دوای ٢١ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێم ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکراوە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نرا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سبەی ٩ی نیسان یادی بیست و یەک ساڵەی ڕزگاربوونی عێراقە لەدەستی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر. ڕژێمێک کە بە دەستی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و بە هاوکاری پێشمەرگە رووخا و بووە مایەی دڵخۆشی و ئومێدی عێراقییەکان بە گشتی و کورد بە تایبەتی، بەڵام هەرگیز ئەو چاوەڕوانییەی لە عێراقی نوێی فیدراڵی هەبووە بەدی نەهاتووە و ستەم و نەهامەتی لە ڕەنگێکی تردا بەردەوامە و ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکراوە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نرا.

پێش ئەوەی ڕژێمەکە بڕووخێنرێت هەرێمی کوردستان جۆرێک سەربەخۆیی هەبوو و بە هەموو کەموکورتییەکانەوە لە ئارامیدا دەژیا و لە ژێر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان ڕێکخستبوو. هەرێمی کوردستان تەنانەت بە جۆرێک دراو مامەڵەی دەکرد و ژیانی پێ هەڵدەسووڕاند کە لە شوێنەکانی دیکەی عێراق کار بە جۆرێکی تری دراو دەکرا.
تا سالی ٢٠٠٣ تاکە لایەن و هێزی ڕێکخراو لە عێراق پێشمەرگە بوو و تاکە ئیدارەیەکیش کە تا ئاستێکی بەرچاو لە دیموکراسی و پێدانی ئازادییەکان گەشەی سەندبوو هەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. کورد بەو تێڕوانینەی کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵی مافەکانی خۆی بە تەواوی دەستەبەر بکات، چووە بەغدا و هەر لە بەغدا هەموو هەوڵێکی دا دستوورێکی هەمیشەیی بۆ عێراقییەکان بنووسێتەوە و پاشان لەسەر بنەمای ئەم دەستوورە مافی خۆی و پێکهاتەکانی تریش دەستەبەر بکات.
دەستوورەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ بە دەنگی زۆرینەی بەرچاوی عێراقییەکان پەسند کرا بەڵام تا ئەم ساتە دەستوور جێبەجێ نەکراوە و تەنانەت ئەوانەی چاویان بە هەندێک دەستکەوتی وەک گەشانەوەی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت کار بۆ ئەوە دەکەن دەستوور لە بەهاکانی بەتاڵ بکەنەوە و بیر لە گۆڕینی دەستوور لە قازانجی خۆیاندا دەکەنەوە.
لە ساڵانی یەکەمیدا عێراق بە دۆخێکی نالەباردا تێپەڕی چونکە تیرۆر و ململانیی ناوخۆیی لە لایەک و کێشەکانی نیوان شیعە و سوننە لە لایەکی تر و پرسی سڕینەوەی شوێنەواری بەعس وای لە عێراق کرد هاوشێوەی هەرێمی کوردستان گەشە نەکات.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس سەرکردایەتی سیاسیی کورد دەیتوانی لە چوارچێوەی ڕیفراندۆم یان هەر داخوازییەکی تردا داوای سەربەخۆیی بکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زیاتر نازی دەکێشا بەهۆی ئەو ستەمانەی لە ڕابردوودا لێی کرابوو و بەهۆی ئەو ڕۆڵەش کە لە ڕزگارکردنی عێراقدا گێڕای ڕێز لە داواکارییەکانی دەگیرا، بەڵام سەرکردەکانی کورد بۆیە سیستمی فیدراڵییان هەڵبژارد تا پشکی خۆی لە داهاتی گشتی عێراق وەربگرێت و ئەو مافانەش بەدەست بهێنێتەوە کە لە ڕابردوودا لێی ستێنرابوون. کورد هیواخواز بوو حکوومەتی نوێ قەرەبووی ئەو زیان و نەهامەتیانە بکاتەوە کە دەیان ساڵ بوو لە دژی جێبەجێ دەکرا، کورد چاوەڕوان بوو قەرەبووی ئەنفال و کیمیاباران و هەزاران گوندی ڕووخاو و تێکچوونی ژێرخانە ئابوورییەکەی بکرێتەوە بەڵام دوای بیست و یەک ساڵ حکوومەتی عێراق خۆی لەو بەرپرسیارێتییە دزیوەتەوە.
لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە لە نێوان هەریمی کورستان و بەغدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە پرسی مادەی سەد و چلە کە ئێستەشی لەگەڵدا بێت جێبەجێ نەکراوە. لە ساڵی ٢٠١٣ هەرێمی کوردستان لە گەشەی ئابووری. ودیموکراسی و ئاوەدانکردنەوە گەیشتە لووتکە و وەک ئەوەی چاوی عێراقییەکان بەو گەشەیە هەڵنەهاتبێت لە ساڵی ٢٠١٤ ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەقینەوە و بڕینی پشکی دارایی هەرێمی کوردستانی بەدواداهات، دواتر داعش سەری هەڵدا و دۆخەکەی هێندەی تر شپرزە کرد.
کورد لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو بڕیارەی دا کە دەبوایە هەر دوای ڕزگاربوونی عێراق دابای و بە هەنگاونانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەمامکی لە ڕووی زۆربەی سەرکردەکانی شیعە و سوننەی عێراق هەڵماڵی و خراپتر لە سەردەمی بەعس پەلاماری کوردیان دا و درێژەیان بە سیاسەتی تەعریب و جینۆساید کرد.
ئەو کات کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو جاریکیان بە ئاشکرا گوتی کورد دەگەڕێنینەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ١٩٩١ و ئەمەش بە واتای حاشاکردن لە نەتەوەیەک دەهات کە عێراقی نوێ لە سەر شانی ئەو دامەزرابوو.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق بریتی بوو لە چەسپاندنی دیموکراسی لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی بەڵام عێراق دوای بیست و یەک ساڵ تەنیا یەک هەرێمی فیدراڵی هەیە و بەرانبەر ئەم هەرێمەش حکوومەتی عێراق مافە فیدراڵییەکانی جێبەجێ نەکردووە و هێشتا سنوورێکی دیاریکراو بۆ ئەو هەرێمە دەستنیشان نەکراوە. دوای بیست و یەک ساڵ هێشتا دادگای باڵای دەستووری نییە و دادگایەکی بەناو فیدراڵی دامەزراوە کە لە جیاتی پاراستنی دەستوو و جێبەجێکردنی دەستوور بووەتە ئەلترناتیڤی دەستوور و بە حەزی خۆی دژی کورد و بەرژەوەندییەکانی بڕیار دەدات.
عێراق لە دۆخێکی خراپدایە و زاڵبوونی هەژموونی میلیشیاکان و هێزی دەرەکی، بێکاری، هەژاری، پەرەسەندنی مادەی هۆشبەر، تیرۆر و چەندین نەهامەتی و دیاردەی تر وایکردووە بەشێک لە خەڵکی عێراق نائومێد بن. تاکە شوێنی ئاوەدانی عێراق هەرێمی کوردستانە بەڵام لەمپەر و کێشەی بۆ دروست دەکرێت، ڕۆژێک ڕێ لە فرۆشتنی نەوتەکەی ناگیرێت و ڕۆژێکی تر مووچەکەی پێ بە ڕەوا نابینرێت، ڕۆژێک بە سوپا و حەشدی شەعبی پەلامار دەدرێت و ڕۆژێکی تر بیانووی لێ دەگرێت.
باشتربوونی دۆخی عێراق بەوە گرێ دراوە لە جیاتی زاڵبوونی هەژموونی میلیشیاکان و هێزی دەرەکی و گەندەڵیی و تیرۆر، دەستووری هەمیشەیی زاڵ بکرێت و بە جێبەجێکردنی برگە بە بڕگەی دەستوورەکە خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی عێراقییەکان بەدی بهێنرێت.

ھەواڵی زیاتر