هاودەنگ فاروق
دوێنێ لە هۆتێل چوارچرا، بە لوتفخۆشی و ئاخاوتنێكی ڕاستبێژانەوە، شاعیرو ڕۆژنامەنووس محەممەدی حاجی قادر، كە من لەوەتەی ناسیومە هەر بە مام سەید ناوی دێنم، باسی ناوەرۆكی كتێبە تازەكەی بۆ كردین و، خەیاڵی بردینەوە بیرەوەرییە پڕەكانی ڕۆژگاری نێو هەوراز و نشێوی بەردەڵانی خەباتی سەختی سیاسی و سەردەمی پاكی و خۆنەویستیی پێشمەرگایەتی و ڕێكخستنە نهێنییەكان و ئازاری ئازادیکوژی کونجی زیندانەكانی بەعس..
نووسەر بە زمانێكی پاک و پاراوەوە، بە خەندە و پرمەی گریان و بە ویژدانێکی پڕ ئازارەوە، بۆ ڕۆژگارە تاڵ و شیرینەكانی خەباتی شاخی بردینەوە…
كتێبەكەی برا و هاوڕێی خۆشەویست و بەئەمەكم، مام سەید كە گەورەییی نواند لە “ڕۆژنامەی هەولێر” بەم دیارییە بەنرخەوە بەسەری كردمەوە، دوێنێش لە ئێوارەكۆڕێكی ئازیزانەی خەیاڵ جوان و دڵنشیندا، كرۆكی كتێبەكەی پێ ناساندنین. دنیایەك دڵخۆشی كردم، كە زۆر ئاگا و بە دیقەتی ڕۆژنامەنووسانیانەوە، دیوی ژوورەوەی ڕووداوەكانی بەو پەڕی ویژدان و ڕاستگۆیی و بەرپرسانەوە بۆ گێڕاینەوە، مام سەید لە كتێبەكەیدا، بە فرمێسكی پاك و بەرائەتەوە باس لە شكۆی شەهید و لە ناویشیاندا شەهید هەڵمەتی برای دەكات، سپرایزێكی هونەرمەندانەشی پێشكەش كردین ئەویش حزوری كچی شەهید هەڵمەت بوو، دكتۆرە ئارەزو هەڵمەت كە خۆشبەختانە ئێستا دكتۆرێكی هەڵكەوتووی ژیرو كارزان و پێگەیشتووی پسپۆری چارەسەری ددانە، ئەمەش بەنرخترین سەرمایەی باوكی شەهیدو مامیێتی.
لە ناوەڕۆكی كتێبەكەدا شەهید هەڵمەت كارەكتەری سەرەكیی هێڵی درامی دەقی بیرەوەرییەكانە، كە دیارە هێشتایش بەسەر هەست و سۆزو بیرۆكەی سەید محەممەد هەم كاریگەریی زۆری ماوە، هەمیش بوووتە داخێكی نەبڕاوەی گران لە ناخ و دڵ و دەروونیدا.
نووسەر، باسی هەقیقەتی مێژوویەكی نێزیك دەكات، باسی شۆڕشێك لەناو دەفتەری یاد و یادەوەریی شەهیدێك دەكات كە دنیاییەك خەون و ئومێدی مەزنی بە گەردنی خەبات و شۆڕش و كوردایەتییەوە گرێدابوو، نەفەسی نووسین و خەیاڵ و فەنتازیای كتێبەكەی محەممەدی حاجی قادر، لە نیەتپاكی و ئامانەت و ڕاستگۆیی و نووسینەوەی ڕۆژگاری پڕ بەردەڵانی مێژووی شۆڕشەوە، لەدایك بووە، لە فكر و دڵێكی بەریئی پاكژ شین بووە .
لە ڕاستیدا هێندەی ئەو هاوفێیەی خۆم ناسیبێ، دەیڵێمەوە، سەید محەممەد، ناوێكە ڕاستگۆ و بەڕوانگای خۆیی و ڕوون و ڕاشكاوە، لێرەشدا هەقیقەتی مێژوویەك بە دڵێکی پاك و قەڵەمێکی جوان و دەست و نیەتی ڕاستگۆیی خۆی دەگێڕێتەوە. بۆیە هەمیشە سیاسەت و پێشمەرگە و شەهیدەكان لە سۆنگەی شیعر و ئەدەب و هونەری جوانەوە دەبینێ، دەستخۆشیی لێ دەكەم، بەژنی دارچنار و عومری چیای سەفین بێت..