دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هێزی نەرم

محەمەد شاخی

هێزی نەرم، زارەوایەکە گوزارشت لە کرداری ڕاکێشانی سۆز و ویستی بەرامبەر دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەبری بەکارهێنانی هێزی تووند و هێرشکردنە سەر یەکدی. پێناسە و لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەن بۆ تێگەیشتن لە هێزی نەرم، بەڵام درووستترینیان ئەوەیە کە؛ “وابکەی بەرامبەرەکەت هەمان خواست و دەرەنجامی بوێت کە تۆ دەتەوێت”.
چۆن بەکاردێت؟
هێزی نەرم کلیلی دەیان دەرگای داخراوە، ئەوەی بە جەنگ چارەسەر ناکرێت، هەمیشە بەهێزی نەرم و قسەی خۆش، لە کون و کولەبەرێکیشدا بووبێت چارەسەرێکی بۆ دۆزراوەتەوە. سیاسەتی درووستیش ئەوەیە؛ پێش گەیشتن بە ترۆپکی ناکۆکییەکان، خێرا فریای خۆت بکەویت و بە گفتوگۆ و هێزی نەرم کۆتایی بەکێشەکان بهێنیت. بەڵام بەجۆرێک نا کە ئەم هێزە نەرمە ببێتە ئامرازێکی فێڵکردن و خۆڵ کردنە چاوی بەرامبەرەکەت. “هێزی نەرم” بیرۆکەی بەرامبەرەکەت دەگۆڕێت، گۆڕانکاریی لە بیروڕایان دەکات سەبارەت بە بابەتێک، ئەمڕۆ بەرامبەرەکەت شتێکی پێباشە، سبەی ڕایەکی جیاوازی هەیە! چۆن؟ چونکە تۆ توانیت لەڕێگەی قسەوە بیروڕای بگۆڕی. کەواتە کاریگەرییەکانی ئەم هێزە کەڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر سیاسییەکان و باڵادەستەکان، زیاتر پەل دەهاوێژێت و تواناکەشی پەیوەستە بە بەکارهێنەری هێزەکە و شێوازی بەکارهێنانەکەی؛ ئاخۆ بە چ شێوازێک حەز لەناخی “وڵات-سیاسیی”ـیەکەی بەرامبەری دروستدەکات و، چۆن بەم حەزە ڕایدەکێشێتە نێو داوی قبوڵکردنەوە. ڕاستە، لەوانەیە ڕەزامەندییەکی زارەکی بێت و لەو ساتەدا بەهایەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام هەموو ئەمانە بەچەند قۆناغێک، پرۆسەیەکی دیکە دەهێننە ئاراوە کە تیایدا قبوڵە زارەکییەکە، دەبێتە قبوڵێکی فەرمیی نووسراو.
کەواتە بۆ هەموو وڵاتێک بەکاری ناهێنێت؟
بەکارهێنانی هێزی نەرم، پێویستی بە پلانێکی درێژخایەنە، پشت ئەستوور بە ستراتیجییەکی بەهێز داڕێژراو لەلایەن کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون. لەگەڵ ئەمانەشدا، بەکارهێنانی ئەم هێزی نەرمە، لەگەڵ هەموو وڵاتێکدا هاوشێوە نییە، ناکرێت هەمان پلان بەرامبەر بەهەموو وڵاتانی دەرەوە بەکاربهێنیت. جیاوازیی کلتوور، جیۆپۆلەتیک و مێژووی هاوبەشی نێوان وڵاتان، زۆربەی کات هۆکارە بۆ دروستبوونی هاودژیی لەکاتی بەکارهێنانی ئەم هێزەدا. بەتایبەت کاتێک دوو وڵات، لەسەرووبەندی چوونە نێو جەنگەوەن، یاخود مێژوویەکی خوێناویی و تاڵیان هەیە، توانستی بەکارهێنانی هێزی نەرم بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبێتەوە. بەڵام سیاسیی و دیپلۆماتی زیرەک، سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگانەش، دەبێت گوێ نەداتە جیاوازییەکان و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، نەرمی بنوێنێت و لەڕێگەی هێزی نەرمەوە چارەسەری کێشەکان بکات.