چۆن بە عاقڵانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین

سەرۆ قادر

بەشی دووەم

باری ئابووریی وڵات چەند پێشكەوتوو بێت و ژیان ئاسانتر بێت، وە چەند دەرفەتی بەشداری زیاتر بێت، چەند مرۆڤ بتوانێت خەونەكانی خۆی بخاتە سەر پێ لە ناو كۆمەڵگە و بەڕێوە بچێت، هێندە مرۆڤ مێشكی باشتر دەكەوێتە كار كە عەقڵ بەكار بهێنێت. هەمیشە لە مێشكی مرۆڤدا چینێكی سەرەوە هەیە كە لۆجیك لەوێ كار دەكات. مێشكی مرۆڤ سێ چینە، ئەم زەمانە زانست هەموو بوونی ئێمەی دەرخستووە و ئەركەكانیشی دیاری دەكات، چینی سەرەوەی مێشك، چینی وەرگرتنی زانیاری و بەكارخستنی ماشێنی عەقڵە. ماشێنی عەقڵ مرۆڤ بەتوانا دەكات بۆ ئەوەی دونیا وەكوو خۆی ببینێت، بە پێی واقیع بەڕێوە بچێت، وە بتوانێت ئەو واقیعە بە جۆرێك دەستكاری بكات كە لە بەرژەوەندیی مرۆڤدا بێت. ئەوە پێی دەگوترێ وەرگرتن و لێكدانەوەی عەقڵی. ئەها كە یەكێك مل پێوە بنێت و زیان بدات، دەڵێن لێكدانەوەی نییە، ناتوانێت هەڵێنجان بكات. ئەوەش پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە ئاستی بەرزی خوێندەواری لە وڵاتەكەی ئێمە هەیە. مێژووی ئێمەش كاریگەری هەیە، ئەو مێژووەی كە تێیدا دەژین، بێبەشبوونی تێدابێت، وەكوو ئێمەی كورد، حەتمەن كاریگەری لە كەسایەتی و باوەڕەكانی ئێمە دەكات، ئەركمان بۆ زیاد دەكات. هەر بۆیەش لەو شوێنانەی بێبەشی و ستەم لە ژیانی ئەو كەسەدا هەبێت، لە ناو خێزان یان ناوچە، یان مەزهەب و نەتەوە بێت، مرۆڤ ئەركی ئازادیخوازی دەبێتە ئەركێكی زۆر گشتگیر كە هەموویان تێیدا بەشدار دەبن. دەبێ مرۆڤ ئازاد بێت. یەكێك لە بنەما ئەخلاقییەكانی مرۆڤ، ئازادی و ئازادیخوازییە كە لە سروشتەكەیدا هەیە. من كە ئازاد نەبم ناتوانم گەشە بكەم و دەوری خۆم ببینم. وە گەر بمەوێ ئازاد بم، دەبێ باوەڕم بە ئازادیی هەمووان هەبێت، گەرنا سیستەم كار ناكات. یەك كەسی ئازاد بوونی نییە، هەروەكوو چۆن یەك نەفەری دەوڵەمەندمان نییە. دەبێت بازاڕ و سیستەمێكی دەوڵەمەندمان هەبێت تاكوو كەسانی جیاجیا لەوێ كاری خۆیان بكەن. بەم شێوەیە ئێمە باوەڕەكانمان دروست دەبێت.
كەواتە چۆن دەتوانین ئەوە لێكبكەینەوە كە باوەڕی من هەندێك شتی لە باوەڕی تۆ ڕاستترە؟ خۆ ئەوە ئەگەر بە شێوەی كۆن بێت، بە قەتڵوعام و تەكفیر و داگیركردنی یەكتر كە مێژوو بریتییە لەوە، دەكرێ مێژووی مرۆڤ بریتی بێ لە مێژووی داگیركردن و خوێن و ستەمە، هیچی دیكە نییە. كاتێك كە مێژوو دەخوێنینەوە شتێكی ترمان نایەتە بەرچاو. بۆیە مێژووی مرۆڤ مێژووێكی ناخۆشە، تەنیا لە 500 ساڵ لەمەوپێش، لە ساڵی 1500 بەرەو ئەملاوە، كە زانست وردە وردە هاتە ناو ژیانی مرۆڤ، ڕەگێك لە مێژووی مرۆڤ زیاد بووە كە مێژووی گەشەی زانست و فكری مرۆڤە، مێژووی گەشەكردنی عەقڵە، بۆیە لە ڕووی زانستییەوە مێژووی عەقڵ لە مێژووی مرۆڤدا، تەمەنی 500 ساڵە، زۆر نییە.
پێش 500 ساڵ، زۆر بە دەگمەن لە ناو میللەتاندا مرۆڤی عاقڵ دەستدەكەوتن، لە هەموو بواران عاقڵ هەر دەست نەدەكەوتن. هەر بۆیەش هیچ میللەتێك لەگەڵ میللەتێكی دیکە پێكەوە هەڵیان نەدەكرد، هیچ دینێك لەگەڵ ئەوەی دیکە هەڵیان نەدەكرد. هەموو لە هەمووان دەترسان، هیچ عەشیرەتێك لە عەشیرەتەكەی دیکە ئەمین نەبوو. هەر بۆیەش دوژمنایەتیی عەشیرەتەكان، دوژمنایەتیی هاوسێیەكانە، دوور نین لێك، چونكە پەیوەندییان پێكەوە هەیە.
ئێمە ئەگەر ئەوانە ئاوا بزانین، كەی مێژووی عەقڵ دەستپێدەكات؟ كە زانست دێت؛ كەی زانست هات؟ كاتێك كتێب و ماشینی چاپ هاتە كایەوە، ئەزموونەكانی مرۆڤ چاپ دەكران و دەكەوتنە دەستی هەموو كەس وە وردە وردە زانا پەیدا بوون. هەموو مێژووی ئەو 500 ساڵەی مرۆڤایەتی، لەسەر دەستی زیاتر لە 100 كەس نابێت لە ڕۆشنبیران و زانایان پێگەیشتووە، ئەوەی كە ئێستا هەموو مرۆڤایەتی لە سێبەریدا دەژیت؛ هەموو ئەو پێشكەوتن و ڕێكخستنە سیاسی و زانستە سروشتییانە و دروستبوونی دەوڵەتان و پێناسەی مرۆڤ و میللەتان و مەزهەبەكان، ناگاتە 200 ساڵ و كەمترە. ئەوە چ نیشان دەدات؟ كاتێك كە ماشینی چاپ پەیدا بوو، خەڵكێكی زۆر دەیانتوانی بخوێننەوە و بخوێنن، وە عاقڵ زۆر دەبوون، كاتێك كە عاقڵ زۆر بوون، كاروباری مرۆڤ و پەیوەندییەكانی مرۆڤ و پرۆژەكانی مرۆڤ بۆ ئەوەی ئاسوودەتر لەم دونیایە بژی، ئاسانتر دەبوون و واقیعیتر دەبێت، لەوە زیاتر، بواری گۆڕینەوەی بیروڕا لە نێوان مرۆڤەكان دەستپێدەكات؛ چۆن ئێمە بیروڕای خۆمان دەگۆڕینەوە؟
ئەگەر بە یاسای كۆن و كەلەپوور بێت، دەبێ داگیری بكەی و بیكوژی، وەكوو مەغۆلەكان هاتن و چیان دەكرد، وەكوو داعش كە هات و چیان دەكرد، كێ سەركەوت ئەو دەیباتەوە، ئەوە پێیدەگوترێ “یاسای جەنگەڵ و سروشت”، كە بە كەڵكی مرۆڤ نایە. لەم زەمانە كە زانیاری زۆرە، بەو پێیە باوەڕەكانی خۆمان دروست دەكەین، ڕێگەی ئەوەش هەیە كە من چۆن باوەڕەكانی خۆم لەگەڵ تۆ باس بكەم، ئەویش ئەوەیە كە یەكەم؛ پێموایە تۆش وەكوو من توانات هەیە، تۆش وەكوو من مرۆڤی، تۆش هیچت لە من كەمتر نییە. تۆش توانایی خۆت هەیە و منیش توانایی خۆم هەیە. كەواتە دەتوانین ڕێگەی تێگەیاندنی یەكدی بدۆزینەوە. ئەو ڕێگەیە، جاری یەكەم ئەوەیە كە مرۆڤ دێت، بیروباوەڕەكانی بە یەكتر دەڵێت. چەند مرۆڤ بە لۆجیكیتر و هێمنتر باوەڕەكانی خۆی دەربڕێت، هێندە لایەنی بەرانبەر ناچار دەبێت گوێ بگرێت، ئەوە ئامۆژگاری نییە، لە سیستەمی دەماریی مرۆڤدایە. بۆیە دەڵێن منداڵ لە گچكەییەوە كە بتەوێ باشتری پەروەردە بكەی، نابێ تەمبێكردن هەبێت، دەبێ یارمەتیدان و ئازادی هەبێت، دوایی زانیاریپێدان هەبێت، هیچی دیكە نا.
ئێمە لە ژیانی خۆمان لە ماڵ یان قوتابخانە سزا درابین، هیچ كات ئەنجامی باشی نەبووە، ڕادەستبوونە بە زوڵم و زۆرییەك كە من پێی ناوێرم بۆیە سیستەمی دەماریی مرۆڤ دادەخرێت، چونكە لێی فێر نابێت واتا دادەخرێت. زوڵمی خۆت بكە و تێپەڕە. بەڵام ئەگەر گوێگرتن هەبێت، لای منیشەوە كاتێك گوێ دەگرم و فەرموو تۆش قسە بكە.
دووەمیان ئەوەیە كە پێم وابێت ڕاستی تەنیا لای من نییە، لەوانەیە زۆرم خۆ ماندوو كردبێت لە بوارەكەم، هەندێك شتم زیاتر لە لایەنی بەرامبەر هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا (هەقیقەت)ڕاستی وەك دەڵێن وەكوو كریستاڵێك وایە بەربووەتەوە سەر زەوی، بە ئەندازەی مرۆڤەكانی سەرزەوی پارچەپارچە بووە و هەر پارچەی لای یەكێكە، بۆیە دەڵین عەقڵێكی دەستەیی هەمیشە عەقڵێكە كە كێشەكان زوو چارەسەر دەكات. لەوانەیە یەك دوو سێ ڕابەری فكری هەبن كە پتر خۆیان ماندوو كردووە و ئەنجامیان زیاتر لا هەیە. ئەوی دیكە ئەوەیە كە تۆ كاتێك گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دەكەی، چەند متمانەی پێ دەدەی كە تۆ نهێنیەكانی ئەو دەپارێزی، چەندە زانیاریی گۆڕینەوەكەت بۆ لەناوبردنی ئەو نییە، كە بوو بە هاوبیر تۆ و وەكوو تۆ حەقیقەتەكەی هەست پێ كرد، تۆ نایچەوسێنییەوە، نایخەیە بن دەستی خۆت، بەڵكوو هاوكاریی دەكەی، دەبنە هاوكار هەریەك بە توانای خۆی.
ئەوی تریان كە ئەزموون كراوە ئەوەیە كاتێك كە من گوێ دەگرم لە لایەنی بەرامبەرم، ئەوەیە كە لە دەموچاوم و هەڵسووكەوتم و ڕەفتارم بێمنەتی و خۆبەزۆرزانی و گاڵتەپێكردن و دەسەڵاتخوازی نەبێت، كە هەبوو لایەنی بەرامبەر زوو كۆتایی بە گفتوگۆی خۆی دێنێت و ڕێگەی تر دەگرێتە بەر. زۆر جار هەیە كە ئێمە كاتێ گفتوگۆ بەیەكەوە دەكەین، لە هۆڵێك یان دوو كەس پێكەوە، كە ناكۆكین لەبەر ئەوەی لێك جیاوازین، هاوڕێییەتی ئێمە لە كاتی دەربڕینی جیاوازییەكانمان لە دەموچاومان دەردەكەوێت، لە وشە و جووڵەی دەمووچاو دەردەكەوێ، لە دەستجوڵاندن و لەشجوڵاندن و تۆنی دەنگ دەردەكەوێ، كە پێی دەگوترێت زمانی جەستە.
ئەوانە پەیامی حەقیقیی مرۆڤن كە بەرامبەر تێبگات كەسەكە زۆر ڕاستگۆیە، هەتا ئەگەر باوەڕەكەی زۆریش ڕاست نەبێت. ئەو پرۆسەیە دەگاتە ئەوەی كە مرۆڤ جاری وایە پرسیار لە یەكدی دەكات، دەكەوێتە قۆناغی باڵا كە فكری یەكتر شارەزا بوون، پرسیاری وا دەكەن كە یەكتر ببەستێتەوە و بۆ دوژمنایەتی نەبن، من پرسیاری ئەوتۆ كە لە بەرامبەر بكەم كە پێموابێ لۆجیكی ئەو كەسە بۆ باسكردنی ئەو باسە دەخەمە ناو چاڵ، دەیخەمە ناو ئاستەنگ، پرسیارەكەم دەبێ پرسیار بێت، نابێت فشار و ئیستفزاز بێت، ئەگەر من توانایی پرسیاری لۆجیكیم هەبێت، لایەنی بەرامبەر ناچار دەبێت ڕادەستی مەنتیق و عەقڵ بێت، ئەگەر كەموكوڕی لە باوەڕەكانی خۆیدا هەبێت وردە وردە بەخۆیدا دەچێتەوە، وە ئەگەر لە مندا كەموكوڕی هەبێ، دەبێ هەمان لۆجیك بەرامبەر خۆم هەبێت و ئاوێنەكە بەرامبەر خۆشم ڕابگرم. ئەوە ئەو پرۆسەیە كە لە ناو كۆمەڵگەیەكدا متمانە دروست دەكات و بیروباوەڕ دەگۆڕێتەوە، كەس لە یەكدی ناترسێت، چونكە كاتێك پرۆسەی دروستكردنی بیروباوەڕ بوو بە هەڕەشە لەسەر یەكدی، گوێ لە یەكتر ناگرن، وە ئەنجامەكە ئەوە دەبیت سنوور دروست دەبێت، پەلاماری یەكتردان دروست دەبێت. لە ناو میللەتێكدا پەرتوبڵاوی دروست دەبێت، دابەشبوون دروست دەبێت، كە لە ناو كورداندا ئەوە بوو بە 33 ساڵ، ئەم چیرۆكە لەكۆڵمان نابێتەوە، چونكە بە هاتوهاوار گفتوگۆی یەكدی دەكەن، هەتا لە بچووكترین شتی ماڵەوەش. من دڵنیام بە هاتوهاوار لەسەر ئاستی سەرەوەی سیاسییش قسە لەگەڵ یەكتر دەكەن. هەموومان لە سیاسەتدا ژیاوین، بە هەڕەشە لە گفتوگۆدا بەشدار دەبن، لە كاتێكدا هەر كاتێك كە لایەنێك بتوانێت هێزی لۆجیكی خۆی بە لایەنی بەرامبەر بگەیەنێت، گەورەترین هێز بەدەستدەهێنێت، چونكە ئەویش(بەرامبەر- ئەویتر) دەکاتە بەشێك لە پرۆژە و باوەڕی خۆی. ئەسڵەن حزب كە دروست دەبن لەسەر بنەمای ئەوەیە، ئەو پرۆسەیە بێ ئەوەی كە من گوتم دابەشكاری كرابێت، لە ژیانی هەمووماندا دەستپێدەكات، ئەوانەی كە هەڵگری بیروباوەڕی دیاریكراون، پێیان دەگوترێ “ڕابەری فكری”، ئەوانەن كە كۆڕ و كۆمەڵەكان دروست دەكەن، حزب و بزووتنەوەكان دروست دەكەن، لەوانەدا هەیە كە پێشەنگی دروست دەبێت بۆ تێكۆشان. بۆ نموونە لە میللەتی ئێمەدا پێشەنگ دروست دەبن، ڕابەر دروست دەبن، كادیر و ڕۆشنبیر دروست دەبن. وە سەرەنجام دەگەنە ئەوەی كە هێزەكانمان، تواناكانی تاكەكەسیمان چۆن بەهێزتر بكەین، ئەوەیە كە حزب دروست دەبێت، بزووتنەوە دروست دەبێت، ئەو بیر و باوەڕەی كە دایدەڕێژن هەمووی بەو زنجیرەیە پرۆسەیەدا تێدەپەڕێ، هەر بۆیەش ئەگەر مێژووی حزبەكان لە كوردستان یان لە هەموو دونیا بخوێنییەوە، حزبی زۆر گەورە لە چایخانە دروست بوونە، لەسەر مێزی چایخانە گفتوگۆی یەكدیان كردووە. لە بەغدا شوێنێك هەبوو پێیان دەگوت “یانەی سەركەوتن” لە سییەكان دروست بووبوو، بەشێكی زۆری حزبەكانی عێراقی و هەموو حزبەكانی كوردستان لەوێ دروست بوون. حزبی هیوا لەوێ دروست بوو، حزبی داركەران و هتد لە سلێمانی و هەولێر و كەركووك. دوایی بوون بەو بزووتنەوە گەورەیە کە داوای ڕزگاری کوردستانیان دەکرد.

ھەواڵی زیاتر