حكومەتی هەرێمی کوردستان وحکومەتی ئیتیحادی بەشداری لە كونگرەی ( مافی زانینی راستی) لە شاری نەجەف دەکەن

بڕیار وایە رۆژی شەممەی رێكەوتی 18-12-2021 لە شاری نەجەف كۆنگرەی (مافی زانینی راستی) بە بەشداری بەرپرسانی بالای حكومەتی ئیتیحادی و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ژمارەیەك رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی ببەسترێت.

سەبارەت بەم كۆنگرەیە د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم رایگەیاند: كونگرەی (مافی زانینی راستی) بە بوونەی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە دەبەسترێت و تێیدا تیشك دەخرێتە سەر رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان تیشک دەخرێتە سەر پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم بە پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ و ئەو پێشكەوتنانەی لە هەرێم هاتوونەتە دی. رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم زیاتر وتی: لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای نالەباری دۆخی كوردستان، بەڵام هەوڵی زۆر دراوە بۆ باشترکردنی رەوشی حوكمڕانی لە هەرێم و گرنگییەكی زۆر بە باشتر و پتەوتر كردنی بنەما و پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ دراوە بۆ ئەوەی گونجاو بێت و لە ئاست پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەو راسپاردانەی كە لەلایەن كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتوکان ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكرێن.

زێباری ئەوەشی خستە روو كە لە هەرێمی كوردستان چەندین یاسا و رێنمایی تایبەت درچووە و ژمارەیەك پرۆژە یاسا لە قۆناغەكانی كۆتاییدان بۆ ئەوەی بكەونە واری جێبەجێكردن، لەو یاسایانەی کە کاریان پێدەکرێت: یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، یاسای زمانە فەرمییەكان، یاسای كاری رۆژنامەوانی، یاسا خۆنیشاندان و یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، پرۆژە یاسای مافەكانی منداڵان و چەندین یاسای دیكە کە بەشێکیان کار دەکرێت بۆ هەموار کردنەوەیان.

لەبارەی گرنگی كۆنگرەكە و بەشداریی حکومەتی هەرێم، دیندار زێباری وتی: لە كۆنگرەی (مافی زانینی راستی) پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن گشت دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم ئامادە کراوە دەخرێتەوە روو، بەتایبەتی پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەسەند كردن و جێبەجێكردنی پلانەكە و ئەو هەنگاوانەی نراون لەو رووەوە، چونكە پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان (2021-2025) نەخشە رێگای مافەكانی مرۆڤە لە چوار ساڵی داهاتوو بەپێی ئەو راسپاردانەی كە ئاراستەی حكومەتی هەرێم كراون لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتننامانەی كە عێراق پەسەندی كردوون.

ھەواڵی زیاتر