حەمەسەعید حەسەن
بەنگکێشان
لە ڕوانگەی (ڕێنی گیرارد) (١٩٢٣ – ٢٠١٥)ەوە، (ئەوەی خەڵک پێکەوە گرێ دەدات، لاساییکردنەوەی یەکترییە، لاساییکردنەوەیش دوو جۆرە، یان هاوکاریکردنی یەکدییە، یان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتردا. ئەو لاساییکردنەوەیەی لە هاوکاریکردنی یەکتردا چڕ دەبێتەوە، هەوێنی داهێنان و پێشکەوتنی کۆمەڵ و گەشەسەندنی شارستانییە. خواستی هاوبەش، هەوێنی لاساییکردنەوەی کۆمەککردنە بە یەکتری، بەڵام لە لاساییکردنەوەی کێبڕکێکردندا لەگەڵ یەکدی، تاکەکان دەبنە کۆسپ لەبەردەم خواستی یەکتریدا، ئەم لێ ناگەڕێت ویستی ئەوی تر وەدی بێت، ئەم لێ ناگەرێت ئەوی دیکە، دەستی لە دەسەڵات و سامان گیر ببێت و ئەم جۆرە لە لاساییکردنەوە، زەبروزەنگ بەرهەم دەهێنێت و دەیکاتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی.) بەگوێرەی ئەم تێزە، زەبروزەنگ هەرچەندە ڕەگوریشەی تاکەکەسیشی هەیە، بەڵام زادەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتییە و هەوڵدانە بۆ دەستگیرکردن لە سامان و دەسەڵات کە جێی بایەخی زۆرینەن.
داستان کولتووری کۆمەڵی سەرەتایییە و لێکدانەوە بۆ دیاردە سروشتی و کۆمەڵایەتی و بایەلۆگییەکان دەکات. سروشتی وەک: زەویلەرزە، گڕکان، هەورەبروسکە، بەفر و باران. کۆمەڵایەتی وەک: هاوسەرگیری و جەژنەکان. بایەلۆگی وەک: نەخۆشی، پیری و مردن. داستان لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا بریتییە لە مەعریفە، ئاکار، یاسا و پێشبینیکردنی داهاتوو. داستان چونکە کولتوور و دنیابینییە، بۆیە لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا، تاقە سەرچاوەیە کە شەرعیبوون بە دەسەڵاتیش دەدات و دەشێت بنەماڵەی فەرمانڕەوا، شەرعیبوونی خۆی لە داستانێکەوە هەڵبگۆزێت. بەردی بناغەی سرووتەکانی نێو داستان، قوربانیدانە و جۆرە خەرمانەیەک بە دەوری قوربانیداندا هەیە، تا ئاستی بەپیرۆزکردنی قوربانی، با جەستە و خوێنی ئاژەڵیش لەبری جەستە و خوێنی ئینسان بکرێتە قوربانی.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاییندا، گۆڕان بەسەر شێوازی نواندنی زەبروزەنگیشدا هات و ئایین کۆمەڵی لە قۆناغی هەژموونی سروشتەوە، گوێزایەوە بۆ هەژموونی کولتوور، کە قۆناغێکی عەقڵانیترە، ئاخر لێکدانەوەی دیاردە سروشتییەکان لەبەر ڕۆشنایی ئاییندا، عەقڵانیترە بە بەراورد لەگەڵ لێکدانەوەی ئەو دیاردانە لەبەر ڕۆشنایی داستاندا. ئایین گۆڕانی بەسەر چەمکەکانی پاداشت و سزایشدا هێنا، کە پێشکەوتووانەتر بوون، بەبەراورد لەگەڵ قۆناغی پێش سەرهەڵدانی ئاییندا. دەرکەوتنی ئایین ڕووداوێکی هێندە گرنگ بوو، دواتر وەک کرۆکی کولتووری لێ هات.
لای ڕێنی گیرارد، زەبروزەنگ پێوەندییەکی قووڵی بە (پیرۆز)ەوە هەیە، ئاخر ئەوە ئایینی پیرۆزە کە بانگەشە بۆ قوربانیدان و خۆبەختکردن دەکات، بە ئومێدی پاداشتی ئاسمان. ئەوە ئایینە زۆر جار ڕێز لە جیاوازی ناگرێت و لەڕێی نواندنی زەبروزەنگەوە، گرووپە جیاوازەکان لەژێر دەواری یەک باوەڕدا کۆ دەکاتەوە و کولتووری گەلان لە بۆتەی کولتووری نەتەوەی زاڵدا دەتوێنێتەوە. ڕێک دەکەوێت یەک ئایین چەندان ڕێبازی لێ ببێتەوە و جیاوازییەکانی نێوانیان بە زەبروزەنگ یەکلایی بکەنەوە. هەرچەندە ململانێی نێوان ئایینییەکان، وەک ململانێی فیکری خۆیان نمایش دەکەن، وەلێ ڕاستییەکەی ململانێ خوێناوییەکان، نزیکەی هەمیشە زادەی کێبڕکێن لە پێناوی دەسەڵات و ساماندا.
پەیامهێن کۆچی دوایی دەکات، بەبێ ئەوەی باسێکی لەوە کردبێت، دوای خۆی کام سیستەمی فەرمانڕەوایی ڕەچاو دەکرێت و کێ جێگەی دەگرێتەوە. کە ئەبووبەکر بەو پاساوەی یەکەمین کەس دەبێت، بڕوا بە موحەممەد دەهێنێت و هاوکۆچیشی دەبێت بەرەو مەدینە، دەکرێت بە یەکەمین خەلیفە. هەر ئەوسا خەڵکێکی زۆر بەوە قایل نابن و پێیان وا دەبێت، عەلی کە ئامۆزا و زاوای پەیامهێن دەبێت، شییاوی ئەو پۆستەیە. شیعە ئەوانەن وای بۆ دەچن، دەبێت ڕێبەری موسوڵمانان لە بنەماڵەی پەیامهێن بێت، کەواتە شیعە لە سەرهەڵدانیدا، ئایینزا نەبووە، حیزبێک بووە، لە دۆست و لایەنگرانی عەلی پێک هاتووە، کە هەم پسمامی موحەممەد بوو، هەمیش مێردی فاتیمەی کچی.
ئیسماعیلییەکان توانییان لە میسر و لە باکووری ئەفریکا هەرەس بە خەلافەتی عەبباسییەکان بهێنن و خەلافەتی فاتمییەکان دابمەزرێنن کە دووسەد ساڵێک (٩٠١ – ١١٧١) درێژەی دەبێت، تا سەلاحەددینی ئەییووبی کۆتایی بە فەرمانرەوایییان دەهێنێت. بەنگکێشان ئایینزایەک بوو سەر بە شیعە ئیسماعیلییەکان، بە نهێنی کاری دەکرد و سەرکردە دامەزرێنەرەکەی کە حەسەن ئەلسەباح بوو، توانی کۆمەڵێک قەڵا ڕۆ بنێت و ئاوەدان بکاتەوە کە هەر لە ئەفگانستان و سنووری هیندەوە تا ئێران و ڕۆخەکانی زەریای سپیی ناوینیش درێژەیان هەبوو.