سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە هەولێر پاركێك و یاریگه‌یەکى یاریی منداڵان دروست دەکرێن

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی له‌ شاندێكى “ڕێکخراوى یەکتر قبوڵکردنی کۆریاى باشوور” كرد.

لە دیداره‌کەدا، پارێزگاری هه‌ولێر وێرای به‌خێرهێنانیان، تیشکى خستەسەر یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە ژیان لە هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بەوەدا پێکەوە ژیانى ئاینى و نەتەوەیی و مەزهەبى و یەکتر قەبوڵکردن وایکردووە هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتی ببێتە نمونەیەکى باڵا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکە.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ له‌ باره‌ی ئه‌نجامدانی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاریی کرا و لەمبارەیەشەوە شاندى میوان ئامانجى خۆیان لە سەردانەکەیان خستەڕوو کە ئەویش پڕۆژەى دروستكردنی پاركێك و یاریگه‌یەکى یاریی منداڵانە لە هەولێرى پایتەخت، لەو بارەیەشەوە پارێزگاری هه‌ولێر، وێڕاى دەست خۆشى، هەموو پاڵپشتى و هاریکارى و ئاسانکارییەکى پارێزگاى هەولێرى بۆ ئەنجامدانى پڕۆژەکەیان نیشاندا.
لەکۆتایشدا، شاندى میوان زۆر سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پێشوازییەکەى و سەرسامى خۆیان نیشاندا بەو کەشە ئارامە و پێکەوە ژیانە ئایین و نەتەوەیی و یەکتر قبوڵکردنەى لە هەرێمى کوردستاندا بەرقەرارە.