سامان و ئیمان
حەمەسەعید حەسەن
ڕۆژێکیان شوێنکەوتووانی، گلەیی لە موسا دەکەن، پێی دەڵێن: تۆ ئێمەت لە میسر هێنایە دەرەوە و لەم دەشتە چۆڵەیش، نە هەنار هەیە، نە ترێ و نە هەنجیر، تەنانەت ئاویشی لێ نییە. ئیدی خودا بە موسا دەڵێت: قەومەکەت کۆ بکەوە و بەبەر چاویانەوە، داوا لە بەردێک بکە، ئاویان پێ ببەخشێت. موسا لەبری ئەوەی قسە لەگەڵ بەردێکدا بکات، دوو جار بە عەساکەی لە بەردێک دەدا، ئیدی ئاو فیچقە دەکات، بەڵام خودا دڵی لە موسا دێشێت، چونکە وای نەکرد وەک پێی گوتبوو. موسایش وەک عیسا مەزاری نییە، ئاخر کە کۆچی دوایی دەکات، خودا خۆی دەینێژێت.
چونکە جەدعوون بە هانایانەوە چووبوو، لە دەست مدیانییەکان ڕزگاری کردبوون، ئیسرائیلییەکان پێیان گوتبوو: بمانخە بن دەستی خۆتەوە، دوای خۆیشت، با لەبن دەستی کوڕەکەتدا بین، ئینجا کوڕی کوڕەکەت!) جەدعوون پێی گوتبوون: (نە دەتانخەمە بن دەستی خۆمەوە، نە بن دەستی کوڕەکەمەوە، هەموومان لە بن دەستی خواداین.) جەدعوون دەیگوت: من پاشا نیم، تەنیا خودا پاشایە، بەڵام بەوە قایلبوو، لەدوای خۆی دەسەڵات بکەوێتە دەستی کوڕەکەیەوە. جەدعوون بڕوای بەوە نەبوو، خاوەنی لەشکرێکی گەورە بێت، ئاخر پێی وابوو، سەرکەوتن زادەی زۆریی جەنگاوەر نییە، بە دەست خودایە. هەمان تێزی تەورات لە قورئانیشدا هاتووە: (زۆر جار کۆمەڵێکی کەم بە کۆمەکی خودا، بەسەر کۆمەڵێکی زۆردا سەردەکەون. ئەلبەقەرە ٢٤٩) لە شەڕی بەدردا، بە کۆمەکی خودا، موسوڵمانەکان بە سەرکردایەتیی موحەممەد، بە ژمارەیەکی کەمەوە، بەسەر لەشکری گەورەی نەیارانیاندا سەردەکەون. (ئەوان بە گالیسکە و بە ئەسپەوە دەنازن، بەڵام ئێمە بە ناوی خوداوە.) ئەوەیش گوتەی نێو تەوراتە. سەروەختی جەنگی نێوان فەرەنسا و ڕووسیا، کە لە ناپلیۆن دەپرسن: خودا لەگەڵ کام بەرەدایە، دەڵێت: لەگەڵ ئەو لایەدایە، تۆپی قورستری هەبێت. لای جوو سامانی دونیا خڕ بکەیتەوە، لە غەزەبی خودا ڕزگارت ناکات، لای ئیسلامیش کۆکردنەوەی زێڕ و زیو بە هانامانەوە نایەن. (ئال عیمران ١٤)
پەیامی خودا هەر لە ئیبراهیمەوە تا موحەممەد، لەبارەی شار و خاک و زێدەوە ئەوەیە، زەوی و هەر چییەکی تێدایە، موڵکی خودان، زەوی و ئاسمانەکان و هەر چی دەکەوێتە نێوانیانەوە هی خودان، ئەوە هەر خودایشە، خۆراک بۆ زیندەوەرانی سەر زەوی، بە ئینسان و ئاژەڵیشەوە دابین دەکات. وەڵات، وەڵاتێکی باش دەبێت، ئەگەر خەڵکەکەی ڕێنوێنییەکانی خودا فەرامۆش نەکەن. لە تەوراتدا هاتووە، خودا خەڵکەکە بۆ خاکێکی چاک و بەپیت دەبات کە ڕووباری پێدا ڕەت ببێت و کەس لەسەر خۆراک پەکی نەکەوێت کە هەر لە وەسفی قورئان بۆ بەهەشت دەچێت. جیاوازیی نێوان خەلیفە و پاشا ئەوەیە، یەکەمیان نوێنەری خودایە لەسەر زەوی، بەڵام دووەمیان بە خراپەکارییەوە خەریکە.
لە قورئاندا بیستوپێنج جار (عەرش) خراوەتە ڕستەوە، مەبەست لێی عەرشی خودایە کە (لە دوای خوڵقاندنی دونیاوە بە شەش ڕۆژ، لەسەری ڕۆ نیشتووە. ئەعراف ٥٤) بەگوێرەی ئایەتی حەوتی سوورەتی هوود، عەرشی خودا لەسەر ئاوە. لە قورئاندا عەرش بە مانای تەختی پاشایەتییش هاتووە. (پاشایان کە چوونە گوندێکەوە تێکی دەدەن و خەڵکە هەرە شکۆمەندەکەی زەلیل دەکەن. ٣٤ سوورەتی مێروولە.) سولەیمان هەزاران ئەسپی هەبوو، ئەوە لەکن خودا بایەخی نییە، ئاخر (کەیفی بەوانە دێت کە دەیپەرستن و بە ئومێدی دلۆڤانیی ئەون.) پاشای دادپەروەر لای جوو پاشایەکە، بەدەم هاواری هەژارانی بێ پشت و پەناوە بچێت و لە ستەم ڕزگاریان بکات.