پێداچوونەوەی زمانەوانی و هەڵەچن

کاوە شێخ سەلام

لەکاتێکدا سەدان ڕێکخراوی بەناو وێژەیی و یەکێتی نووسەرانی کورد و ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و سایتەکان بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی هەن، بەڵام ئەمساڵیش ٢/٢١ وەک ساڵانی پێشوو، ڕۆژی زمانی دایک بەبێ بەستنی کۆڕێک یان کۆنفراسێکی فراوانی زمانەوانان تێپەڕی و کۆدەنگییەک لەسەر ڕێچکە نوێیەکانی زمان درووست نەکرا، تا بەرچاوڕوونیی بدەن بە نووسەران و ڕایەڵەیەک بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی یەکگرتووی کوردی بکەن.
ئەم ساڵانەی دووایی کتێبگەلێکی زۆر بڵاودەکرێنەوە و لەناویشیاندا کتێبی وێژەیی و بەتایبەتی هۆزان پشکی شێری بەرکەوتووە، هەربۆیە هەست بە نەبوون و ونبوونی ئەو ژانرە باڵایەی وێژە دەکەین و چەند دەگەڕێین هۆزانێکی شایانمان بەرچاو ناکەوێت.
ئەم پێشەکییە پاڵنەری نووسینەکەی من نییە و ئەوەی دەمەوێت شتێکی لەسەر بڵێم ناونیشانی بابەتەکەمە.
هەندێک نووسەر، کەس بەشیاوی ئەوە نازانن دەقەکانیانی پیشانبدەن و داوای لێبکەن پێداچوونەوەیەکیان بۆبکات و هەڵە واتایی و ئیملایی و ڕێزمانیی و زمانەوانیەکانیان بۆ دیاریبکات یان چارەسەری بکات کە زۆربەی ئەو جۆرە پەڕتووکانە لە ناونیشانی بەرگەوە بەهەڵە نووسراون و لەباتی ڕێزگرتن لەزمان هەڵە پەخش ئەکەن و سووکایەتی پێدەکەن.
بەداخەوە چونکە چەند پەڕتووک یان بابەتێکی لەسەر زمانەکەی خۆی نەخوێندووەتەوە و شارەزایی پەیدا نەکردووە و لەبوون بە نووسەر پەلەیکردووە بۆیە لە پەڕەکاندا هێندەی بەر ژەهر دەکەوین بەر چێژی هەنگوین ناکەوین و ئەو جۆرە نووسەرە نەک هەر پەیامەکەی خۆیان ناگەیەنن بەڵکو تاقەتی خوێنەریش بەجۆرێک دەبەن کە لەپەڕەیەکدا بووەستێت و توانای هەڵدانەوەی پەڕەی دوواتری نەبێت.
زۆربەی ئەوکتێبانەی تریش کە دەردەچن وەکو نەریت پێڕستێک سەبارەت بە پەڕتووکەکە لە پشتی لاپەڕەی یەکەم هەیە و لەڕێزبەندیەکەدا خاڵێک بۆ هەڵەچن یان پێداچوونەوەی زمانەوانی یان تەنیا زمانەوانی دیاریکراوە و لەبەرامبەریشیدا ناوێک نووسراوە.
بەڵام کاتێک دەچینە ناو وشە و ڕستەی دەقەکانەوە دەبینین یان ئەو ناوە خەیاڵییە و ڕاست نییە یان نووسەرە سەرەکییەکە بۆ ڕێونیی، تا خۆی لارەخواری لای نووسەرێکی شایان و شارەزا نەکات، ڕەشنووسەکەی داوە بەکەسێکی ناشارەزا لە زمان و ئەوەش بووە بەهۆکاری بڵاوبوونەوەی هەڵە زمانەوانیەکان.
ئەوەی جێی نیگەرانییە خەڵکانی ئاسایی کاتێک بیانەوێت بەدوای وشەیەکدا بگەڕێن پەنا بە پەڕتووکەکان دەبەن و هەمان هەڵە دەگوێزنەوە بۆ ناو نووسینەکانیان، چونکە پێشبینی ناکەن کە نووسەرێکی خاوەن پەڕتووک و بەتایبەتی هۆزانڤان ڕەچاوی زمانی نەکردبێت و بەهەڵە وشەکانی چاپکردبێت.
زمانەوانی شارەزا کاتێک ڕەشنووسێکی دێتە بەردەست، واباشە ڕەچاوی چوار هەنگاو بکات و بۆ ئەومەبەستەش پێشنیاز دەکەم، چوارجار کۆی بەرهەمەکە بخوێنێتەوە.
جاری یەکەم بۆ پاکنووسیی و ڕۆچوونە ناو ڕەگی وشەکان بۆ دۆزینەوەی وشەی بێگانە و دانانی وشەی کوردیی ڕەسەن لەشوێنیان، یان ئاگادارکردنەوەی نووسەر لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەتایبەتیی لە ژانری هۆزان.
جاری دووهەم بۆ دۆزینەوەی هەڵە زمانەوانییەکان وەک داڕشتنی دەستەواژەکان و دیاریکردنی شوێنی خاڵ و فاریزە و سەرسوڕمان و پرسیار و ساغکردنەوە و ڕاستکردنەوەی وشە کەرت و پەرت و قرتاوەکان و وردبوونەوە لە شێوازی درووستی بەکارهێنانی زمان.
سێیەمجار دەبێت هەڵە ڕێزمانییەکانی دەق دیاریبکات و ڕەچاوی شوێنی بکەر و کار و ناو و ئاوەڵناو و فەرمان و ئاوەڵفەرمان و گوزارە بکات و ڕێنەدات هەڵە ڕێزمانیەکان تێبپەڕن و لەوبارەیەوە ڕێنووێنی نووسەر بکات .
چوارەمجار بۆ دۆزینەوەی هەڵەکانی نووسین و هەڵەی ئیملایی و بەکارهێنانی یەک واو و دوو واو و یەک ی و دوو یی و جیاکردنەوەی و ی پەیوەندی لەنێوان وشەکانداو جیاکردنەوەی وشەکان و لێکدانیان بەپێی ڕێنماییە نوێیەکانی شارەزایان و نووسینی وشەکان بەپێی شێوازی دەربڕینیان.
بۆیە ڕاستە کە بەوجۆرە نووسرانە دەگوترێت هەدەردەری پەڕە، نەک نووسەر و پارێزەری زمانی نەتەوە، بۆیە ئێستا پەڕتووکەکان دەبەخشرێن و زۆربەی وەرگران لەسەر ڕەفەکان دایاندەنێن و نایانخوێننەوە.

ھەواڵی زیاتر