سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

پێشانگای نەوار 64 خانمە شێوەکاری لەخۆ کۆکردەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

پێشانگای نەوار، کە پڕۆژەیەکی هونەری هاوبەشی ساڵانەیە، کە شێوەکاران لەم پێشانگایەدا زمانی رەنگ و ستاتیکی و بیرۆکە و تەکنیک لە نێو تابلۆ رەنگاوڕەنگەکانیاندا دەبیننەوە.

بۆ ئەمساڵیش ئەو چالاکییە هونەرییە بووە میوانی هەولێر و گەلەری زانکۆکانی جیهانیان هەڵبژارد و 64 خانمە شێوەکار بەشداریان لە پێشانگای نەواردا کرد و 120 بەرهەمی هونەرییان پێشکەشکرد.
تابلۆکانی نێو پێشانگاکە سیرامیکی و کۆلاج و ئاوی و زەیتی بوون و شێوەکاران لەم پێشانگایەدا هەوڵیانداوە داهێنان و سەلیقەی جوانی خۆیان بە نەخشاندنی تابلۆ رەنگینەکان بخەنە روو.
هیام موسەوی بەڕێوەبەری دەزگای هونەری شێوەکارانی عێراق بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: گردبوونەوەی 64 هونەرمەندی شێوەکار لە گشت پێکهاتەکانی عێراقدا، بە جەختکردنەوەیە لە پێکەوەژیانی نەتەوەکان و سوود وەرگرتن لە هونەرەکەیان، بەتایبەت ئەو تابلۆ و کارە دەستی و سیرامیکیانەی کە گوزارشت لە ئایینە جیاوازەکان دەکەن و بەشێکیش لە تابلۆکانی نەوار گێڕانەوەی مێژووێکن لەم وڵاتە و نیشاندانی روخساری جوانی سروشتەکەیەتی.
گوتیشی: لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیری جیهان گەیشتووینەتە رێکەوتنێک لە ساڵانی ئاییندەدا چەند پڕۆژەیەکی دیکەی هونەری هاوبەش لەگەڵ هونەرمەندانی کورد ئەنجام بدەین.