سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مه‌نسوور بارزانی: له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی هه‌رچی پێویست بێت بۆ زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی دهۆك ئه‌نجامی ده‌ده‌ین

لە ئەنجامی لافاوەكه‌ی ئەمڕۆی بەشێکی گەڕەکەکانی پارێزگای دهۆک، تا ئێسته‌ دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و زیان بەر خانووی بەشێک لە هاووڵاتییانیش کەوتووە، له‌مباره‌یه‌وه‌ فه‌رمانده‌ مه‌نسور بارزانی سه‌ردانی خێزانه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی پارێزگای دهۆكی كرد.

له‌ چوارچێوه‌یی سه‌ردانه‌كه‌یدا فه‌رمانده‌ مه‌نسوور بارزانی به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌سه‌ر فه‌رمانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی هاتووین زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی دهۆك به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ و بزانین چ پێویسته‌ بۆیان بكرێت.

مه‌نسوور بارزانی هه‌روه‌ها به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، لێره‌وه‌ به‌و ماڵباتانه‌ راده‌گه‌یه‌نم، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان بێت و هه‌رچی پێویست بێت بۆ قه‌ره‌بووی زیانه‌ ماڵییه‌كانیان بۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.

لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.