دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە ئیدارەی سۆران دانرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە، دەڵێت: لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە دادەنێین. دەشڵێ: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کاروانی ئاوەدانی لە سۆران بەردەوام دەبێت، چونکە دەمانەوێت ژێرخانێکی باش بۆ ئیدارەی سۆران دروست بکەین.

ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند: لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردی بناغەی دوو پڕۆژە دانران و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە دادەنرێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت کاروانی ئاوەدانی لە سۆران بەردەوام دەبێت، چونکە دەمانەوێت ژێرخانێکی باش بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکەین.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەکاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرنگ دانران، یەکێکیان قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی ئەیلوول و ئەوی دیکەیان دروستکردنی دیواری پاڵپشت بۆ چەند ناوچەیەک لە سەنتەری قەزای سۆران، ئەو دوو پڕۆژەیە گرنگی زۆریان ھەیە، چونکە زۆر جار ئەو خانووانەی دروستکراون مەترسی ڕووخانیان لەسەرە، دەمانەوێت ڕێگری لەو کێشەیە بکەین.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بانگەوازیی ھاووڵاتییانی کرد کە لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، بەتایبەت پڕۆژەکانی جوانکاری سیمای شار و ڕێکخستنەوەی ڕێڕەوەکانی پیادە ھاوکار و ھەماھەنگی تیمەکانمان بن.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، گوتیشی: ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووش لە وەرزی زستانیش پڕۆژەکانمان ڕانەگیراون تەنیا لە کاتی باران بارین نەبێت، بۆیە ھەنگاوی باش نراوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ھەوڵدەدەین ئەو پڕۆژانە بەیەکەوە جێبەجێ بکرێن و لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکە دادەنرێت، بەوەش ئاوەدانکردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بریاری داوە ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران کە بەنێو چۆمان و سۆراندا دێت نۆژەن بکرێتەوە، بڕیارە ئەمساڵ زیاتر لە ٢٠ کیلۆمەتر نۆژەن بکرێتەوە کە پێویستی بە دوو ملیار و دووسەد و پەنجا ملیۆن دینارە، ئێستە ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینارمان بۆ سەرف کراوە بۆ ئەوەی قۆناغی یەکەم دەست پێ بکرێت.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن، گەورەترین ڕێگای سۆرانە و ڕێگای نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆیە ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا حەوت کیلۆمەتر نۆژەن بکرێتەوە و دە کیلۆمەتری دیکە لە تەندرە و پێنج کیلۆمەتری دیکەش کاری بۆ دەکرێت، ڕێگاکە ھەمووی نزیکەی ھەشتا کیلۆمەتر دەبێت، ئەوەی تێکچووبێت نۆژەن دەکرێتەوە، ئێستە کار دەکەین بۆ ئەوەی حەڤدە کیلۆمەتر نۆژەن بکەینەوە، لە حەوت کیلۆمەتردا دەست بەکاردەبین و دە کیلۆمەتری دیکەش لە تەندەردایە، ئەو ڕێگایە زۆر گرنگ و ستراتیژییە بۆ ھەرێمی کوردستان و دەکەوێتە نێوان کوردستان و ئێران.