وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بوونی ئەم دەستەواژەی حکوومەتی مەرکەزی لە دەستووری عێراقدا نییە. دەستووری عێراق دەڵێت، عێراق پێکدێت لە “حکوومەتێکی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمەکان و حکوومەتی پارێزگاکان”، بۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی مەرکەزی ئاماژەیەکە بۆ عەقڵیەتێکی مەرکەزی.
ئەمرۆ چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2024، د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە هەشتەمین دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمەریکی – سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند، بەپێی دەستووری عێراق شتێک نییە بەناوی حکوومەتی مەرکەزی، بەپێی دەستووری عێراق حکوومەتی فیدڕاڵ هەیە، دەستەواژەی مەرکەز لە هیچ شوێنێکی دەستووری عێراقی بەکارنەهاتووە.
ئەو دەڵێت: “داوا دەکەم لە هەموو سیاسییەکانی عێراق و کوردستان و هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، خۆیان بپارێزن لە بەکارهێنانی دەستەواژەی حکوومەتی مەرکەزی، چونکە بوونی ئەم دەستەواژە لە دەستووری عێراقی بوونی نییە. دەستووری عێراق دەڵێت، “عێراق پێکدێت لە حکوومەتێکی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمەکان و حکوومەتی پارێزگاکان”، بۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی مەرکەزی ئاماژەیەکە بۆ عەقڵیەتێکی مەرکەزی، کە ئەمە کێشەی هەرە گەورەی عێراقە بەدەست عەقڵیەتێکی مەرکەزییەوە دەناڵێنێت.”
بەگوتەی ئەو: “هیچ گرووپێکی تیرۆرستی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوونی نییە، هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گروپ بەکاردەهێنن، ئەمەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان. ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ یەکێک لەو ڕێکخراوانە بە تیرۆرست ناو نەبردووە.”
ئەو وەزیرە ئاشکراشیکرد، “کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کێشەیەک هەیە بەناوی کێشەی کوردستان، کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی ئەو کێشەیە بدات. دەبێت ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێشەوە، هەروەک چۆن ڕێز لە کێشەی میللەتان دەگرین، دەبێت کێشەی خەڵکی کوردستانیش چارەسەر بکەین، کۆمەڵێک حزبی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بوونیان هەبووە پێش ساڵی 1991 و 2003، لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە ناویان لێنراوە تیرۆرست، بەڵام سەبارەت بە ئێمەوە ئەوانە حزبی کوردی ئۆپۆزسیۆنن. سەبارەت بە پەکەکە، وڵاتی تورکیا بەپێی بەرژەوەندی خۆی و سیاسەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناویان ناون تیرۆرست، بەڵام لە عێراق ئەم حزبە بەتیرۆرست ناونەبراوە.”
ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: “ئێمە ڕازی نین لە بوونی هیچ یەکێک لەم گرووپە چەکدارییانە بە ناوی گرووپ و حزب و لایەنی چەکدار، لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام هەر لایەنێک ئازادە چ ناوێک لەم گرووپانە دەنێت. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ناوێکی فەرمی دەنێین لەو گرووپانە کە جیاوازە لەگەڵ بۆچوونی وڵاتانی دەورووبەر.”
وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند، “ئێمە لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان بەغدا و تاران ئیمزاکراوە، بابەتی هەبوونی هێزی چەکدار لەسەر سنووری ئێران چارەسەر کراوە، لەماوەکانی ڕابردووش لە کەمپی مەدەنی شوینی ئەو چەکدارانە کراوەتەوە، ئێستە بە شاهێدی هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق لە بەغدا بە شاهێدی خودی ئێرانییەکانیش، هیچ هێزێک لەم سنوورانە بوونی نییە. بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جیا جیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، مووشەک و درۆن ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە هیچییان لەسەر بنەمای ڕاست و دروست نین.”
دەشڵێت: “هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکی ڕاست و دروستی نییە، لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی بەغدا، تاران، هەولێر و سلێمانی ئەو بابەتانە شیکراونەتەوە. پێشتر لەلایەن قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەمنی عێراق ئەم بابەتەی باسکردووە، منیش دووپات لەو بابەتە دەکەمەوە کە هیچ مەترسییەکی سەربازی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراو نییە، بەرامبەر نە ئێران و نە تورکیاش.”