هاودەنگ فارووق
زۆر گرنگە هەمووان لە کوردستان بیزانین و لێی بەئاگابین، خواستێک هەیە لەبەغدا بۆ ئەوەی هەموو شتێکی کورد کۆنترۆڵ و دەستەمۆ بکات. بەزمانە یاساییەکەش ناو دەنرێت پێڕەوکردنی دەستەڵاتی یاسا، بەڵام دیارە یاسایش هەر خودی مرۆڤ دەری دەکات و بەئامانجێک ئیقراری دەکات.
ئەوەی تاکو ئێستا لەبەغدا وبەتایبەتی لەدادگەی فیدراڵی دەبینرێت، کارکردنە بەئاراستەی قۆڕخکردنی تانوپۆی عێراق، بەتایبەت لەدژی هەرێمی كوردستان و دەستەڵاتەکانی، دەستڕۆیشتوانی بەغدا نیازی خراپیان حەشارداوەو، سەرەداوی ئەو نیازانەش، لە بە ئامانجگرتنی دەزگەشەرعی و تەشریعی و پڕۆژەو هەنگاوە ستراتیژییەكان بە ڕوونی دەبینرێن.
لەئێستاوە كورد دەبێت دەستەوەستان نەبێت و، پرسیار لەخۆی بکات: دوای سەدساڵ شۆڕش و بەرخۆدان، تاکەی ئەم سیاسەت ونیازانەی حكومڕانانی عێراق قبووڵ دەکات؟ لەقبوڵکردندا چ سوودێک وەردەگرێت و لە ڕەفزکردنیشدا چ زیانێکی بەر دەکەوێت؟.
دواجار: لەم هەموو فشارەی لەکورد دەکرێت، کۆتا مەتاف و قۆناغ کوێ دەبێت؟ دەبێت کورد بگەڕێتەوە بۆ کوێ؟ پێویستە لەهاوبەشە عێراقییەکانیشی بپرسێ: دەتانەوێ کورد بگەڕێتەوە بۆ کام قۆناغ؟ ئایا عێراق هیچ کێشەیەکی نییە جگە لە خەریك بوون بە
بچوککردنەوەی دەستەڵاتی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان؟ ئایا تاکە کێشەی عێراق ئەوەیە کە سیستەمەکەی فیدراڵییە؟ ئەم هەموو فشارە لەسەر کورد، کێشەکانی عێراق چارە دەکەن؟ پرسیار بکرێت و گوێ بۆ وەڵامەکانیان بگیرێت.. دواتر ڕێگەچارەی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدۆزرێتەوەو بڕیاری چارەنوسساز بدرێت.