هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی شاهانەی نەرویژ سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لایەن بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە بەڕێزان ئێریک بێرگێر هۆسێم، وەزیری ڕاوێژکار و هەڵسووڕێنەری باڵوێزی شاهانەی نەرویژ لە ئوردن و عێراق و ئۆلێ دێنساد، سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی شاهانەی نەرویژ کرا، کە بە یاوەریی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەرویژی، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.

لە دیدارێکی سیاسیدا، دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقی فیدراڵ و هاوکاری و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا، ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە عێراق و پێگەی پارتی و هەرێمی کوردستان و هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە عێراقی فیدراڵ بە بەشداریی کارای کورد لە سەرجەم جومگەکانی حوکمڕانی و هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسیی کورد و بە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ  چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەریمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، خرایە ڕوو.

هەر لە دیدارەکەدا، باسی دۆخی ئاوارەکان کرا لە هەرێمی کوردستان و پرسی کۆچی خەڵک بۆ بیلاڕووسیا و وڵاتانی ئەورووپا، دۆخی هەرێم و پێشکەوتنەکانی هەرێم و ئازادی و سەقامگیریی ئاسایش و پێکەوەژیان، شەڕی تیرۆر و دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنی شنگال و هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە بۆ شوێنەکانی پێش هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر شنگال و دەشتی نەینەوا، کە بە هۆیەوە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕ ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد کە زۆرترین رێژە لە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەی کریستیان و شوێنەکانی تری عێراق بوون، کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و نەتەوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە داڵدە دران و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشکەش کرا و رێز لە  ئایین و ئازادی و ماف و کەرامەتیان گیرا، کە لە ئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان هێشتا لە کوردستان ژیان بەسەر دەبەن.

هەروەها سوپاس و ستاییشی پشتگیری و هاوکارییەکانی مرۆیی گەل و حکوومەتی شاهانەی نەرویژ کرا لە برەودان بە گەشەپێدانی هاوکاری و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و بەردەوامیدان بە گەیاندنی هاوکارییەکانیان لە رێگەی ڕێکخراوەکانی خێرخوازیی نەرویژی. هەروه‌ها هیوایان خواست کە وڵاتی نەرویژ و کۆمپانیاکانیان لە بواری ئاوەدانی و وەبەرهێنان و گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی سیاسی، ئابووری، زانستی و کەلتووری و پێشکەوتنی دیموکراسی لە کوردستان هاوکاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستان بکەن

ھەواڵی زیاتر