چیرۆكی: مه‌نسووری یاقوتی
وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی
ده‌رگایه‌كه هێنده ته‌نگه‌به‌ر بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده كه‌سێك بتوانێ پێیدا بێته ژوور، بێده‌نگ ده‌رگا كرایه‌وه كابرایه‌كی داڵه‌گۆشت كه جلوبه‌رگی نه‌خۆشخانه‌ی له‌به‌ردابوو، به رێش و سمێڵی تراشراو و ، رووخسارێكی ژاكاو، وه‌ژوور كه‌وت و ده‌رگاكه پێوهدرایهوه. له چاوه كاڵهكانیدا كه ده‌تگوت ته‌م دایپۆشیوه، هیچ شوێنه‌وارێكی به‌دفه‌ڕی و لاساری تێدا نه‌ده‌بینرا، زیاتر ساده‌یی و خه‌م و كه‌سه‌ر دایگرتبوو. سڵاوم كرد و گوتم: «فه‌رموو له‌وێ دانیشه!»
به‌تانییه‌كم بۆ راخست. ئێره بێجگه له چه‌ند به‌تانی هیچ شتێكی دیكه‌ی لێ نه‌بوو. له‌سه‌ر به‌تانییه‌كه دانیشت به سه‌رسووڕمانه‌وه له ده‌ورووبه‌ری راما. ده‌ستم له پشته‌وه گرێدان و به درێژایی ژووره‌كه ده‌هاتم و ده‌چووم. له‌به‌رخۆمه‌وه بیرم ده‌كرده‌وه: (بۆچی ئه‌م پیره‌مێرده‌یان به جلوبه‌رگی ژووری نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه هێناوه‌ته لای من؟ لێره چی ده‌كات؟ ناكا بییه‌وێ شتێكم لێ هه‌ڵكڕێنێ؟…)
كابرای پیره‌مێر په‌رێشان و خه‌مبار بوو، ده‌تگوت لهكلهكێكی نه‌خۆشه. ئێستا سه‌رنجه‌كانی خستبوونه سه‌ر من كه هه‌روا سه‌رم نه‌ویكردبوو، ده‌چوومه سه‌رێ و ده‌هاتمه‌وه خوارێ. له‌ناكاو به شێوه‌زاری كوردی خه‌ڵكی (قلخانی) گوتی: «وه‌ره دانیشه! بۆ هێنده ههڵداوپێدای ده‌كه‌ی! ماندوو نابی؟ وه‌ره با شتێكی خۆشت بۆ بگێڕمه‌وه!»
چووم له‌لای دانیشتم به‌و هیوایه‌ی له بیره‌وه‌ریه‌كانی شتێكی تازه‌و ده‌گمه‌نم بۆ باس بكات، ئه‌گه‌ر رۆژێك مام و نه‌مردم بیكه‌مه چیرۆك.
پیره‌مێرد به حه‌سره‌ت و تامه‌زرۆییه‌وه گوتی:
«رۆژێك له رۆژانی ده‌ورانی گه‌نجێتیم له داوێنی چیای داڵاهۆ بزنێكمان سه‌ربڕی، بزنێكی قه‌ڵه‌و بوو، بزنه مس بوو. پینج كه‌س بووین. سه‌ره‌كه‌ی من هه‌ڵمگرت و پێسته‌كه‌شی ره‌حمه‌ت بردی، خوا لێی خۆشبێ. چوو بوو له ئیراق مه‌ڕ بدزێ، ئیدی گولله‌ی پێكه‌وت و بریندار بوو. ئه‌وه بۆ جاری سه‌ده‌یه‌مین بوو ده‌چووه ئێراق بۆ دزی. بزنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ په‌نجا سه‌ری دیكه له‌و دیو سنوور هێنابووه ئه‌مبه‌ر. به دار به‌ڕوه‌كانی قه‌راخ كێوی داڵاهۆ ئاگرێكی خۆشمان كردبۆوه، ئاگرێك كه‌یفت پێده‌كرد، ده‌تگوت چاوی كه‌ڵه‌شێره. به هه‌ر پێنجمان بزنه‌كه‌مان خوارد. زۆر تێر بووین چ بزنێك بوو! چ گۆشتێكی هه‌بوو! ئێستاش تامهكهیم له بیر نه‌چۆته‌وه.»
كه‌مێك راوه‌ستاو گوتی: «سبه‌ی ئه‌گه‌ر تاقه‌تم هه‌بوو چیرۆكێكی دیكه‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه.»
پرسیم: «ته‌مه‌نت چه‌نده؟»
ته‌ماشایه‌كی میله ئاسنه‌كانی په‌نجه‌ره‌كه‌و گڵۆپه‌كه‌ی كرد‌و گوتی:
«نازانم. له هاوینی 1941 ژنم هێناوه.»
پرسیم: «ئه‌دی بۆ سمێڵت تراشراوه؟ چما تۆ ئه‌هلی هه‌قه نی؟»
ره‌نگی ره‌ش داگه‌ڕا. هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشاو به‌نیگه‌رانییه‌وه گوتی:
«سمێڵه‌كانیان تراشیم، (بنیامین) ڕیسوایان بكات.»
«كه‌نگی و له‌كوێ؟»
«كاتی نه‌شته‌رگه‌ری له نه‌خۆشخانه. ئه‌رێ ئێره بۆ رادیۆی لێ نییه؟»
به سه‌رسوڕمانه‌وه گوتم: «رادیۆ؟ چما قه‌راره ئێره رادیۆی لێبێ؟»
گوتی: «بۆ لێی نه‌بێ؟ بنیاده‌م تاقه‌تی ته‌نیایی نییه، ته‌نیایی بۆ مرۆڤ خۆش نییه، ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی بكه‌وه، دڵم زۆر ته‌نگه.»
گوتم: «په‌نجه‌ره‌كه ناكرێته‌وه، پشته‌وه‌ی هه‌موو ملیهی ئاسنییه.»
به‌سه‌رسووڕمانه‌وه گوتی: «بۆچی په‌نجه‌ره‌كه‌یان داخستووه؟ په‌نجه‌ره‌یان بۆ ئه‌وه دروستكردووه بنیاده‌م چاوی له دنیای رووناك بێت. له ته‌مه‌نی خۆمدا جێگای ئاوام نه‌دیووه، ده‌ڵێی ئه‌شكه‌وته.»
له‌به‌رخۆمه‌وه گوتم: (ئه‌رێ ئه‌وه كێیه‌و له كوێوه هاتووه؟ ده‌ڵێی تا ئێستا ئه‌و جۆره شوێنانه‌ی نه‌دیتوون. یان هیچ كه‌سێك بۆی باس نه‌كردووه؟)
پرسیم: «خه‌ڵكی كوێی؟»
قاچی راكێشان، په‌نجه‌ی لێك ئاواڵاكردن و گوتی: «خه‌ڵكی گوندی (پاڵان)م نه‌هاتوویه ئه‌وێ؟ ئه‌وه بۆ جێ‌وبانی نووستنی لێ نییه؟»
بیرم كرده‌وه: (ناكا بییه‌وێ هه‌ڵم خه‌ڵه‌تێنێ؟ چۆن نازانێ ئێره كوێیه؟)
گوتی: «ئه‌وه سه‌رت له گێژهوهنایه هێنده دێی و ده‌چی؟»
گوتم: «تۆش ماوه‌یه‌ك لێره وه‌مێنی وه‌كو من ناچار ده‌بی بێی و بچی.»
بیده‌نگ بوو هیچی نه‌گوت. بۆ به‌یانی له جێگاكه‌ی هه‌ستا، ده‌ستی له پشته‌وه گرێدان و له‌سه‌ره‌خۆ ده‌ستیكرد به پیاسه كردن. لێم پرسی: «ئه‌تۆش ده‌ستتكرد به پیاسه‌كردن؟»
قاقایه‌كی كێشا‌و گوتی: «بنیاده‌م ناچار ده‌بێ.»
پرسیم: «بۆ له نه‌خۆشخانه بووی؟»
گوتی: «گولله‌م پێكه‌وتووه، به كڵاشنكۆف له خوار دڵیان دام.»
كه‌مێك كراسه‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، باندپێچ كرابوو. شان و پیلی نیشاندام.
گوتم: «ئه‌گه‌ر (ژێ سێ) با، ئێستا له‌و دنیا بووی.»
نه‌مویست لێی بپرسم بۆچی ته‌قه‌یان لیكردووی؟ جێگای ئه‌و جۆره پرسیارانه نه‌بوو. ئه‌وجار له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی كونجكۆڵم، حه‌زم له خۆتێهه‌ڵقورتان نییه. رقیشم له‌و كه‌سانه‌یه خۆ له‌كاری خه‌ڵكی هه‌ڵده‌قورتێنن. ته‌ماشایه‌كی ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ی كرد كه به میلی ئاسن ته‌نرابوون، گوتی: «له‌و پشته‌وه له دۆڵێك مێگه‌لم ده‌له‌وه‌ڕاند.»
به حه‌په‌سانه‌وه گوتم: «له‌و پشته‌وه هیچ دۆڵێكی لێ نییه، كام دۆڵه؟»
چاوی له چاویه‌وه بڕیبووم، گوتی: «ئه‌و پشته‌وه؟! دۆڵی حه‌وت كانی؟!»
«ئه‌ی بابه. له‌و پشته‌وه هیچ دۆڵێكی لێ نییه، هه‌مووی شه‌قامه!»
بێ ئه‌وه‌ی گرنگی به قسه‌كانم بدات ئاماژه‌ی بۆلای باكوور كرد‌و گوتی: «هه‌ر له‌وێ گه‌نمه‌شامی و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌و توتنمان ده‌كرد.»
گوتم: «ئه‌و پشته‌وه هه‌مووی ماڵی خه‌ڵكه!»
له چاوه‌كانیدا ئه‌وه ده‌خوێندرایه‌وه ده‌تگوت گاڵته‌ی پێده‌كه‌م. به دڵنیاییه‌وه گوتی: «هه‌ر بۆخۆم له‌وێ گه‌نمه‌شامیم چاندووه، ئاوی سه‌رچاوه‌ی جه‌واهێریش هه‌ر له‌وێوه تێده‌په‌ڕێ.»
گوتم: «من ئه‌و شاره وه‌كو به‌ری ده‌ستی خۆم شارهزام، ئێره هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی لێ نییه.»
تێكڕابوو، پرسی: «شار؟»
«به‌ڵێ؟»
هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشاو گوتی: «من ته‌نیا ناوی شارم بیستووه تا ئێستا قاچم له ئاوایی نه‌چۆته‌ده‌ر، نه‌چوومه‌ته مه‌خفه‌ریش، ئێره مه‌خفه‌ره؟»
ماندوو ببوو دانیشت. ئاماژه‌ی بۆ كردم دابنیشم، گوتی: «وه‌ره با بیره‌وه‌ریه‌كی خۆشت بۆ بگێڕمه‌وه.»
به‌و هیوایه‌ی كه ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌كی خۆشم بۆ ده‌گێڕێته‌وه و منیش دوایی له‌سه‌ر ئه‌وه چیرۆكێكی جوان ده‌نووسم، له‌لای دانیشتم. گوتی:
«رۆژێكی ده‌مه‌و ئیواره له‌ژێر پیره‌دار به‌ڕوویه‌ك دانیشتبووم، كه سه‌رو كه‌لله‌ی شاسواری یاخی ده‌ركه‌وت، كه وهكێوان كه‌وتبوو. بزنێكی له‌سه‌ر شانی دانابوو بڕنهوهكهشی به ده‌سته‌وه گرتبوو. دوو ریز فیشه‌كدانی راست و چه‌پ له‌خۆی به‌ستبوو. كه گه‌یشته‌لام گوتی: پیروه‌یس! ده‌مه‌وێ گۆشتێكی باشت ده‌رخوارد بده‌م. هه‌سته داران كۆبكه‌وه با ورگی خۆمان تێر بكه‌ین.
هه‌تا من دارم كۆكردنه‌وه شاسوار دڵ و جگه‌ری بزنه‌ی به گۆڕێ وهركردبوو، پێسته‌كه‌شی به‌سه‌ر داریكدا هه‌ڵواسیبوو.
ئای چ گۆشتێكمان برژاندو خواردمان! چ كه‌بابێك! بۆ چما تێر ده‌بووین؟ بێئه‌وه‌ی كه‌س پێ بزانێ كه‌لله كه‌و رانێك و پێسته‌كه‌م بردنه‌وه ماڵێ. ئه‌ی یادت به‌خێر شاسوار! كوڕی ئاوا په‌یدا نابنه‌وه! یه‌ك سینی ده‌خوارد.»
له كاتی نه‌شته‌رگه‌ری و ده‌رهێنانی گولله، سمێڵی پیروهسییان تراشیبوو. ده‌یگوت:
«تا سمێڵم نه‌یه‌نه‌وه لێره ناچمهدهرێ. به چ چاو و ڕوویه‌ك بچمه‌وه ناو خه‌ڵك؟ چۆن سه‌رم هه‌ڵێنم؟ خودا له‌ناویان به‌رێ چ كارێكیان به سمێڵی منه؟ خۆ گولله نه‌چووبووه ناو گه‌رووم؟ له‌و مه‌خفه‌ره ناچمه ده‌رێ تا سمێڵم نه‌یه‌نه‌وه. خۆزگه گولله وه جگه‌رم كه‌وتبا.»
پیروه‌یس سمێڵی هاتبوونه‌وه ده‌تگوت تازه له دایك بۆته‌وه. نیوه‌ڕۆیه‌كی خۆره‌تاو بوو كه ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره به‌ندی دڵی له‌رزاندین. هێزی به‌ڕه‌وانی كه‌وتنه ته‌قه. گرمه‌یه‌كی گه‌وره‌هات. له گۆشه‌یه‌ك خۆمان گرمۆڵه كردبوو، چاوه‌ڕوان بووین دیواره‌كه به‌سه‌رماندا بڕووخێ. ده‌رگاكه له‌سه‌رمان داخرابوو نه‌مان ده‌توانی بۆ هیچ لایه‌ك بڕۆین. هه‌قی ئه‌وه‌شمان نه‌بوو ناڕه‌زایی ده‌رببڕین. ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه دیواره‌كانی وه له‌رزه خستن. ته‌قه‌ی هێزی بهڕهوانیش تێكه‌ڵ به‌و ته‌قینه‌وانه ببوو.
ئارامی بۆ مه‌خفه‌ر گه‌ڕایه‌وه، پیروه‌یس گوتی:
«ئه‌و رۆژانه‌ش ده‌نگێكی ئاوا ده‌هات. له دهۆڵهكه مێگه‌لم ده‌له‌وه‌ڕاند. مێگهلهكهم به‌ره‌و ئاوایی ڕادا. ده‌نگی ته‌قه‌ی دۆشكه‌و ئارپی جی ئاوایی ده‌له‌رزاند. ماڵی ئاغاش كه دوو برا بوون به ته‌قینه‌وه‌ی گولله تۆپ و ئار پی جی وێران ببوو، ئاگرو دووكه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستا. وازم له مێگه‌له‌كه هێنا غارمدا تا ژن و منداڵه‌كانیان له ناو ئاگرو دووكه‌ڵ رزگار بكه‌م. به‌سه‌ر پردێكی بچو‌وكدا په‌ریمه‌وه. سه‌رچاوه‌ی رووباره‌كه پڕ ببوو له خوێن. له‌و به‌ری رووباری گولله‌م پێكه‌وت و كه‌وتمه سه‌ر عه‌ردی، ئیدی ئاگام له هیچ نه‌ما.»
دوای چه‌ند رۆژێك پیروه‌یس پێی‌گوتم:
«ئای چه‌نده دێیت و ده‌ڕۆی! وه‌ره با بیره‌وه‌رییه‌كی خۆشت بۆ بگێڕمه‌وه. تۆ تا ئێستا گۆشتی به‌رازت خواردووه؟»
له‌وكاته‌دا لایه‌كی ده‌رگایه‌كه كرایه‌وه، له‌و دیو ده‌رگاكه‌وه یه‌كێك بانگی پیروه‌یسی كرد و گوتی: «وه‌ره ده‌رێ، ئازادی!»
پیروه‌یس هه‌ستا. هیچی نه‌بوو تا له‌گه‌ڵ خۆی بیبات. یه‌كتریمان ماچ كرد. له كاتی رۆیشتندا گوتی:
«ئه‌رێ پێت نه‌گوتم چی ده‌كه‌ی له‌و كونه ڕێویه‌دا؟»
تێمام چی پێ‌بڵێم؟!
كرماشان 1367ی هه‌تاوی
سه‌رچاوه: كۆمه‌ڵه چیرۆكی (تنهاتر از ماه) انتشارات ازاد مهر 1390