وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشكرای كرد كە لە نزیكترین كاتدا بڕیارەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ پێنجشەم رایگەیاند: سەبارەت بە میكانیزمی دابەشكردنی زەوی، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرجەم سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كۆ دەبینەوە و ڕێنماییان پێ دەدەین سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند:هەر كەسێك كە مووچەخۆر و فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت جا لە ڕاژەی مەدەنی یان سەربازی بێت، لە بڕیاری وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت.
ساسان عەونی گوتیشی: لە كاتی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتییە شارەوانییەكان حیساب بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژیش دەكرێت و بنەمای دادپەروەری رەچاو دەكرێت بە ئامانجی خزمەتكردنی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بەو زەوییانەش كە بۆ دابەشكردن بەسەر مووچەخۆران تەرخان دەكرێت، وەزیری شارەوانی گوتی كە رووبەڕی سەوزایی و فراوانیی شەقام و شوێنی خزمەتگوزاری گشتی لەبەرچاو دەگیرێت.
لە كۆتاییدا جەختیشی كردەوە كە بە باشبوونی توانای دارایی، حكوومەتی هەرێم خزمەتگوزاری زیاتریش پێشكەش بە هاووڵاتییان و مووچەخۆران دەكات، یەكێك لە خزمەتگوزارییەكانیش پێشكەشكردنی قەرزی خانووبەرە دەبێت