چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەد ساڵ بكەی بێگانە پەرستی دوایی هەر دەیهێنی نووشووستی

بەكر كەریم حەسەن

(تشی گیڤارا) پزیشك ونوسەر و شۆرشگێری كوبی دەڵێ:” لام گرنگ نییە لە كام شوێن لە چ كات دەمرم، بە قەدەر ئەوەی لام گرنگە نیشتمانەكەم بمێنێ‌
نیشتمان ئەو پارچە خاكەیە ئەو پارچە زەوییەیە كە هەموو مرۆڤەكان لە سەری دەژین و بۆتە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانیان و بە ماڵ و شەرەف و سەروەت و ناونیشان دادەنرێت.
خۆشەویستی نیشتمان عەشقێكی ئەبەدەییە و كۆتایی نایەت و بەردەوامە، خۆشەویستی نیشتمان هەستێكی شاراوەیە و لە دڵ و دەروونی هەر یەكێك دایە دووربێت لە نیشتمان یان نزیك، ئەو هەستە خۆڕسكە لەگەڵ گەورە بوونی تەمەن گەورەتر دەبێت، ئەو خۆشەویستییە لە باب و باپیرانەوە نەوە دوای نەوە تێ پەریوە و لە دڵ و دەروونمان جێگیر بووە، بێ شك خۆشەویستی نیشتمان ئەركێكی ڕەوشتی و ئاینی و شەرعی و یاساییە و پەیوەندی بە پاراستنی ئەمانەت و وەفادری و ڕەوشت و مەردایەتی و ڕەسەنایەتی هەیە، كە لە نیشتمان لە دایك دەبین و هەناسە دەدەین و لە خێرو بێری ئەو نیشتمانە بەشدارین و هەست بە ئاسودەیی و گەورەبوونی و هەڵگرتنی خەون و ئاواتەكانمان دەكەین.
لە چیرۆكی پێغەمبەری پیرۆزمان (د.خ.) کە كاریگەری زۆری هەبووە لە سەر خۆشویستنی زۆری بۆ مەككە سەڕەڕای ئەو ئازارە زۆرەی لەلایەن خەڵكەكەی بینی، بەڵام باشترین گەیاندنمانی فێركرد كە لە مەككە دەرچوو بەرامبەری ڕاوەستاو فەرمووی” باشە ئەوە چیە كە لە هەموو وڵاتێك میهرەبانە!! من تۆم خۆش دەوێت و ئەگەر گەلەكەم نەبوایە كە منیان دەركرد، من بێ تۆ نە دەژیام”، بێگومان فەرموودەیەكی ڕاستەقینەیە و ئاماژە بە وابەستەی پێغەمبەری پیرۆزمان (د.خ.) دەكات بە نیشتمان و خۆشەویستی قوولی ئەو كە لێی لە دایك بووە و تێیدا گەورە بووە، دواتریش لە بەر خودا دەپاڕێتەوە دەفەرمووێ” خودایە مەدینەمان لا خۆشەویست بكە هەروەكو خۆشەویستیمان بۆ مەككە”. سەرەڕای ئازاردان و دەركردنی خەڵكەكەی و، بەڵام مەككە هەر لە دڵی پێغەمبەرمان (د.خ.) بە خۆشەویستی و بە زیندوویی مایەوە. =
خۆشەویستی بۆ نیشتمان نابێ هەر هەستێك بێ و لە دڵ و دەروون و سینە قەتیس بكرێ، پێویستە بگۆڕدرێ بۆ قسە و كردار و ڕەفتار بۆ ڕاستی و دروستی و ڕاستبینی، نیشتمان ئەركی لە سەرمانە و دەبێ بیپارێزین و قەرزاری ئەو نیشتمانەین و خاوەندارییەتی نیشتمان بۆ هەموو تاكەكان دەگەرێتەوە، دەبێ لە سەر نیشتمان بێنە وەڵام و پارێزگاری لێ بكەین وەك چۆن پارێزگاری لە شەرەف و خێزان و دایك و باوك و خۆشەویستانمان دەكەین و هیچ قسەیەكی خراپ نابێ لە سەر نیشتمان قبول بكەین، مامۆستاكان پێویستە لە قوتابخانەكان قوتابییە ئازیزەكان لە سەر خۆشەویستی نیشتمان پەروەردە بكەن و هەرگیزا و هەرگیز سازش و مساوەمە لە سەر خاكی كوردستان و نیشتمان نەكەن كە گەورە بن كەسی بەهێز و پتەوی وەك شاخیان لێ بەرهەم بێت، نەك كەسی لاواز و دەستەمۆ و بێ هەڵوێست، هەردەم شانازی بە نیشتمان بكەن و دەستبەرداری مافەنەتەوایەتی و نیشتمانیەكان نەبن هەر جۆرێك بێت، چونكە ناسنامە و سەبەرزی و شكۆمەندی هەر تاكێك بە نیشتمانەكەیەتی و بە هەڵوێستە نەتەوایەتی و نیشتمانیەكانیەتی، خۆشەبەختی و بەختەوەری مرۆڤ ئەو كاتە زیاتر دەبێت و ئاسودەتر دەبێت كە زیاتر نیشتمانەكەی لا خۆشەویست بێت و ئینتیمای بۆ نیشتمان زیاتر بێت، وە ئەوەی ئینتیمای بۆ نیشتمان زیاترە ئەویش زیاتر شایستەی خێروبێری ئەو نیشتمانەیە و مانەوەیەتی لە سەر ئەو خاكە، چونكە خاكەكەی زۆر پیرۆزە.
وتارەكەم بەو چیرۆكە كۆتایی پێ دەهێنم لە نێوان ساڵەكانی (1869-1821)زاینی ئیمپراتۆری فەرەنسا(ناپلیۆن پۆناپرت) لە چەندەها شەڕ دا توانی دەست بەسەر ناوچەی زۆری ئەوروپا دا بگرێ لە شەڕی نەمسادا سەركەوتوو نەبوو بەهۆی زۆری و چڕی شاخەكان و سەختی ناوچەكە، سوپاكەی ناپلیۆن شكا بەرامبەر سوپای نەمسا لە شەڕی (ئاسبرن) ئەوەلایان زۆر ناخۆش بوو، دواتر لە ڕێگای خائینێكی نەمساوی كە لە قاچاخچیەتی كاری دەكرد چاوساغی بۆ كردن و زانیاری لەسەر شوێن و ناوچە و سوپای نەمسا بۆ هێنان ڕێگای چوونە ژوورەوەی بۆ سوپاسی فەرەنسا ئاسان كرد، لە بەرامبەر بڕێك پارە، كاتێك ناپلیۆن لەو شەڕەدا سەركەوت بە یارمەتی ئەو زانیاریانە، خائینەكە ویستی تەوقە لەگەڵ ناپلیۆن بكات، بەڵام ناپلیۆن ڕەتی كردەوە تەوقەی لەگەڵ بكات و كیسەیەك پارەی بۆ تێ هەڵدا گوتی” دەستی ئیمپراتۆر ناخەمە ناو دەستی خائینێك” سەربازەكانی سەریان سوڕما لەو هەڵسوكەتە و ئیمپراتۆر پێیانی گوت” ئەوەی خیانەت لە نیشتمانەكەی دەكات وەكو ئەوە وایە دزی لە ماڵی باوكی بكات و بیداتە دووژمن و دزەكان نە باوكی لێی خۆش دەبێت، نە دوژمن و دزەكانیش سوپاسی دەكەن.
هەمیشە كەسە بەكرێگراو و خۆفرۆشەكان هەموو تەمەنیان تەرخان دەكەن بۆ خزمەت كردنی دوژمن و بێگانە و فرچكیان پێگرتووە و هەموو كات لەگەڵ دوژمن هاو ئاواز تەبان و لەیەك سەنگەرن و دژی بەرژەوەندییە نەتەوایەتی و نیشتمانیەكان دەوەستن، لە كۆتاییدا تەنها ڕیسوا بوون و شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە و ناویان دەچێتە زبڵدانی مێژوو، چونكە دوژمن و بێگانە هەردەم نایەوێ كەس پێش بكەوێت جگە لە خۆیان .

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی