هاوکارییەکانی نێچیرڤانی بارزانی بەسەر زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر دابەشدەکرێت

سبەی قۆناخی دووەمی هاوکارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەزگای روانگە دەگەیێندرێتە زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی رۆژی هەینیی هەولێر.

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە لە رێگەی دەزگای روانگە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بڕی یەک ملیار دینار هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی کرد. 

دەزگای روانگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بە شێوازی خەرجکردنی بڕی پارەکە دا و رایگەیاند، لە چوارچێوەی دابەشکردنی قۆناخی دووەمی هاوکارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیارە بۆ 1200 ماڵ ئەم کەلوپەلانە دابینبکرێن: فەرشێک، یەک سۆپا، پێنج بالیف، پێنج دۆشەک و حەوت بەتانی. 

بڕیارە ئەو هاوکارییانە رۆژی سێشەممە 21-12-2021 کاژێر 09:00ـی بەیانی لە گەڕەکی رۆشنبیری، بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر لە پشت مزگەوتی “ئیمام حەمزە” دابەشبکرێن. دواتریش دەچنە ناوچەکانی سەرکارێز، دارەتوو، قەتەوی و گردجووتیار وەکو لە راگەیێندراوەکەدا باسکراوە، لە قۆناخی یەکەمی هاوکارییەکان، چەند تەنکەرێکی ئاو و سێ ژەمی خواردن لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە بۆ زیانبەرکەوتووان دابینکراوە. 

رۆژی هەینی بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای هەولێر لافاو دروستبوو و زیانێکی زۆری گیانی و ماددیی لێکەوتەوە. ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە رایگەیاند، بە گشتی لافاوەکە نزیکەی 20 بۆ 21 ملیار دینار زیانی ماددی هەبووە. دوێنێ کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڕی ملیارێک دیناری بەخشیە پارێزگای هەولێر بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر.

ھەواڵی زیاتر