ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، ئەندازیاری ئاشتەوایی تێدەپەڕێت، ئیدریس مستەفا بارزانی بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کوردستان و ئەندازیاری دروستکردنی بەرەی کوردستانی دادەنرێت. وەک ھاوخەبات و ھاوڕێکانی باسی دەکەن، ئیدریس بارزانی ھەمشە جەختی لە گرنگیی پێکەوە کارکردنی حیزبە کوردستانییەکان دەکردەوە، چونکە لای وابووە لەو ڕێگەیەوە گەلی کورد زووتر و ئاسانتر بە مافەکانی دەگات.

ژیانی پێشمەرگایەتی
ئەو ھاوڕێ و پێشمەرگانەی لە ئیدریس بارزانییەوە نزیک بوون، ھەمیشە باس لە خەسڵەتی جەماوەریی ئەو دەکەن و دەڵێن: ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەکان جیانەدەکردەوە و بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئەشکەوت و بنبەردەکانی چیاکانی کوردستان ڕۆژی کردووەتەوە .
بەگوێرەی ئەدەبیاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەت و سەرھەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول لە ١٩٦١، ئیدریس بارزانی لە دەستە یەکەمەکانی ئەو پێشمەرگانە بوو، کە پەیوەندیان بەڕیزی شۆڕشەوە کرد و چەکی تێکۆشانی ھەڵگرت و شانبەشانی پێشمەرگە بەشداری لە داستان و سەرکەوتنەکانی شۆڕشدا کرد. لە ساڵی ١٩٦١ کە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی زۆری دەبێت بەتایبەت لە شەڕی ھەندرێندا. لە ساڵی ١٩٦٤ ئەو کاتەی بارزانیی نەمر لە ناوچەی ڕانیە و دەورووبەری دەبێت بۆ ھاوکاریی لە ئیشوکاری پێشمەرگایەتی و ئیدارەی سەربازیدا، ئیدریس بارزانی لە ناوچەی بارزانەوە دەباتە لای خۆی و بەرپرسیارێتی ئیداری و پێشمەرگایەتی پێدەسپێرێت، کە دواتر گفتوگۆکانی نێوان شۆڕشی کوردستان و حکوومەتی عێراقی بەدواداھات و گەیشتە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، دوای ٩ ساڵ پێشمەرگایەتی و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا، لە مانگی حوزەیرانی ١٩٧٠ لە کۆنگرەی ھەشتەمی پارتی، کە لە ناوچەی ناوپردانی ناحیەی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەکایەتی کرا، بۆ یەکەمجار ئیدریس بارزانی بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئیدریس بارزانی لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناودەبرێت، ھاوکات لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و لەناو بەرھەڵستکارانی عێراقدا، بە کەسایەتییەکی دیار و کاریگەر ھەژمار دەکرا، لە کۆنگرەی بەرھەڵستکارانی عێراق، کە لە تاران سازکرا، بانگەوازیی بۆ یەکخستنی توانای بەرھەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس خستەڕوو.

ئیدریس بارزانی، لە وتەکانی سەرۆک بارزانیدا
ناوی ئیدریس بارزانی تێکەڵ ببوو بە ئاشتی، سەرکردەیەک کە بە ئەندازیاری ئاشتی نێوان حیزبە کوردییەکان ناو دەبرێت، سەرۆک بارزانی لەو بارەیەوە دەڵێت: ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ھەبوو، ھەروەھا بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتی، ئەم دوو فاکتەرە ھۆی سەرەکی بوون لە ڕەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی ١٩٨٦، بەو ھۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.
ئیدریس بارزانی، پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ھەبوو و ئەو پەیوەندیەش لای ھەموو کەسیک ھەستی پێ دەکرا، لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)، سەرۆک بارزانی بەمجۆرە باسی ڕۆڵی ئیدریس بارزانی لە شۆڕشی گوڵان دەکات.
سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: ئیدریس بارزانی لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی ١٩٧٥، بەگیانی پێشکەوتن و داھێنان و بەڕەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد، ئەم نسکۆیە ھەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر ڕووداوەکاندا کاری دەکرد، لە ھەر شوێنێک بوایە کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و ھیوا و ئومێدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینیەوە.
ھەروەھا باسی ئەوە کراوە کە ئیدریس بارزانی، بە نھێنی سەرپەرشتیی ناردنەوەی کادیرە سیاسی و سەربازییەکانی دەکرد بۆ سووریا بە مەبەستی ئامادەکاری گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ژمارەیەکی زۆر کادیر و پێشمەرگەی ناردەوە کوردستان.

لەناو پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان خۆشەویست بوو
ئەو ھاوڕێ و پێشمەرگانەی کە لە ئیدریس بارزانییەوە نزیکبوون، ھەمیشە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئیدریس بارزانی، لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا ھاوڕێیەتیەکی باشی ھەبووە و توانای زۆری ھەبووە لە نووسین و داڕشتندا بە ھەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی نووسیوە، شەوانە تاوەکو درەنگ دەیخوێندەوە و دەینووسی و ھەردەم کتێبی پێ بووە، ھەموو دەرفەتەکانی دەقۆستەوە بۆ خوێندنەوە تەنانەت لەنێو ئۆتۆمبێلیشدا بایەخی بەبوارەکانی نەتەوەیی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە، زۆربەی شیعرەکانی مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی و وەفایی لەبەربوونە، کەسێک بووە زۆر حەزی لە ئەدەب و سۆفیگەرێتی بووە.
عەمید مرادخان بشۆ دری، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ھەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر، دەڵێت: ئیدریس بارزانی لە دوای ھەرەسی شۆڕشی ئەیلوول، ڕۆڵێکی گەورەی ھەبوو لە بەدواداچوونی کێشە و گرفتەکانی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان لە خۆرھەڵاتی کوردستان، ماندووبوونێکی زۆری بینی، بۆ ئەوەی بە ھەزاران خێزان لەناو بەفر ڕزگار بکات و بۆ دیوی ئێرانیان بگوازێتەوە، لە شۆڕشی گوڵان سەرکردەیەکی بەتوانا بوو، کۆڵەکەیەکی بەھێز بوو، ھەتا لە بەرەی کوردستانی ڕۆڵێکی زۆری بینی و بڕوای بە لایەنەکان ھێنا، خەمخۆری ھەژاران و لێقەوماوان بوو.
عەمید مرادخان، دەشڵێ: ئیدریس بارزانی، کەسایەتییەکی گەورە و سەرکردەیەکی لێھاتوویی گەلەکەمان بوو، ھاوکارێکی بەھێزی بارزانیی نەمر بوو، کەسێکی شارەزا و لێزان بوو، ھیچ کاتێک لە کارەکانی ماندوو نەدەبوو، لە داستانی ھەندرێن و زۆزک ڕۆڵێکی گەورەی بینی، سەرپەرشتیی داستانی ھەندرێنی کرد، لە ھێڵی پێشەوەی شەڕ بوو، ھەموو کارەکانی بەباشی و بەسەرکەوتوویی دەکرد، لە بواری سەربازی و سیاسی ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری ھەبوو، حکوومەتی عێراقی ناچار کرد پەنا بباتە بەر دانوستاندن لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بۆیە لە ھەر شوێنێک بوایە ڕۆڵێکی کاریگەری دەبینی لە چارەکردنی کێشەکان و سەرکردەیەکی شۆڕشگێر بوو.
لیوا یاسین مام یوسف ئاغا کۆرکەیی، پێشمەرگەی دێرین، ڕایگەیاند: ئیدریس بارزانی، پەروەردەی دەستی بارزانیی نەمر بوو، بەردەوام لەناو خەڵک بوو، زۆر بەباشی لە مەعاناتی خەڵکی ئاوارە و لێقەوماو و پێشمەرگە و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان تێ گەیشتبوو، ھیچ کاتێک خۆی لە پێشمەرگە جیانەدەکردەوە و بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگە لە ئەشکەوت و بنبەردەکانی چیاکانی کوردستان ڕۆژی کردووەتەوە، دەرگای لەسەر کەس دانەدەخست، ئیدریس بارزانی، جەختی لە گرنگی پێکەوە کارکردنی حیزبە کوردستانییەکان دەکردەوە و دەیگوت، لەو ڕێگەیەوە گەلی کورد زووتر و ئاسانتر بە مافەکانی دەگات.

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کۆچی دوایی کرد
لە ٣١ـی کانوونی دووەمی ١٩٨٧، ئیدریس بارزانی بەھۆی نەخۆشییەکی کتوپڕەوە کۆچی دوایی کرد و بە لەدەستدانیشی جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستان، کەسایەتییەکی کاریگەر و سەرکردەیەکی دیار و بە ئەزموون و یەکێک لە سەرخەرانی پڕۆژەی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و یەکخستنی تواناکانی لەدەستدا و لە گۆڕستانی ھەلەج لە پارێزگای ورمێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەخاکسپێردرا، دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ڕزگارکردنی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان، لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ تەرمی ھەریەک لە بارزانیی نەمر، ڕابەری بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئیدریس بارزانی، سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە بە مەراسیمی جەماوەری بەرفراوان ھێنرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە شوێنی لە دایکبوونیان لە بارزان ئەسپەردەی خاک کرانەوە.

ژیاننامە
ئیدریس بارزانی، لە مانگی ئاداری ١٩٤٤ لە ناوچەی بارزان و لە ئامێزی خێزانێکدا لە دایکبوو، کە وەک سەرچاوە مێژووییەکانی کوردستان ئاماژەیان پێکردووە، ھەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ببووە ماڵی گەورەی کوردایەتی و سیمبوڵی نەتەوەیی و ڕووگەی تێکۆشەرانی کورد.
ئیدریس بارزانی، تەمەنی دوو ساڵ بوو، مستەفا بارزانی باوکی، ڕوویکردە خۆرھەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە جووڵانەوەی کورد و کۆماری کوردستان لە مەھاباد و دەستی بە خەبات کرد.
دوای پیلانگێڕی دژی کۆماری کوردستان و گەڕانەوەی سوپای شای ئێران بۆ کۆماری کوردستان، بارزانیی نەمر و دەیان پێشمەرگەی کوردستان ڕوویانکردە یەکێتی سۆڤیەتی جاران.
ئیدریس بارزانی ئەو کات تەمەنی ٣ ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بۆ ماوەی ١١ ساڵ بۆ باشووری عێراق دووردەخرێنەوە و لە شارەکانی بەسرە، بەغدا و مووسڵ دەستبەسەر دەبن؛ ئیدریس بارزانی تاوەکو گەڕانەوەی بارزانی باوکی بۆ عێراق و کوردستان لە ١٩٥٨ لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، دوای دابڕانێکی زۆر، ماڵباتەکەیان بەیەک شادبوونەوە.

ھەواڵی زیاتر