كارزان گلی – ههولێر
دەم پارتی، رۆڵی سەرەكی هەبوو، كە جەهەپە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە رۆژئاوای توركیا، زۆرینە بێت و سەرۆكی شارەوانییەكان بباتەوە، بەتایبەت لە ئیستانبوڵ و ئەنتاڵیا. ئاكەپە، نایشارێتەوە توڕەیە لە دەم پارتی، چونكە رای گشتی توركیایان فریودا، بەوەی بەربژێریان لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا هەبوو، كەچی بە نهێنی دەنگیان بە بەربژێری جەهەپە داوە، بۆیە بەشێك لە چاودێریان پێیانوایە، رەنگە ئاكەپە و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، تۆڵە لە دەم پارتی بكەنەوە.
مەڕاڵ دانش بێشتاش، بەربژێری دەم پارتی لە ئیستانبوڵ، بەڕوونی ئاشكرای كرد، كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، با هەست نەكات دەنگەكانی ئیستانبوڵ دەنگی خۆیەتی، نەخێر بە دەنگی دەم پارتی بووەتە براوەی هەڵبژاردن.
ئەو لێدوانەی دانش، پەردەی لەسەر ئەو رێككەوتنە نهێنییەی نێوان دەم پارتی و جەهەپە لادا، كە لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا، دەم پارتی، پشتگیری لە بەربژێری جەهەپە بكات.
ئەمە جاری دووەمە، دەم پارتی، ستراتیژی شكستهێنان بە بەربژێری ئاكەپە لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا پەیڕەو بكات، لە ٢٠١٩ش بەهەمان شێوە، دەنگی دەم پارتی بوو وای كرد، جەهەپە شارەونیی ئیستانبوڵ و ئەنكەرا و مێرسین و ئەنتاڵیا بباتەوە.
لە ٢٠١٩، بەهۆی ئەو پشتگیرییەی دەم پارتی لە جەهەپە، ئاكەپە، لەرێگەی وەزارەتی ناوەخۆوە، ٨٠٪ی شارەوانییەكانی دەم پارتی قەیووم كرد، تەنانەت بەشێك لە سەرۆك شارەوانییەكانی خستە زیندانەوە، بەتۆمەتی ئەوەی پشتگیریان لە پەكەكە كردووە.
ئایە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش، هەمان سیناریۆ دووبارە دەكاتەوە یان رێگەیەكی تر دەگرێتە بەر، ئەویش نزیكبوونەوەیە لە دەم پارتی؟
ئاكەپە، لە هەڵبژاردنی ٣١ی٣ی٢٠٢٤، دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن دەنگی لەدەستدا، ئەم شكستەش بەشێكی زۆری لە باكووری كوردستان بوو، كوردەكان بەتایبەت كوردانی موحافیزكار پشتیان لە ئاكەپە كرد، بۆیە نووسەرە نزیكەكانی سەر بە ئاكەپە، دەڵێن دەبێت بە ستراتیژییەتی پارتدا بچینەوە بەرامبەر بە كورد.
ئاكەپە، پێویستییەكی زۆری بە دەم پارتی هەیە، بەتایبەت لەبارەی بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان، بۆ جاری سێیەم وەكوو سەركۆماری توركیا.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، ئەردۆغان لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا بۆی هەیە دووجار خۆی بەربژێر بكات، لە ٢٠١٨ جارێك بەربژێر بوو و لە ٢٠٢٣ش جاری دووەم. بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ جاری سێیەم بەربژێر بێت، پێویست دەكات توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەردۆغان، هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە رۆژەڤدا نییە، بەڵام لە سەرەتای ٢٠٢٨، هیچ چارەیەكی نییە و دەبێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێر، واتە بەگوێرەی دەستوور، ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەو خولەی پەرلەمانی تێدا هەڵوەشاوەتەوە، بۆ بەربژێربوونی سەركۆمار حیساب ناكرێت.
ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بتوانێت توركیا بباتە هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویستی بە دەنگی دەم پارتی هەیە، لە خوارەوە زیاتر شی دەكەمەوە.
بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێت لە كۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ٣٦٧ پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگ بدەن، بەڵام دەنگەكانی ئاكەپە و مەهەپە، ناگاتە ئەو ئاستە.
ئاكەپە و مەهەپە، كا هاوپەیمانیی یەكترین، لەناو پەرلەمان ژمارەی كورسییەكانیان ٣١٣ كورسییە، تەنانەت ئەگەر پارتی خاسیش بە بەڵی دەنگ بدات، دەكاتە ٣٥١، هەروەها چوار كورسی خوداپار و چوار كورسی پارتی سەرلەنوێ رەفاحیشی بخەیتە سەر، هەر ناكاتە ٣٦٧، بۆیە ناچارە روو لە دەم پارتی بكات، تا دەنگ بە بەڵێ بدەن و رێگە بۆ ئەردۆغان خۆش بكەن، تا بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.
كەواتە، پێویست دەكات، ئاكەپە سیاسەتی قەیووم واز لێبێنێت، هەروەها لە دەم پارتی نزیك ببێتەوە، تا لە رێككەوتنێكدا بتوانن توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
دەبێت ئەوەش باس بكرێت، ئەگەر لەم كاتەدا ئەردۆغان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت، جەهەپە بەبەڵێ دەنگ دەدات، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت تا ٢٠٢٨ سەركۆمار بێت و پارتەكەی كۆ دەكاتەوە و ئاستی جەماوەری خۆی بەرز بكاتەوە، بۆیە تەنیا دەم پارتییە لەو كاتەدا فریای بكەوێت.