دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

بنووسە گوتی و بڕایەوە

هێشتا نە بڵاو کرابووەوە، نە لە چاپ درابوو، کۆمەڵێک دەروێش کەوتنە ڕیکلامکردن بۆی. هێشتا یەکێکی لێ نەفرۆشرابوو، نووسییان: هەزارانی لێ دەفرۆشرێت و هەزاران دۆلاری لێ قازانج دەکرێت! تەنانەت شیرکۆ بێکەس گوتی: (یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە جوانەکانی دنیا!) وەک هەر چی ڕۆمانی دنیایە، هەموویانی خوێندبێتەوە و پاش بەراوردێکی ورد، بەو ڕاستییە ڕەهایە گەیشتبێت! بۆ ئەوەی ئەو قسەیەی شاعیری ناوبراو (پشتخوار) بکەمەوە، دەڵێم: ڕێک دەکەوێت لە سوێد، لە یەک ساڵدا، حەوتهەزار ڕۆمانی بۆ سوێدی وەرگێڕدراو بڵاو بکرێنەوە. هیچ گومانم نییە لەو حەوت هەزارە، ئەو فریای خوێندنەوەی حەوتیشیان نەکەوتووە، ئیدی چۆن دەزانێت، (شاری مۆسیقارە سپییەکان)ی بەختیار عەلی، یەکێکە لە ڕۆمانە دانسقەکانی دنیا؟ ئەو هەڵسەنگاندنە لە نان بە قەرزدان بترازێت، هیچی دیکە نەبوو، ئەوە بۆیە نووسەری ئەو ڕۆمانەیش، ستایشنامەیەکی بۆ (کورسی)یەکەی ئەو نووسی.(١)
شاری مۆسیقارە سپییەکان پڕە لە کەلێن و کەموکووڕی، ئەز هەر باسی تۆزێکیان دەکەم. ڕەنگە بەختیار عەلی لە هەردوو بواری ڕێنووس و ڕێزماندا، ئاستنزمترین ڕۆماننووسی کورد بێت، ئاخر هێشتا فێری ئەوە نەبووە، واو لە کوێدا دەبێت یەکێک بێت و لە کوێدا دووان. بۆ نموونە: بە درێژاییی ڕۆمانەکەی، (گوتی) کە بە یەک واو دەنووسرێت، بە دوو واو دەینووسێت. هێشتا فێری ئەوە نەبووە، کام کردار پێکەوە و کامیان بە جیا دەنووسرێت. وەک نموونە: (لێ هاتە دەرێ) کە پێویستە بە سێ بەش بنووسرێت، ئەو بەیەکەوەیان دەنووسێنێت و زۆر جار یەک ڕستە، وەک یەک وشە دەنووسێت! بۆ نموونە: کۆتایییان پێ دەهێنا، بیرم دەکردەوە و ئاوەدانیان دەکردەوە، کە سێ ڕستەن، ئەو وەک سێ وشە دەیاننووسێت! (فلووتژەن) کە یەک وشەیە، دوو لەت دەکات و (هێمنی بکاتەوە) پێکەوە دەنووسێت.
هێشتا فێری ئەوە نەبووە کە بە (کوڕی پوور) دەڵێن پوورزا، بازرگان و تاجیر هاوواتان، شتێک نییە ناوی (کلۆدیشلەمە) بێت. هێشتا نە فێری ئەوە بووە، (لۆجستیک) بخاتە ڕستەوە، نە لە مانای (نۆردوو) تێگەییشتووە کە نانی قەد کراوە. خۆی (بیتیڵز) کۆیە، ئەو نووسیویەتی: بیتیڵزەکان! بەختیار عەلی دەنووسێت: (پێ دەچێت لەمێژە خەوتبن و ئێستا زیندوو بووبێتنەوە.) پێ دەچێت هەڵەیە، پێ دەچوو ڕاستە، لەمێژە هەڵەیە، لەمێژ بێت، دروستە، زیندوو هەڵەیە، بێدار ڕاستە، واتا: لەو شەش وشەیە، سێیان هەڵەن. ئەمەیش وەک شکاندنی ڕیکورد وایە. (بۆنی دەوڵەمەندی و زەنگینیی لێ دێت.) بە ڕاست دەوڵەمەندی و زەنگینی هەر یەک شت نین! (لەو کەسەم نەبووری کە ئێوەی کوشت.) لەو کەسەم نەبووری، هەڵەیە، لەو کەسە نەبوردم، دروستە، لەو کەسە خۆش نەبووم، جوانترە. (دەیانسیحرێنێ،) بەختیار عەلی هەر ئەو کردارەی داهێناوە، کە زۆر ناجۆرە، (باژۆ)یشی کە بە مانای لێ بخوڕە دێت، کردووە بە پەند، ئاخر نووسیویەتی: باژۆ بدات!
لە بەختیار عەلی وایە، تۆمار بە مانای ڕیکۆردەر دێت، ئەو هێشتا لەبری فیلم، نە جارێک و نە دووان، بەردەوام فلیم دەنووسێت!(٢) لە ئەو وایە شار، شەمەندەفەر یان کەشتییە، ئەوەتا دەنووسێت: (سەرنشینانی شار.) (شارێک نە لەسەر نەخشە و نە لە جوگرافیای ئەو وڵاتەدا نەبوو.) بۆ ئەو جێیە، (نەبوو) هەڵەیە، (هەبوو) دروستە. (کۆلێژی ئەدەبی ئینگلیزی) هەڵەیە، کۆلێژی ئاداب، بەشی ئینگلیزی، ڕاستە. کوردییەکەی بەختیار عەلی، وێرای وشەی عەرەبی و فارسی، پڕە لە دەربڕینی عەرەبی و فارسییش. هەر لە پەرەگرافی یەکەمی ڕۆمانەکەیەوە، دەربڕینی عەرەبی زەق زەق دیارە، ئەوە نییە لەبری ڕاستییەکەی کە کوردییە، دەنووسێت: لە ڕاستیدا، کە (فی الحقیقە)ی عەرەبییە. هێشتا فێر نەبووە کە چەندەها و هەزارەها، فارسیین و بە کوردی دەبن بە: چەندان و هەزاران.
لە بەختیار عەلی وایە، ئەدەبی ڕیالیزمی ئەفسووناوی بریتییە لە گوتنی شتی وا کە دەستی هیچ درۆیەک نەگاتە داوێنی، ئەوە بۆیە دەنووسێت: (باغێک مەڵبەندی هەموو جۆرەکانی درەخت و باڵندە بوو.) یان: (دەتوانێت شاهنامە بەبێ وەستان، لەمسەر تا ئەوسەری بڵێتەوە.) یان: (گوێم لە خوڕەی خوینەکەی بوو.) سەرنجی ئەم درێژدادڕییە بدەن: (بەرپرسی بەرەی نیشتمانی، پیاوێکی سەر ڕووتاوەی ورگزلە، هەموو جارێک پشتێنە شلەکەی توند دەکاتەوە و جامانە ناڕێکەکەی کە هەردەم بە لای چەپدا خوار دەبێتەوە، ڕاست دەکاتەوە و دەڵێت.) جارانیش چیرۆکنووسی کەمبەهرە دەینووسی: مژێکی لە جگەرەکەی دا، سەیرێکی بنمیچەکەی کرد، قومێکی لە چایەکەی دا، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا، دەستێکی بە دەم و سمێڵیدا هێنا، قوڕگی خاوێن کردەوە و گوتی! باشتر نییە یەکسەر بنووسین گوتی و بڕایەوە!

هەر تێکستێک بنووسین، ددانی پێدا بنێین یان نا، خۆمانی تێداین و چی بخوازین، ئەوەی تێدا دەڵێین. لە ڕوانگەی ئیسلامی تۆندڕۆوە، ئەوی موسوڵمان نەبێت، کافرە، بەختیار عەلییش وەک بە هەمان مێتۆد بیر بکاتەوە، دەڵێت: (هەر کەسێک تێکستە گەورەکانی من پەسەند نەکات، وێڕای ئەوەی (بێ بەهرەیە، ل٢١١) (گەمژە و بێ دەماغیشە. ل١١)(٣)

(١) شیرکۆ بێکەس، کورسی، لە بڵاوکراوەکانی ڕادیۆی نەوا، چاپخانەی تیشک ٢٠٠٥ سلێمانی.
(٢) لە ٨ی ٦ی ٢٠١٠ دا بۆ یەکەمین جار بەختیار عەلی بە دروستی فیلم دەنووسێت، پێش ئەو ڕۆژە هەمیشە (فلیم)ی دەنووسی. هەفتەنامەی ئاوێنە، ژمارە ٢٢٧ ل٥
(٣) بەختیار عەلی، شاری مۆسیقارە سپییەکان، چاپخانەی ڕەنج ٢٠٠٥ سلێمانی.

ھەواڵی زیاتر