هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

له‌سه‌ر ئه‌ركی سه‌رۆكی حكومه‌ت تەرمی 16 قوربانی لە فەرەنساوە دەگەڕێندرێنه‌وه‌ هەولێر

د. جوتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌یپێكرد، له‌سه‌ر ئه‌ركی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رمی 16 قوربانی له‌ فه‌ره‌نساوه‌ دەگەڕێندرێنه‌وه‌ هه‌ولێر.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، کاژمێر 3:45 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی ھەینی 24-12-2021، تەرمی ئەو 16 قوربانییەی کە لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە رۆژی 24-11-2021 بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

گەڕاندنەوەی ئەو تەرمانە بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆرکانیان ماوەی مانگێک دوا کەوت، کە ئەوەش بە هەماهەنگی لە نێوان نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا لەگەڵ وەزارەتی داد و ناوخۆ و پۆلیس و تیمی لێکۆڵەرەوەی فەرەنسا بەڕێوەچوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو قوربانییانە، داوا لە هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەکات کە نەکەونە داوی کەسانێک کە بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو قاچاخچی و کەسانەی کە فریوی هاونشتمانیانمان دەدەن بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن، بێ وەڵام بەجێ ناهێڵێت و ڕووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن.

د.جوتیار عادل

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

20ی کانوونی یەکەمی 2021