سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگای دهۆك و له‌ هه‌ریر جێبه‌جێ ده‌كرێن

چواس خالید – هەولێر

له‌ شێخان به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی پیشه‌سازی پێشكه‌وتوو به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ چوار ملیار دینار داندرا و به‌گوژمه‌ی حه‌وت سه‌د ملیۆن دیناریش چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك له‌ شارۆچكه‌ی هه‌ریر دروست ده‌كرێت، به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌و سنووره‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

لە ساڵیادی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌زای شێخان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی پیشه‌سازی پێشكه‌وتوو به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ چوار ملیار دینار داندرا.
له‌ كاتی ئاماده‌بوونی، عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك ڕایگه‌یاند، جیا له‌و پڕۆژه‌یه‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ بۆ ته‌رخانكردنی بڕی زیادتر له‌ یازده‌ ملیار و حه‌وت سه‌د ملیۆن دیناری دیكه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌.
هاوكات به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی شه‌ش سه‌د و نه‌وه‌ت و هه‌شت ملیۆن و چوار سه‌د و بیست و هه‌شت هه‌زار دینار، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی چه‌ند كۆڵانێك له‌ سه‌نته‌ری شارۆچكه‌ی هه‌ریر ده‌ستپێده‌كات.
پڕۆژه‌كه‌ چه‌ند كۆڵان و گه‌ڕك له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌ك شه‌قامی فره‌نسۆ هه‌ریری كه‌ ئاو و ئاوه‌ڕۆی بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت و قیرتاو ده‌كرێت و كار ئاسانی بۆ هاووڵاتیان دروست ده‌كات.
پڕۆژه‌ی باتاسی كۆن كه‌ له‌ قۆناغی كۆتایی دایه‌، پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ردوو هه‌ریر له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو ملیار دینار، شۆسته‌ و ناوبه‌ندی شه‌قامه‌ له‌ په‌یكه‌ری عه‌لی هه‌ریری تا كۆتایی گه‌ڕه‌كی هه‌ناره‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌وانه‌ له‌كاتێكدان ڕۆژێك پێشتر و له‌ ١٢ی ئاداری ٢٠٢٤، عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك سه‌ردانی قه‌زای ئاكرێی كرد و به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی ئاكرێوه‌، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ حه‌وت ملیار دینار، به‌ردی بناغه‌ی بۆ پێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ دانا
پارێزگاری دهۆك هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ی بۆمان دروستكراوه‌ و ئه‌و كۆسپانه‌ی دێننه‌ به‌رده‌ممان، له‌ژێر چاودێریی ڕاسته‌وخۆی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاروانی ئاوه‌دانی له‌ سه‌رتاسه‌ری پارێزگای دهۆك به‌رده‌وام ده‌بێت.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ به‌ بیانوی بێ بنه‌ما، له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ کراوە.