پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕیفراندۆمێكیش بۆ مووچە

مەشخەڵ كەوڵۆسی

دەساڵی ڕەبەقە كێشەی مووچە بەردەوامە و، وادیارە بەردەوامیش دەبێت تاكو كورد دەتوانێت جوڵەیەك بكات بەتەواوی بنەبڕی بكات. بەڵام ئایا كورد ئەتوانێت ئەو كێشە درێژخایەنە بنەبڕ بكات؟.
لەماوەی ئەم قەیرانە توند و كەمەرشكێنەدا، زۆرجار گوێ بیستی ڕێگەچارەی جیاواز دەبین. ئەوەی جێگەی سەرسامی قووڵە، ئەوەیە لایەنی كوردی تاكو ئێستا نەیتوانیوە، یان نەیویستووە بەرانبەر ئەو كێشەیە جوڵەیەكی جیدی بكات و، تەوەری یارییەكە و بنەما و ڕێساكانی بگۆڕێت. بەڵكو هەمیشە یەك گرەوی بەمۆدیل و ستایلی جیاواز هێناوەتەوە پێشەوە.
ئەوەش وایكردووە لایەنی عێراقی بزانێت و، دڵنیابێت لەوەی هەرچۆن پەتەكە توند بكاتەوە، لایەنی كوردی جگە لەیەك خەڕەكی دووبارە، هیچی زیادەی نیە.
لەسەرەتای قەیرانەكەوە تاكو ئێستا، گرەوەكانی كورد تەنها لەسەر دەستور و یاسای بودجە و، پشكی كورد بووە. یان لەسەر گۆڕینی سەرۆكوەزیرانەكانی عێراق. هەمیشە كورد ئومێدەكانی هەڵواسیوە بەوەی سەرۆكوەزیرانێك بگۆڕێت و سەرۆكوەزیرانی داهاتوو كێشەكەی بۆ چارەسەر بكات، واتە بەشەخسەنە كردنی كێشەكە، بۆیە بینیمان هاواریان كرد: كازمی، تۆ بۆ ئێمە لازمی…! ئەو جۆرە دروشمە سادە و منداڵانە بەرانبەر زۆرێك لەسەرۆكوەزیرانەكانی تریش بەرزكرانەوە، بەڵام دواجار كابینەكان ڕۆشتن و، كێشەی مووچەش هەروەك خۆی مایەوە.
ئێستاش جارێكی تر خەریكە كێشەی مووچە بەجۆرێك قووڵ دەبێتەوە، بڕست لەكورد دەبڕێت و، عێراق گرەو لەسەر سێ خاڵی سەرەكی دەكات:
یەكەم: یاری بەكات دەكات بۆ ئەوەی كورد بە هەقیقی بەچۆكدا بێت و، خۆی ڕادەست بكات.
دووەم: كورد كارتی جیدی و كاریگەری نیە و، تەنها كەمێك هاتوهاوار و یەكتر تۆمەتباركردن و ئاوبێنە ودەستان بشۆ.
سێیەم: بەشێكی زۆر لە حیزب و ڕێكخراو و كەسایەتییەكانی كورد، لەبەرانبەر مووچەدا ئامادەن خۆیان ڕادەستی بەغدا بكەن و، بۆ ئەوەش دەستیان كردۆتە ماركێتین و هەوڵەكانیان لەهەموو ئاستەكاندا خستۆتە كار. بەغدا دەیەوێت كێشەكە درێژ بكاتەوە، تاكو ئەم هەوڵانە دەگەنە ئەنجام و كورد خۆی ڕادەست دەكات وكۆتایی بە هەرێمی كوردستان دێت.
قسەكە لەسەر ئەم خاڵی سێیەمەیە و لێرەوە دەپرسم: كێ ئەو حیزب و لایەنانەی ڕاسپاردووە و دەستەڵاتی ئەوەی پێداون كە كورد ڕادەستی بەغدا بكەن؟.
لەڕاستیدا كورد خاوەنی ڕاپەڕین و ئەنجامەكانییەتی، كورد خاوەنی حكومەت وپەرلەمان و قەوارەی هەرێمە. هیچ حیزب و كەسایەتییەك مافی ئەوەی نیە ئەو زیادەڕەوییە بكات.
ئێستا كە قەوارەی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەردەم مەترسییەكی گەورە، بەهۆی نەدانی مووچەوە كۆمەڵگە زۆر بەخراپی دابەش بووەو، بەغدا چاوەڕوانی هەرەسی قەوارەكەیە. پێویستە حیزب و حكومەتی كوردستان بگەڕێنەوە بۆ ڕای خەڵك.
لەم چركەساتەدا كە لایەنی كوردی دەستەوسانە لەبەرانبەر بەغدا، پێویستە بڕیار بدرێتەوە دەستی خەڵكی كوردستان و لەڕیفراندۆمێكدا لەخەڵك بپرسن: چی بكەین؟.
دەبێت خەڵكی كوردستان خۆی خاوەندارێتی لە قەوارەكەی بكات و، ئەو وەكالەتە لەحیزبەكان وەربگرێتەوە و كە پێی داون. چونكە خەڵك حیزبەكانی بۆئەوە نەكردۆتە وەكیلی خۆی تاكو ڕادەستی بكەن.
لەئێستادا پێویستە ڕیفراندۆمێك ئەنجام بدرێت و خەڵك خۆی دیاری بكات چی بكرێت بەرانبەر بەغدا. نەك هیچ حیزبێك مافی ئەوە بەخۆی بدات مامەڵە بەئایندەی كوردەوە بكات. گەر وامان كرد، تۆپەكە لەقاچی بەغدا و سپۆنسەرەكانی دەردێنین و، نەتەوەیەك لەبەرانبەر ئەو ستەمە ڕادەوەستێت نەك حیزبێك یان ڕێكخراوێك یان كابینەیەكی حكومەت بە تەنها.