سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئیماراتەوە بۆ جیهان: هەرێمی کوردستان فاکتەری ئاشتی و سەقامگیرییە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان وتارێکی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان، لە وتارەکەیدا چەندین پرسی جیاوازی خستەڕوو، ئەوەی تایبەت بێت بە هەڵوێست و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە لە خوارەوە ئەمەی خوارەوەیە:

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دەستپێکی وتارەکەیدا گوتی: “من ئه‌مڕۆ وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م، ئه‌و هه‌رێمه‌ی به‌درێژایی دوو ده‌یه‌ی رابردوو توانیویه‌تی له‌ناو پاشماوه‌كانی عێراقی پێشوو خۆی یه‌كبخاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من وه‌ك كه‌سێك قسه‌تان بۆ ده‌كه‌م كه‌ شانبه‌شانی ئه‌و خاوه‌ن بڕیارانەی ناوچه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان وه‌ستاوم، کە پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی زۆرێك له‌ ئاڵنگاری هاوبه‌ش بووینه‌ته‌وه”‌.

لەبارەی ئیدارەدانی دۆخی ناوچەکەش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: “هه‌موومان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، له‌سه‌ر ژیانكردن له‌ سایه‌ی هه‌ڵچوون و گرژییه‌كان و زۆرێك له‌و قه‌یرانانەدا‌ راهاتووین، كه‌ به‌لایه‌نی كه‌م به‌درێژایی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو پێویستییان به‌ ئیداره‌دانێكی حه‌كیمانه‌ هه‌بووه”. گوتیشی: له‌میانه‌ی گفتوگۆكانم له‌گه‌ڵ بڕیاربەدەستانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌ره‌وه‌، دركم به‌ بوونی خواستێك بۆ رزگاربوون له‌ نه‌هامه‌تییه هاوبه‌شه‌كانی رابردوومان كردووه”‌.

لە بەشێکی دیکەی وتاریەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌گه‌ڵ زیاتربوونی گرژییه‌كان له‌ غەز‌زه‌، عێراق، سووریا و ده‌ریای سوور، چڕکردنەوەی هه‌وڵه‌كان بووه‌ته‌ پێویستییه‌كی حه‌تمی تاكو پلانێكی نوێ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و جیهانی دابنرێت.

زیاتر گوتیشی: “ئەوانەی بەشوێن شەڕدا دەگەڕێن و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، هەڕەشە لە دراوسێکانیان دەکەن، دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. نابێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان نه‌رمی بنوێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیشدا دژیه‌ك بن”.

سەبارەت بە هەڵوێست و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا: “له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمییش، به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانمان، باجێكی زۆر گران ده‌ده‌ین، ئێستا ناوچەکە رووبه‌ڕووی جۆرێكی جیاوازی قه‌یران بووەتەوە‌، دەبێت هەموومان پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی بکەین. ئێمە بەبێ پاساو کراوینەتە ئامانج. دەبێت ئەم شەڕانگێزییە رابگیرێت”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە روونی بە هەموو سەرکردەکانی جیهان و ناوچەکەی راگەیاند: “وەک ئەوەی پێشتر لێرە و لە پایتەختەکانی دیکەش، وتوومە کە کوردستان هەرگیز نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ کەسێک. ئێمە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیرین، ئێمە دەمانەوێت رەفتاری هەرێمایەتی لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی هاوبەش بێت. ئێمە داوای پاڵپشتی ده‌كه‌ین و پێویستمان به‌ كاری هاوبه‌شه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئەو هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌ مه‌ترسیدارانەی، كه‌ ده‌كرێت هه‌موو ئەو پێشکەوتنانە له‌ناوببات كه‌ به‌ده‌ستمان هێناون”.

‌هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: “له‌سه‌رده‌می تاعوونی داعشدا، شانبه‌شانی هاوپه‌یمانه‌كانمان وه‌ستاینه‌وه‌. ئه‌وكات باشترین كارمان به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامدا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان به‌ده‌ستنه‌هێنابا، ئێستا ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی ده‌بووه‌ شوێنێكی جیاواز و پڕ ده‌بوو له‌ تیرۆریستانی بیانی، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانویست شوێنپێی خۆیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رساتێك بیانویستبا پشێویمان بۆ دروست بكه‌ن”.