دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: یاساکەی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن کێشەی گەورەی تێدایە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: ئەو یاسایەی ئێستە کۆمیسیۆن کاری پێ دەکات ٥%ـی دەنگدەران، واتە لە ھەر وێستگەیەکی دەنگدان کە چوار سەد و پەنجا دەنگدەری ھەیە و ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان ھەیە تەنیا بیست و دوو کەس دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوانی دیکە لە دەنگدان بێبەش دەبن، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە و دەبێت ھەر چی زووە چارە بکرێت.

دیزاینکردنی پێشوەختە بۆ ھەڵبژاردن و دەستوەردانی دەرەکی و بێبەشکردنی پێکھاتەکان لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دیارترین ھۆکارەکانی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنداین، بەڵام ھەرگیز بەشداری لە ھەڵبژاردنێکی سەپێنراودا ناکەین کە یاساکانی لەلایەن دادگەیەکی نادەستوورییەوە دەرکرابن، ھۆکارێکی دیکەی بەشدارینەکردنی پارتی بۆ بوونی کێشەی تەکنیکی لە یاساکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەگەڕێتەوە، چونکە بە گوێرەی ئەو یاسایە نزیکەی سێ سەد و شەست ھەزار کەس لە دەنگدان بێبەش دەبن. ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٨ـی ئاداری ٢٠٢٤ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری ھەڵبژاردنێک نەکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بکرێت.
سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەو یاسایەی ئێستە کۆمیسیۆن کاری پێ دەکات، خەڵکێکی زۆر لە دەنگدان بێبەش دەکات.
سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ: یاساکەی عێراق کە کۆمیسیۆن پەیڕەوی دەکات، ٥%ـی دەنگدەران، واتە لە ھەر وێستگەیەکی دەنگدان کە چوار سەد و پەنجا دەنگدەری ھەیە و ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان ھەیە تەنیا بیست و دوو کەس دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوانی دیکە لە دەنگدان بێبەش دەبن، ئەوەش کێشەیەکی گرنگ و گەورەیە و دەبێت ھەر چی زووە چارە بکرێت.