دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

یەکێتی و دیموکراسی كوجامەرحەبا!

كاوە میران

ستران عەبدوڵڵا باسی دیموكراتیبوونی یەكێتی دەكات!قسەمان بۆ ئەو زێدەگۆییە ئاستنزم و خەیاڵپڵاویی ئەم كابرا تڕۆكراوەی نێو ڕاگەیاندنی یەكێتی نییە، ئەوە با مەترووك بێ بۆ دواین لایڤی كاك ئارام ئەحمەد، كە تاریفێکی پڕ بەپێستی صالحی سەردەمی بەعس و سترانی زەمانی ئەمڕۆی كردوە!
كێشەی ستران+صال-ح و حیزبەكەی ئەوەیە سووكایەتی بە ئەقڵی خەڵك دەكەن و، لەیەك كاتدا، لەناڵ و بزمار دەدەن، نازانن خەڵك لەوە هۆشیارترن، بەچاوەشەکاریی ئەوان بگەوجێن. ستران دەڵێت: حوكمڕانی بێ یەكێتی ناكرێت،
بەڵێ دیموكراسییەكەی یەكێتی بەو مەرجەیە، شاعیر گوللەباران بكات، ڕۆژنامەنووس تیرۆر بكات، وڵاتەكەی ڕادەستی دوژمنان بكات، بەپاڵپشتی دەزگە هەواڵگرییەكانی وڵاتانی داگیركەر و دوژمنانی كورد و ، دیزاینی هەڵبژاردن بكات، ئینجا دەنگ ساختە بكات و لە مەعمەلی ئەلبیسەكە سندووقەكان تەزویر بكات. هەڵبژاردن بە ئارەزووی خۆی بێت، بەم چەشنە هەڵبژاردن و دیموكراسی قبووڵە، ئەگینا تێكی دەدات.
یەكێتی و دیموكراسی و حوشتر و قاپ قاپ.. لەكوێی دنیا هەبوو، دیموكراسیەت بەتاپۆی خۆت بزانیت، كەچی لەسەر هەواڵێك ڕۆژنامەنووس كەلەپچە بكەیت و بیبەیتە ئاسایش و ئیهانەی بكەیت؟ لەولایشەوە لافی دیموكراسیبوون لێ بدەیت؟
ئێمە دەپرسین: بەجیدی یەكێتی پیاوێكی ژیری تێدا نییە ئەم بەڕێزە بێدەنگ بكات، تاكوو نەبێتە هۆی ئەوەی لاپەڕە ڕەشەكانی یەكێتی و پێشێلكارییەكانی بەرانبەر دیموكراسیەت باس بكەین؟
یەكێتی دیموكراسیەتی وەكوو تەیرەكەی مەلای مەشهوور قبووڵە، قاچ و باڵەكانی ببڕێت و، كە زانی خەڵكی تەنها دەمی ماوە ناڕەزایی دەرببڕێت، ئەوجا دەندووكی تەیرەكەش ببڕیت و بڵێت ئێستا ماقووڵیت!