حەمەسەعید حەسەن
قین و ئەڤین
ئاتیشا (٩٨٢ – ١٠٥٤) گوتوویەتی: (بەرلەوەی ببیت بە هاوبەشی خەمی ئەوانی دیکە، شەریکی خەمی خۆت بە! ئاخر تۆ کە دەرک بە کوێرەوەرییەکانی خۆت نەکەیت، بە هی ئەوانی دیکەیشی ناکەیت. بەرلەوەی لە زەریادا مەلە بکەیت، لە گۆمێکدا خۆت فێری مەلە بکە! ئەگەر بەوە دەست پێ بکەیت خۆت بە خاوەنی خەمی هەموو دونیا بزانیت، ئەو بانگەشەیە لە درۆوە نزیکترە، وەک لە ڕاستییەوە. دەتوانیت بڵێیت من هەڵگری خەمی هەموو دونیام، بەڵام تۆ کە بە خەمی خۆت ئاشنا نەبیت، هیچیش لەبارەی خەمی خەڵکەوە نازانیت. تۆ کە برینەکانی خۆت نەبینیت، یان خۆت لە چارەسەرکردنیان بدزیتەوە، ئیتر چۆن دەتوانیت بە هانای خەڵکی دونیاوە بچیت؟)
ئەگەر خەم یەخەی گرتوویت، بە قووڵی هەستی پێ بکە و بۆ ڕامان کەڵکی لێ وەربگرە. ئەگەر کەسێک ناخی بریندار کردوویت، هەست بە ئازاری برینەکە بکە، بەڵام ڕق لە کەسەکە هەڵمەگرە، بیر لە تۆڵە مەکەوە، ئاخر ئەگەر بیرت لای تۆڵە بێت، ڕامانت لەکیس دەچێت. کە تووشی کێشەیەکی دەروون دەبیت، هانا بۆ دەرمان مەبە، ئاخر ئەوە هەڵاتنە لە کێشەکە، وەک چۆن ئالوودەبوون بە سیگارەوە، هەڵاتنە لەم یان لەو کێشە، ئەوە نییە کە هەڵدەچیت، یەکسەر سیگارێک پێ دەکەیت. (سیگارکێشان چارەسەر نییە، گەڕانەوەیە بۆ دواوە، نوستالجیایە بۆ سینگ و بەرۆکی دایک، بۆ ئەو سەروەختەی بە شیری مەمکی دایکت ئارام دەبوویەوە، ئاخر سیگار ڕەمزە بۆ گۆی مەمکی دایک.)
سیگاریش وەک ماددەیەکی هۆشبەر وایە، لێ ناگەڕێت، بە باشی هەست بە ئازارەکەت بکەیت. ئەگەر بەدوای چارەسەردا وێڵیت، خۆت لە ئازارەکە مەدزەوە! لێ مەگەڕێ هیچ شتێک سەرقاڵت بکات، نە ڕادیۆ، نە تی ڤی، نە کتێب. ئاتیشا پێت دەڵێت: (خۆت بە و بەس! ئازارەکە با زۆر قووڵ و دژواریش بێت، بەتەواوی هەستی پێ بکە و هەڵیمژە، ڕەنگە ژان بگاتە پەڕەی دڵت، گینگڵ بدەیت و بگریت، بەڵام دوای ئەو ژان و گینگڵە، نەک هەر لەبن هەژموونی ئازارەکە قوتار دەبیت، بەڵکوو خۆشییەکی قووڵیش جێی ئازارەکە دەگرێتەوە.)
وەک چۆن دەشێت، لە ساتەوەختێکدا لەناکاو ڕق بگۆڕێت بە ئەڤین، هەر وایش دەشێت، ئازار بگۆڕێت بە خۆشی. کەس ئەوەندەی پۆڵس ڕقی لە مەسیحییەکان نەبوو، لەپڕ ئەو ڕقە گۆڕا بە خۆشەویستییەکی هێندە قووڵ، کەس نەبوو هێندەی وی عیسای خۆش بوێت. ئەو نهێنییە بزانە، هەر چییەک گەیشتە ئەوپەڕی، دەبێت بە هاودژی خۆی، ئەوپەڕی ڕق دەبێت بە خۆشەویستی، ئەوپەڕی ئازاریش دەبێت بە خۆشی، بەڵام بەمەرجێک خۆت لە ئازارەکە نەدزییەوە، بەتەواوی هەستی پێ بکەیت. ئاتیشا پێمان دەڵێت: (هاوسۆزی ئەوەیە، بتوانین ناشیرینی بگۆڕین بە جوانی، ڕق بە خۆشەویستی و کوێرەوەری بە بەختەوەری.)
(*) أوشو، کتاب الحکمة، ترجمة: متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٣ اللاذقیة.