ڕائیب جادر – هەولێر
یەکێک لە ھەنگاوە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بوو لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان. قایمقامی قەزای مێرگەسۆریش، دەڵێت: دەروازەکە لەڕووی ئاوەدانکردنەوە، گەشتیاریی و بازرگانی سوودی زۆری بۆ ناوچەکە ھەیە و دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی دەڤەرەکەی ڕەخساندووە. دەشڵێ: ڕۆژانە زیاتر لە دوو ھەزار و سێ سەد گەشتیار بەو دەروازەیەدا ھاتووچۆ دەکەن، قۆناغی یەکەم گەشتیارییە، لە قۆناغی دووەم جموجۆڵی بازرگانی دەست پێ دەکات.
ئەم دەروازەیە بایەخ و گرنگییەکی زۆری ستراتیژی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و کۆمەڵایەتی لەنێوان ھەردوولا ھەیە، بەتایبەتی کە بە ناوچەیەکی گرنگی وەکو دەڤەری بارزان تێدەپەڕێت و سەرچاوەیەکی بایەخدارە بۆ کردنەوەی دەیان ھەلی کار و کۆمپانیا و بازرگانی جۆراوجۆر کە خەڵکی دەڤەرەکە لێی سوودمەند دەبن.
دەروازەکە دەکەوێتە گوندی زێت سنووری ناحیەی شێروان مەزن، دەکەوێتە نێوان ھەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان، ئیدارەی سۆران بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان دەبەستێتەوە، لەدیوی شەمزینانەوە، ڕێگایەکی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ ڕاکێشاوە و ئەوەی پێویست بووە لەناو دەروازەکەدا دروستکراوە بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەی گەشتیاران.
دەروازەی زێت، سێیەمین دەروازەی نێودەوڵەتییە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، یەکەمین دەروازەیە پارێزگای ھەولێر و پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ساڵانە زیاتر لە دوازدە ملیار دۆلارە، مێرگەسۆر بووەتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ئیدارەی سۆران و ھەکاری، جگە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، دەروازەی سنووری زێت بۆ بازاڕەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجەش نزیکترین دەروازەیە بۆ گواستنەوەی کاڵا تورکییەکان.
ئابووریناس، شێروان موحسین، دەڵێت: دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، ژیانەوەیەکی نوێیە بۆ ناوچەکە و گرنگی و بەھای ئابووری خۆی ھەیە، ئەگەر جموجۆڵی بازرگانی لەو دەروازەیە بکرێت کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت، جگە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەرھەمەکانی دیکە، چونکە ھەرێمی کوردستان پردی بەیەکەوە بەستنەوەی وڵاتانی عەرەبییە لەگەڵ تورکیا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ پێگەی ئابووری ھەرێم لە ناوچەکە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، دەڵێت: دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، دەکەوێتە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، ئەو پڕۆژەیە چەندین سالڕ بوو لەبەر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بە ھەڵواسراوی مابوویەوە، لە کابینەی نۆیەم بە بڕیاری سەرۆکوەزیران لە مانگی ٥ ساڵی ڕابردوو بە فەرمی کرایەوە، ئێستە ڕۆژانە زیاتر لە دوو ھەزار و سێ سەد گەشتیار بەو دەروازەیەدا ھاتووچۆ دەکەن، قۆناغی یەکەم گەشتیارییە، لە قۆناغی دووەم جموجۆڵی بازرگانی دەست پێ دەکات.