پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە بێ پاساوەکەی سەر هەولێر کۆ دەبێتەوە

دوای ئەوەی لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتنە هەرێمی کوردستان و سەردانی ماڵەکەی پێشڕەو دزەییان کرد کە کرایە ئامانجی موشەکەکانی پاسدارانی ئێران، ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە دەدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.

سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندووە؛ دوای سەردانمان بۆ ھەولێر، لە نزیکەوە سەردانی شوێنی بۆردوومانەکەمان کرد، بڕیارە لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکان کۆبوونەوە ئەنجام بدەین، ڕاسپاردەکانمان دەنووسین و لەڕێگەی ڕاپۆرتێک ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەین، دواتر پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام دەدات لەبارەی ئەو ھێرشانەی بەبێ هۆکار کراوەنەتە سەر ھەرێمی کودستان.
دەشڵێت: ئێمە خۆمان لەنزیکەوە سەردانی شوێنی ڕووداوەکەمان کرد و بۆمان دەرکەوت ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی ھاووڵاتییەکی مەدەنییە و خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بوونەتە قوربانی و شەھید و برینداربوونە، بۆیە بۆ ھەمووان ڕوونە ئەوەی ئێران باسی دەکات ڕاست نییە و سەرۆکی لیژنەش کە عەرەبە خۆی ئەوەی باس کرد، بۆیە ئەمە بەئاسانی تێناپەڕێت و زیاتر کاری لەسەر دەکرێت و ڕێکاری پێویست دەگیرێتە بەر.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارە جگە لە بەدواداچوونەکانی ئێمە پەرلەمان و حکوومەتیش پێکەوە لەبارەی ئەو ڕووداوە دابنیشن، پەرلەمان بانگھێشتی بەرپرسانی ئەمنی حکوومەت دەکات، چونکە ئەمجارە حکوومەتیش لەگەڵ پەرلەمان ھاوکارە و بەراورد بە جاری پێشوو ھەڵوێستی توندترە، بۆیە ھەموو لایەک دژی ئەو ھێرشانە بەتووندی ھاتوونەتە سەر خەت، ئومێد دەکەین ئەنجامی باشی ھەبێت و بڕیاری پێویست بدرێت بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ھێرشانە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دووبارە نەبنەوە.
پێشتریش، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندبوو؛ پەرلەمانی عێراق هیچ کاتێک بێ هەڵوێست نەبووە بەرامبەر بەو هێرشە دووژمنکارییانەی کە کراونەتە سەر هەولێر، داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە کە هەموو رێکارەکان بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستبووەڕوو، بانگهێشتی حکوومەتی عێراق دەکەین بۆ پەرلەمان تا لە نزیکەوە بڕیارەکانی بزانینن لەسەر رووداوەکە، بەڵام ئەمجارە سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنە ئەمنییەکانی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو کارەیان کردووە و زۆر بە جیددی هاتوونەتە سەر هێڵ، حکومەتی ئێران تووشی شەرمەزارییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بووەتەوە، هاوکات ئێران هەوڵیشیاندابوو کاری لیژنەکەی ئێمە بەڕێوەنەچێت و دوای بخەن، بەڵام کاری لێژنەکە بە کۆتا هات و ڕاستییەکە بۆ هەموو لایەک ڕوونبووەوە.

ھەواڵی زیاتر