و خراپ کیلۆی بە ھەزار و پێنج سەد دینار دەفرۆشین، بەو بڕە پارەی دەستمان دەکەوێت میوە و خۆراک و ئەو کەلوپەلانەی پێویستمانە پێی دەکڕین و دەچینەوە ماڵەوە، چاومان لەوەیە کەی بەیانی دێتەوە تا لە پشتەوەی پیکاب سواربین و دووبارە بچینەوە دۆل و چیایەکان بۆ کردنی کەنگر.
فەتاح ساڵح، کە کاری کۆکردنەوە و کڕین و فرۆشتنی گیا بەھارییەکان دەکات، گوتی: لە مانگی سێ تا کۆتایی مانگی پێنج ھەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە بە مەبەستی کردنی گیا بەھارییەکان، ڕوو لە چیا و چۆڵەکان دەکەم، ھەر ڕۆژە و بەپێی ھەبوونی گیا بەھارییەکان دەچمە ناوچەیەک و دوای کردنی گیا بەھارییەکان دێنمە بازاڕ و بەنرخێکی گونجاو دەفرۆشمەوە، کە گیا بەھارییەکان لەم وەرزەدا خواستێکی زۆریان لەسەرە و ڕۆژانە کڕیاران چاوەڕێمان دەکەن.
نەوزاد محەممەد، ھاووڵاتییەکی دیکەیە، ئاشکرای کرد: جەنگ و شەڕ لە ناوچە شاخاوییەکان وای کردووە کە نەتوانیت بۆ ھەموو ناوچەیەک بچی و گیا بەھارییەکان بھێنین، ڕێواس، کەنگر، کاردی، سۆریاز و سترک، بە دەیان جۆر گیای بەھاری لەو ناوچانە دێن، بەڵام لەبەر پەکەکە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناتوانین بۆ ھەموو ناوچەیەک بچین، ئەگەر ھاتبا پەکەکە لەو ناوچانە نەبوایە، تورکیاش ناوچەکەی بۆردومان نەکردبایە، تا مانگی ٦ لە چیا و چۆڵەکان دەگەڕاین و گیامان دەھێناو لە بازاڕ دەمان فرۆشتەوە و بژێوی ژیانمان پێ دابین دەکرد.
جەمال وەیسی، لەناو بازاڕی سۆران زۆربەی گیا بەھارییەکان دەفرۆشێ، دەڵێ: ڕێواس کیلۆی بە سێ ھەزار دینارە، کەنگر کیلۆی بە سێ ھەزار دینار و کاردی دوو ھەزار و پێنج سەد دینار، کوارک کیلۆی بە بیست ھەزار دینارە، ئەمساڵ بازاڕی گیا بەھارییەکان گەرمە و خواستێکی زۆریان لەسەرە، ڕۆژانە ئەو جۆرە گیا بەھاریانەی بۆمان دێن بە ھاووڵاتییان دەفرۆشینەوە، کە ھەم بۆ خواردن خۆشە، ھەمیش لەڕووی تەندروستییەوە ئەو جۆرە گیانە سوودێکی زۆریان بۆ مرۆڤ ھەیە.
شێوازی دەرھێنانی ئەو گیا بەھاریانە لە زەوی بۆتە جێگەی نیگەرانی و مەترسی لەسەر ئەو سامانە خورسکە، بەرپرسانی ژینگە، دەڵێن: ھەر کەسێک گیای بەھاری لە ڕەگەوە دەربھێنێت سزا دەدەین.

ھەواڵی زیاتر