ماجد مەردۆخ رۆحانی:”مامۆستا هەژار لە تەمبەڵی، خوا بەشی نەدابوو؛ هەموو گیانی خۆندنەوە و نووسین بوو”

هاوكار عەبدوڵڵا شێخ وەسانی

بەشی یەكەم:

لە سەرەتای خوێندنەوەی كتێبەكانی مامۆستا هەژاری موكریانی، ناوی «ماجد مەردۆخ رۆحانی»م بیستبوو، وەلێ‌ تەنیا وەكوو ناوێك. دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی هەولێر، لەگەڵ «ئارێز فەتاحی» مامۆستای زانكۆی كوردستان لە سنە، ئاشنایەتیم پەیدا كرد -كە كەسێكی نزیكی مامۆستا ماجد بوو- بۆم دەركەوت كە ماجد ڕۆحانی مرۆڤێكی چەندە مەزنە. ڕاستە مامۆستا هەژار نووسەر و شاعیرێكی گەورەی كوردە، بەڵام ئەگەر مامۆستا ماجد لە پاڵی نەبووایە، ڕەنگە ئێستا ئێمەی كورد بەم گەوەرەیییە نەمانناسیبایە. بۆیە لەوساوە تامەزرۆی دیدەنی بووم.

خۆشبەختانە لەم ماوەی ڕابردوودا بۆم هەڵكەوت گەشتێك بەرەو ڕۆژهەڵات بكەم. هەر لەگەڵ گەیشتنمان بە سنە، شاری ئەدەب و هونەر و مووسیقا، لەگەڵ ئارێز فەتاحی چووینە دیدەنی مامۆستا ماجد.
دوای ئەوەی زەنگی دەرگاكەمان لێدا، پیاوێكی باڵابەرزی سەروسیما سپی، لە نهۆمی سپیەمینەوە هاتە خوار و بەخێرهاتنێكی گەرمی لێمان كرد. دەستی منی توند گرت و بە خێرایی بە پلیكانەكاندا بە دوای خۆیدا ڕایكێشام. منێك كە نزیكم لە نیوەی تەمەنی ئەو، بەم خێرایی ڕۆیشتنە ماندووی كردم؛ بەڵام ئەو بە بزەیەكەوە گوتی: نا من فێر بووم؛ ماندوو نابم! گەیشتینە نهۆمی سێیەم و ئێمەی بردە ژووری كار و كتێبخانەكەی.
ماڵی مامۆستا ماجد كەوتووەتە دامێنی چیا؛ بە شێوەیەك كە بەسەر هەموو سنەدا دەڕوانێت. لە ژووری كتێبخانەكەی بەشێكی زۆری سنە بەرچاوە. ئەم شێوە هەڵكەوتەیە كەشێكی ئەدەبی جوانی دروست كردووە؛ وەها كە مرۆڤ بە دەم سەیركردنی دیمەنە ناوازەكەی سنەوە، حەز دەكات شیعرێك بخوێنێتەوە یاخود گوێ‌ لە سترانێك بگرێت؛ چ جای ئەوەی كە لەگەڵ كەسێكی بە ئەزموونی وەك ماجد ڕۆحانی دانیشێ؛ كە قسە دەكات، وەك ئەوەیە نوقڵ لە دەمی بكەوێتە خوارەوە.
لە دەسپێكی گفتوگۆكەماندا ڕیكۆردی مۆبایلەكەم داگیرساند و كەوتمە پرسیاركردن؛ بە جۆرێك دەمویست لەم كاتە كەمەی كە لەگەڵیدا دانیشتووم، هەموو سەربووردەكانی ژیانی خۆی و مامۆستا هەژارم بۆ بگێڕێتەوە. بەڵام دوو كاتژمێر ڕۆیشت، تەنیا تنۆكێكی لە دەریایەك باس كرد.
مامۆستا ماجد ئەگەر مەبەستی بایە لە پاڵ ناوی مامۆستا هەژار، ناوی خۆشی ڕانێ‌، ئێستا كەسێكی زۆر ناسراوی كوردستان دەبوو؛ بەڵام نەك هەر بە گرینگی نەزانیوە ئەم كارە بكات، بەڵكوو هەر وەك خۆی دەیڵێت: «كاری من خۆ دەرخستن نییە؛ تەنیا چەندم پێ‌ بكرێ‌، خزمەت كردنە.»
لەم گفتوگۆیەدا تیشك دەخەینە سەر ژیانی تایبەتی رۆحانی و بیرەوەرییەكانی لەگەڵ مامۆستا هەژاردا.

  • سەرەتای ناسین و ئاشنایەتیت لەگەڵ مامۆستا هەژار بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
  • دەوری چل ساڵی پێش. مامۆستا هەژار لە شارۆچكەیەكی لای كەرەج بە ناوی «عەزیمییە» دادەنیشت و كاری لە تاران بوو. منیش لە پەخشانگای سرووش لە تاران بووم. كەوتمە شوێنی بەڵكوو بیهێنین بۆ لای خۆمان. ئیتر بە یارمەتی سەرۆكی سرووش، ئەم كارەمان بە چەند مانگێك جێبەجێ كرد. كە هاتە سرووش بەرپرسم تێگەیاند كە ڕەوا نییە مامۆستا هەژار ژیانی بە هات‌وچۆی نێوان كەرەج و تاران بڕوات و هەموو ڕۆژێك چەند كاتژمێر بە ڕێگاوە بێت. بە هاوكارێكدا كە ماڵی لە كرەج بوو، نووسین و كارەكانی بۆ دەناردین. ئیتر ئێمە هەموو كارێكمان دەكرد بۆ ئەوەی مامۆستا بە ئارخەیانی دابنیشێت، بنووسێت و بێ‌ كێشە بێت. وا بوو كە زۆربەی بەرهەمەكانی، لە نووسین و وەرگێڕان، ئەم یازدە ساڵەی كۆتایی ژیانی داینا؛ كە من لە خزمەتی بووم.
    لە پێشەكی چوار نامیلكەدا نووسیومە كە: گەیشتمە خزمەتی. سەرەتا لەگەڵمدا نێوچاوانی گرژبوو، بەڵام من، ئەگەرچی جحێڵ و هەرزەكار بووم، تێگەیشتم كە ئەم پیاوە كەسایەتییەكی هەڵكەوتە و زۆر دەگمەنە. مومكینە دە چەرخی تر بڕوا و كەسێكی تری وامان لێ هەڵنەكەوێتەوە. هەر وەك لە زمانی فارسیدا، تازە سەعدییەكی تر هەڵنەكەتەوە؛ ئیبنولفارزێكی تر لە نێو عەرەبدا سەری هەڵنەداوە. بەڕاستی من مەبەستم نەبوو كە شتێكی لێوە فێر ببم. دڵم نەدەهات كاتی بە وانە گوتنەوە بە منەوە بڕوا؛ بەڵكو بە لامەوە گرینگ ئەوە بوو زیاتر بنووسێت و كاری زۆرتر بەرهەم بێنێ‌ و زمان و وێژەمانی پێ‌ بگەشێتەوە و بۆ داهاتووان بمێنێتەوە. جاروبار بانگی دەكردم و پێی دەگوتم: وەرە كارێك بگرە دەستەوە؛ منیش یارمەتیت دەدەم. دەمگوت: مامۆستا گیان كاتی تۆ بۆ من بەتەنیا نییە و قەت غەدری وا لە میللەتەكەمان ناكەم. «مەم‌وزین» و چەند پاژ لە «بۆ كوردستان» و «شەرەفنامە» نەبێ‌ -كە بەزۆر پێی خوێندم- شتێكی ترم لە لا نەخوێند. ئەوەشم لەبیرە جارێك لە خوێندنەوەكەمدا، چوومە سەر بنـزاری خۆم و سنەیی خوێندمەوە؛ بە تیزێكەوە، گوتی: ئەری ئێوەی سنەیی بۆ قەت كوردی فێر نابن؟!
  • گوتت سەرەتا كە چوومە خزمەتی، نێوچاوانی لێم گرژ بوو. ئەمە بۆ؟
  • لە ڕاستیدا تازە لە ئێران شۆڕش كرابوو؛ منیش لام وا بوو كارێكی زۆر گەورە و گرنگمان كردووە. ڕواڵەتێكم دەدیت و یەكجار دڵگەرم بووم؛ ڕیشێكم هەبوو. مامۆستاش بەو هەموو ئەزموونەوە هەیبوو، دەیزانی ئەو گڕوفڕە بەرەو كوێ‌ دەڕوا و سەرئەنجامی چۆناوچۆن دەبێ‌. ئیتر كە منی بەو سەروسیمایەوە دیت، خۆشی‌ نەویستم. دیارە بۆخۆشی لە «چێشتی مجێور»دا باسی كردووە كە سەرەتا منی دیوە، هیچ كەیفی پێم نەهاتووە!
    ئەڵبەت ئەو شتە زۆری نەخایاند و بە چەند مانگێك وا لەگەڵم بەلوتف و میهرەبان ببوو، هەندێجار كە بۆ كارێك بهاتایە بۆ تاران و ماندوو بوایە، ئۆتۆمبێلە شڕەیەكم هەبوو، مامۆستا ناوی نابوو «دەستەدوو»، ماڵیشمان نزیك بوو. دەیگوت: دادەی دەستەدوو بێنە بچینەوە ماڵێ‌، هێندێك ڕاكشم. جوان هەستی كردبوو لە حاندیدا خۆم بە خاوەن‌ماڵ نازانم.
  • مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێوردا زۆر باسی خوێندنەوەی خۆی دەكات؛ بە جۆرێك كاتێك نەخۆشیش كەوتووە ئەو هەر كتێبی خوێندووەتەوە. بەڕێزت كە لێیەوە نزیك بووی ئەگەر كەمێك باسی خوێندنەوەی مامۆستا هەژارمان بۆ بكەیت؟
  • من، وەك لە منداڵییەوە فێر كراوم، هەمیشە كتێبێكم لەگەڵە، ئەگەر دەرفەتێك هەبێ‌، چوار لاپەڕەی لێ‌ بخوێنمەوە، بێتاقەت نەبم. كاتێك دەهات بۆ لامان هەموو جار دەیگوت چی دەخوێنیەوە؟ دەمگوت قوربان ئەم كتێبە. سەیری كتێبەكەی دەكرد و ئەگەر لێی گەڕابای نیوەی دەكرد! ئەمجار لەگەڵ خۆی دەیبرد، زوو دەیخوێندەوە و بۆمی دەناردەوە. ئەگەر بڵێم شتێك بە ناو تەمبەڵی خوا بەشی نەدابوو، زۆر ڕاستە؛ چونكە هەموو گیانی خوێندنەوە و نووسین بوو.

ھەواڵی زیاتر