دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاری گەیشتووەتە چوار ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار

لە ڕۆژانی جەژن شوێنە گەشتیاریەکانی ھەرێمی کوردستان جمەیان دەھات لە گەشتیاران، ئەوەش وای کردووە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام کار لەسەر پێشخستنی کەرتی گەشتیاری بکات و وەبەرھێنانی تێدا بکات. بەرپرسانی ئەو کەرتەش لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن: پلانمان ھەیە ڕێژەی گەشتیاران بگەیێنینە بیست ملیۆن گەشتیار.

ھەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان ڕەخساوە چێشتخانە و ھۆتێڵەکان پڕبوونە لە گەشتیاران، باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا وای کردووە کە ڕۆژبەڕۆژ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ئاسانکاری و ئامادەکاری تەواو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی گەشتیاران و ناوچە گەشتیارییەکان کرا بوو، ئەمە لە کاتێکدایە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار و سەردانیکەر ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، زۆرینەیان گەشتیاری ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، چاوەڕواندەکرێت تا کۆتایی ساڵەکە ھەشت ملیۆن گەشتیار بێنە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ھەزار و حەوت سەد و پەنجا شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە شەش سەد و بیست و پێنج ھۆتێل، سێ سەد و حەفتا مۆتێل، ھەشتا گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی ھەشت سەد ڕێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکانی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی گەشتیاران لە ھەرێمی کوردستان دوو ملیۆن گەشتیار بووە، ھەروەھا ساڵی ٢٠٢٣ بووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار، دەستەی گەشتوگوزار بۆ ئەمساڵ بەنیازە بگەیەنێتە سەرووی ھەشت ملیۆن گەشتیار، بۆ ئەمەش پلانێکی ورد لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دانراوە و بەپێی ئەو پلانە ھەشت ساڵییەی دایانناوە، دەیانەوێت تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی گەشتیاران بگەیەننە بیست ملیۆن گەشتیار.
ئامینە محەممەد، گەشتیارێکی ناوەڕاستی عێراقە، دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەک بۆ گەشتیاران کراوە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە و زۆر سوپاسی حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین کە بەردەوام ڕێنمایی ئێمەی گەشتیاران دەکەن، بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش لە شوێنە گەشتیارییەکان بەسەر ببەین.
عەلاوی ئەحمەد، گەشتیارێکی دیکەیە، گوتی: کوردستان زۆر خۆشە و شوێنی زۆر خۆشیشی ھەیە، خەڵکەکەشی ڕێز لە گەشتیاران دەگرن، مامەڵەی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ گەشتیاران زۆر باشە، لەگەڵت ھاوکارن بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەیە شوێنە گەشتیارییەکان، ئەوەش زیاتر سەرنجی ئێمەی ڕاکێشاوە، کە بەردەوام ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێم بکەین.
ئیبراھیم عەبدولحەمید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە سێکتەری گەشتیاری داوە و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، قەبارەی وەبەرھێنان لەو سێکتەرەدا گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی ئەو ئامارە فەرمییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی بازگەکانی ھەولێر دەستکەوتوون، لە دوو ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، زیاتر لە پەنجا و شەش ھەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاتوونەتە ھەولێر، بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لەو پارێزگایە، دەڵێن: بە باشترین شێوە پێشوازیمان لە گەشتیاران کردووە، پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی داھاتوودا ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی ھەولێر و دەوروبەری زیاتر بەرزببێتەوە. ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، ڕایگەیاند: ھەرچی ئاسانکارییە پێشکەش بە گەشتیاران کراوە و بە باشترین شێواز پێشوازییان لێ کراوە، ساڵانی ڕابردوو گرفتی زۆرمان لە بازگەکان ھەبوو، خەڵکێکی زۆر گلەیی لە بازگەکان ھەبوو، بەڵام ئێستە کێشەکە چارە کراوە، مامەڵەیەکی زۆرباش لەگەڵ گەشتیاران دەکرێت، ھەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش دەکرێت و بوونەتە جێگەی ڕەزامەندی ھەمووان ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە.