نیشانه‌

چیرۆكی: ئه‌مین فه‌قیری
وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی

هه‌تاو له‌ به‌فره‌كه‌ی دابوو ده‌دره‌وشایه‌وه‌، ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌یه‌ چاوی ده‌نگاوت. ساتیار به‌زه‌حمه‌ت قاچی له‌ناو به‌فره‌كه‌ هه‌ڵدێنایه‌وه‌. كه‌ گه‌یشته‌ به‌رده‌م قه‌ڵا چاوی به‌خه‌ڵك كه‌وت،‌ خۆیان له‌به‌ر هه‌تاوه‌كه‌ هه‌ڵخستبوو. هه‌موو ته‌ماشایان ده‌كرد، ڕاوه‌ستا.
«ساتیار ئه‌وه‌ بۆ فرۆشتنه‌؟»
«نا.»
«ئه‌دی بۆچی وا به‌ ده‌ستته‌وه‌ گرتووه‌، چی لێده‌كه‌ی؟»
«ده‌مه‌وێ بۆ نیشانه‌ دایبنێم.»
خه‌ڵكه‌كه‌ هاتنه‌ ناو به‌فره‌كه‌ پێخوستییان كرد و له‌ ده‌وری ساتیار كۆزیلكه‌یان به‌ست.
ساتیار مریكشكێكی ڕه‌شی به‌ده‌ستته‌وه‌ بوو. مریشكێكی دژوێن و بێچاره‌ به‌ داوه‌به‌نێك توند قاچیان به‌ستبۆوه‌.
زاكر گوتی: «به‌ چه‌ندیت كڕیوه‌؟»
«به‌تۆ چی؟»
«هه‌ر ده‌مه‌وێ بزانم.»
«تۆ گولله‌ی خۆت باوێ، چ كارێكت به‌وه‌ی داوه‌.»
«گولله‌ی به‌ چه‌ند؟»
«دوو تمه‌ن.»
«نه‌خۆشه‌؟»
«نا، سوێند به‌خودا، نه‌خۆش نییه‌، ده‌ تمه‌نم پێداوه‌، عه‌لی شایه‌ده‌.»
«شه‌ش تمه‌نت ده‌ده‌مێ، بۆ به‌ربانگمه‌.»
«بیست تمه‌نیشم بده‌یه‌ی پێت نافرۆشم. بۆ نیشانه‌ دانان كڕیومه‌.»
«ڕه‌نگه‌ یه‌كه‌م گولله‌ نه‌ی هه‌نگێوم.»
«نه‌ت هه‌نگاوت به‌ جه‌هه‌ننه‌م.»
مه‌شه‌دی كه‌ریم گوتی: «گولله‌ی دوو تمه‌ن زۆر گرانه‌، مه‌ودایه‌كه‌ی چه‌نده‌؟»
«قه‌دپاڵی كێوی.»
«زۆره‌، پازده‌ قڕان.»
«ده‌ ته‌مه‌نم پێداوه‌ ئه‌گه‌ر مایه‌كه‌ی پڕكرده‌وه‌ دوایی گولله‌ی تمه‌نێك.»
ساتیار دانیشت. مریشكه‌كه‌ چاوی لێك نابوون، ده‌تگوت خه‌وی لێكه‌وتووه‌.


خه‌ڵكه‌كه‌ تفه‌نگه‌كانیان هێنان.


ساتیار گوتی: «پێتان ناخۆش نه‌بێ ده‌بێ له‌پێشدا پاره‌كه‌ بده‌ن.»
باباغا گوتی: «ده‌زانم له‌و دووره‌ی هه‌رده‌بێ بڵێین ئه‌و نانه‌ به‌و دۆشاوه‌ی.»
خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ده‌وری ساتیار و مریشكه‌كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌. هه‌ر چپه‌چپیان بوو.
تفه‌نگه‌كانیان سواركرد. گولله‌كانیان تاقیكردنه‌وه‌. له‌سه‌ربانی قه‌ڵا ژنان ته‌شییان ده‌ڕست و خۆیان له‌به‌ر به‌ڕۆچكه‌ هه‌ڵخستبوو. دوو قشقه‌ڵه‌ له‌سه‌ر دارگوێزێكی بێ گه‌ڵا هه‌ڵنیشتبوون ده‌تگوت دوو گوێزی ڕه‌شن.
تفه‌نگه‌كان ئاماده‌كران. چوون مریشكه‌كه‌یان له‌ قه‌دپاڵی كێوی له‌سه‌ر به‌فرێ داكرد. مریشكه‌ ڕه‌شه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌فره‌ سپییه‌ هه‌تا بۆ منداڵانیش نیشانه‌یه‌كی جوان بوو. خه‌ڵكه‌كه‌ ڕاوه‌ستا بوون. هیچیان نه‌یانده‌ویست یه‌كه‌م گولله‌ باوێن.
زاكر تاپڕه‌ دوولووله‌كه‌ی سواركردبوو.
ساتیار گوتی: «به‌ دوو گولله‌ لێیده‌ده‌ی.»
زاكر بزه‌یه‌كی له‌ خۆباییانه‌ی هاتێ. په‌نجه‌عه‌لی گوتی: «زاكر یه‌ك لووله‌ باشتره‌ ئه‌وه‌ زۆر جار گولله‌ی تێدا عاسێ بووه‌، به‌و یه‌ك لووله‌ لێیده‌.»
زاكر كاتێك تاپڕه‌كه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتبوو له‌سه‌ر به‌فره‌كه‌ هه‌ڵترووشكا. خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ده‌نگه‌ده‌نگ كه‌وتبوون. زاكر قۆنداخی تاپڕه‌كه‌ی له‌شانی قایمكرد و سێره‌ی لێگرت. خه‌ڵكه‌كه‌ پێیانوابوو مریشكه‌ بێ چاره‌كه‌ هه‌ڵده‌له‌رزێ. به‌وجۆره‌ی له‌وێ قاچیان به‌ستبوونه‌وه‌، چه‌نده‌ ته‌نیا و به‌دبه‌خت ده‌هاته‌ به‌رچاو. هه‌موو بێده‌نگ ببوون. باڵنده‌ به‌ده‌ره‌وه‌ نه‌بوون بێجگه‌ له‌و دوو قشقه‌ڵه‌ كه‌ هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر دارگوێزه‌كه‌ هه‌ڵنیشتبوون و ته‌ماشای مه‌یدانه‌كه‌یان ده‌كرد. زاكر خۆی قایمكرد. تیشكدانه‌وه‌ی تیشكی خۆر له‌سه‌ر به‌فره‌كه‌ چاوی ده‌نگاوت.


گرم م م م


قشقه‌ڵه‌كان له‌ترسان هه‌ڵفڕین، خه‌ڵكه‌كه‌ دووسێ هه‌نگاو هاتنه‌پێش.
«لێیدا!»
«لێی نه‌دا، چما كوێری؟»
عه‌لییه‌ گورگه‌ گوتی: «كه‌وانه‌ی كرد.»
زاكر گوتی: «سه‌ری كرد.»
زاكرو ساتیار ڕۆیشتن. مریشكه‌ قه‌له‌نده‌ره‌كه‌ به‌ قاچی به‌ستراو خۆی گرمۆڵه‌كردبوو. زاكر به‌ تاپڕه‌وه‌ به‌ گردەكە‌ هه‌ڵگه‌ڕا و له‌ شوێنی گولله‌كان ده‌گه‌ڕا. به‌فره‌كه‌ په‌سترابۆوه‌. مریشكه‌كه‌ ماندوو بوو. ده‌یویست بڕوات، به‌ڵام نه‌یده‌توانی. ساتیار مریشكه‌كه‌ی ڕاست كرده‌وه‌. مریشك هه‌ڵده‌له‌رزی. قشقه‌ڵه‌كان دووباره‌ له‌سه‌ر هه‌مان دار نیشتبوونه‌وه‌. گولله‌ی دووه‌م ڕامش قادر هاویشتی. نیومه‌ترێك له‌ خوار مریشكه‌كه‌، كه‌وت و به‌فره‌كه‌ی پڕژاند. گولله‌ی دواتر دیسان زاكر هاویشتی ئه‌وجار كه‌س نه‌یزانی وه‌كوێ كه‌وت. تا ئێستا شه‌ش تمه‌ن مایه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتبوو. كه‌س نه‌یده‌توانی چاوان هه‌ڵێنێ هه‌موو چاویان ئه‌نگوا بوو. خه‌ڵكه‌كه‌ جموجۆڵێكی سه‌یریان تێكه‌وتبوو، مریشكه‌كه‌ش هه‌روا به‌ ته‌نیا بوو. ده‌تگوت به‌ره‌به‌ره‌ بچوكتر ده‌بۆوه‌. ده‌تگوت مریشكه‌ڕه‌ش ڕۆده‌چووه‌ ناو به‌فره‌كه‌. هه‌ژیر گولله‌یه‌كی هاویشت. مریشكه‌كه‌ له‌شوێنی خۆی ده‌رپه‌ڕی. هه‌موو گوتیان: «لێیدا.»
لێینه‌دابوو. چووبووه‌ پێشتر، ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ڕان شوێنی گولله‌كه‌یان نه‌د‌یته‌وه‌. له‌ولاتر مریشكه‌كه‌یان گرته‌وه‌ هه‌موو بزه‌یان له‌سه‌رلێوان بوو. ژنه‌كان خۆیان له‌به‌رهه‌تاو هه‌ڵخستبوو. دوو قشقه‌ڵه‌كه‌ هه‌ر له‌سه‌ر داره‌كه‌ بوون، وه‌ك دوو بزگوڕی ڕه‌ش ده‌چوون كه‌ بۆ چاوه‌زار هه‌ڵیان واسیبن.
زاكر گوتی: «دوای ئه‌و گولله‌یه‌ ده‌بێته‌ یه‌ك تمه‌ن.»
ساتیار گوتی: «تۆ بیهاوێ.»
بزه‌ی له‌سه‌ر لێوان بوو. زاكر به‌و بزه‌یه‌ ره‌نجا. به‌ روخساریه‌وه‌ دیاربوو ئه‌و پێكه‌نیینه‌ی له‌ دڵی گرانه‌. رووی وه‌رگێڕا. سێره‌ی گرت و په‌له‌پیتكه‌ی كێشا. هه‌موو نیگاكان له‌سه‌ر مریشكه‌كه‌ بوون. مریشكه‌كه‌ به‌رزبۆوه‌ و سێ هه‌نگاو ئه‌ولاتر كه‌وت. مشتێك خوێن پژا. منداڵ له‌ هه‌لهه‌له‌یان دا و غاریاندا. ساتیار له‌ شوێنی خۆی نه‌جوڵا. پاره‌كانی ده‌ژمارد. دوازده‌ تمه‌ن بوو، به‌ڵام ده‌تگوت به‌دڵی نه‌بووه‌. خوێنه‌كه‌ به‌سه‌ر به‌فرێدا ده‌ڕۆیشت و ده‌چووه‌ ناو به‌فره‌كه‌. مریشكه‌كه‌یان دایه‌ زاكر ئه‌ویش سه‌ری بڕی. هه‌رچه‌نده‌ گیانی له‌به‌ردا نه‌مابوو گولله‌ وه‌بن باڵی كه‌وتبوو. قشقه‌ڵه‌كان هه‌روا هەڵنیشتبوون. داڵاشێك له‌سه‌ر لوتكه‌ی كێوی هه‌ڵنیشتبوو. ده‌تگوت ئاگریان له‌ په‌ڕه‌كانی به‌رداوه‌.
گۆڕه‌پان دیسان ئارام بۆوه‌. پیاوه‌كان خۆیان له‌به‌ربه‌ڕۆچكه‌ هه‌ڵخستبوو. كوڕه‌كه‌ی زاكر له‌ رێگا ملی مریشكه‌كه‌ی شووشته‌وه‌ و به‌نی قاچی مریشكه‌كه‌ی لێكرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی (گزیده‌ داستانهای امین فقیری) انتشارات نوید شیراز. چاپ دوم. 1375

نیشانه‌
ھەواڵی زیاتر