ئــــــــازادی

هەژێن لوقمان

ئازادی چیە ؟ ئازادی بریتیە لە بیر کردنەوە و بڕیاڕدانی سەربەست و بەبێ زۆرە ملێ بەبێ هیچ گوشارێکی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ، و بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بتوانێ لە ڕێگەیەک لە ڕێگەکانەوە گوشارت بکاتە سەر و ناچارت بکات بۆ کارێک یان بۆ بیر کردنەوەیەک یان بۆ شێوازی ژیانت کە خۆت هەڵی دەبژێریت، ئازادی سنوردار ناکرێت وە ئەوەی ئازادی سنوردار دەکات تەنها سنوری ژیانی تاکی بەرامبەرتە یاخود مافی تاکی بەرامبەرت، تاک ئازادە لە بیر کردنەوە کە شێوازی هەڵبژاردنی ژیانی لە بڕیاری هەڵبژاردنی ئەوەی لەکوێ دەژیت یان لەگەڵ کێ دەژی لەگەڵ کێ هاوسەر گیری دەکات چی دین و ئایدیایەک هەڵدەبژێرێت و لە بیر و باووڕ و بیر کردنەوە و سەرنج و تێبینیەکانی، بەڵام هەموو ئەمانە لە سنوری ژیانی خۆیدا، نەک بە زۆرە ملێ یان سنوری کەسی بەرامبەر ببڕێت.
زۆر جار مرۆڤەکان بە نا ڕاستەوخۆیی ئازادیەکانیان پێشێل دەکرێت، ڕەنگە هۆکارێکی دەرەکی یان دەروونی ببێتە هۆکاری ئەوەی کە تۆ چۆن ژیانی خۆت هەڵدەبژێریت، واتا ئازادی ئەوە دەگرێتەوە کە مرۆڤ بتوانێت بەرجەستەی ئارەزو و خولیا و بژاردەکانی بکات بەبێ بەبێ بەربەستی دەرەکی.
مرۆڤ لە سەرەتاوە بە ئازادی لە دایک دەبێت ئەوەی کاری گەری لەسەر مرۆڤ دا دەنێت ئەو ئەو ڕوداوانەیە کە لە دەوروبەری ڕودەدەن و کاریگەری لەسەر بیر کردنەوەی و بڕیارەکانی و دەرونی دا دەنێت، نیچە ئازادی دەبەستێتەوە بە زاڵبوون بەسەر تەنگ و چەڵەمە و بەربەستەکانی ژیان و وە بەردەوام بوون لە پڕۆسەی بونیادنانی خودێکی باشتر لەوەی پێشوو تر و برەودان لە پڕۆسەی گەشەپێدانی خود و سڵنەکردنەوە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسی لە بەرامبەر ئەم ئامانجەدا، وە پێی وایە مرۆڤ لە سەرکەوتن لەم پرۆسەیەدا دەتوانێ ئازادی بەدەست بهێنێت.
بۆ مرۆڤەکان ئازادی لە هەموو دەستکەوتەکانی ژیان گرنگ ترە مرۆڤ کاتێک ئازادی نەبوو ئەوا ناتوانێ بونی خۆی بدۆزێتەوە وە ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت و ناتوانێ چێژ لە ژیان وەربگرێت، بۆ پێشل کردنی ئازادی بەرامبەر یان خاوەندارێتی کردنی هیچ بەهانەیەک بوونی نیە، چونکە مرۆڤ ئازادی لە هەموو شت بە بەها تر دەبێنێت ناتوانی لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی ئازادی بەرامبەرت هیش شتێکی پێی ببەخشیت ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات بۆ ماوەیەکی دیاری کراو دەبێت چونکە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤ تەواو دژ بەم شتەیە.
خێزان و کۆمەڵگا بەرپرسن لە پەروەدەیەکی تەندروست بۆ تاک بێگومان کاتێک تاکێکی تەندروست دەهێنیتە کۆمەڵگاوە بەرهەمەکەی ئەوە دەبێت کە ئەو کەسە بڕیارەکانی دروست دەبن لە هەڵبژاردنی داهاتوی خۆیدا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر وانەبێت ئەوا تاکێک دەبێت کە بڕیاڕی هەڵە دەدات و لە مانای ئازادی و سەربەستی تێناگات یان بە هەڵە تێدەگات، مرۆڤ ئەگەر ئازاد بوو لە ژیانیدا ئەوا کەسێک دەبێت لە ڕووی دەرونیەوە کەسێکی تەندروستە بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە ئازادیان نیە و بڕیارەکانی ژیانی خۆیان بە دەست خۆیان نیە هەمیشە لە گرێی دەرونیدا دەژین.
کەسێک کە باوەڕی بە ئازادی هەبێت پێویستە سەرەتا باوەڕی بەوە هەبێت کە بەرامبەرەکەی ئازادە لە شێوازی بیر کردنەوە و سەرنج و ڕاو بۆچونەکانی و شێوازی ژیانی بەڵام بە شێوەیەک کە دور نەبێت لە بنەما ڕەوشتیەکان لێرەدا مەبەستمان لە ڕەوشت کۆمەڵێ کلتور نیە کە خزێنراوەتە ناو کلتوری کۆمەڵگای کوردیەوە بەڵکو مەبەستمان لە مرۆڤایەتی و ویژدان و کەسایەتی تاک و نەکردنی تاوان کاریە، کاتێک کە کەسێک بە هەڵە لە مانای ئازادی تێدەگات بە بێ بونی کەسایەتی و بەبی ئەوەی ویژدانی بکاتە کار بەرەو ڕێگەیەکی خۆ پەرستی و ئازادی نا تەندروست دەڕوات ئەو ئەو جۆرە کەسانە هەست بە بەرپەسیاریەتی بەرامبەر هیچ شتێک و هیچ کەسێک ناکەن و مافی بەرامبەرەکەیان دەخۆن، بەناوی ئازادیەوە کۆمەڵێ کاری نەشیاو بەرامبەر کەسانی چواردەوریان دەکەن و دەبنە بارگرانی، ئەمەش لە ئەنجامی پێنەدانی پەروردەیەکی تەندروستە، بۆیە ئازادی تا فراوان تر بێت بەرپرسیارێتی ئەخلاقی زیاتر لەسەر تاکەکان زیاد دەکات، وە بۆیە ئەو خێزان و کۆمەڵگایانەی پەروردەیەکی تەندروست و مافی ئازادی بە تاکەکانیان دەبەخش لە کۆتایدا سەرکەوتن لە ڕۆی کۆمەڵایەتیەوە بەدەست دەهێنن و زیاتر بەرەو پێش دەچن.

ھەواڵی زیاتر