هەولێری خۆڕاگر، لە کۆست و کارەساتدا

‎ئاران ڕەشیدی

‎مێژووی هەولێر سەرلەبەر مێژووی خۆڕاگرییە، مێژووی لەگۆڕنانی خەونی دوژمنان و بەردەوامی و هەنگاونان بەرەو شارستانەتیی نوێی کوردی.
‎هەولێر لە تازەترین ڕووداوی دڵتەزێنیدا کە هێڕشێکی کوێرانە و قین لەدڵانە بوو بۆ سەر کورد و ئامانج و ستراتیژجییەکانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کە بەرگی خەم و ماتەمی پۆشی، بەڵام جارێکی دیکەش خۆڕاگرانە سەلماندی، ئەوەی دواجار بەچۆکدا دێ و دەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە، دوژمن و داگیرکەری کوردستانە و بە دەردی هەژار موکریانی دەڵێ:

‎زۆر گەماڵ داویە گەمارۆی ناومان
‎ئێمە هەر ماین و ئەوان بەدناو مان
‎هاتن و چوون زلی زۆر خاوەن زۆر
‎کوردستان گر بە خەیاڵ و کورد خۆر
‎شرت و گوم بوون و هەموو ڕابردن
‎کوردستان هەر هەیە کورد هەر کوردن
‎ڕاستە زامی ئەمجارەی سەر دڵی نیشتمانمان زۆر قووڵ و بەژان بوو، وەکوو هەموو زامەکانی مێژوومان، بەڵام لەو زامە بە ژانتر هەڵوێستی کۆمەڵێک ئەخلاقدۆڕاوی بەداخەوە هاوزمان بوو، کە ئەوانە زۆر بەداخەوە تەنیا بە دەستی قەدەر هاوزمانی کوردن، ئەگینا دەبێ لە شوێنێکی دیکە بۆ ڕەچەڵەک و بنەچە و تۆوی خۆیان بگەڕێن. وەکوو چۆن زڕەتۆوێکی گێژەڵووکەی بیابان هێنابێی و لە زەوییەکی بەپیت و بەرەکەتدا ڕووابێ، ئەوانەش لێرە بێ ڕەگ و ڕیشەن و پشتیوانیی شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەرانی کورد لە هەرچوارپارچە و هەموو دونیا لە کوردستان بەرپەرچی ئەو گەلی دەم پڕ لە هەرایەی داوەتەوە و دوژمنانی کوردستانیشی ڕیسواتر کردووە. ئەوەی گرنگە، پێگەی بەرزی هەرێمی کوردستانە کە بەرهەمی سەدەیەک خەبات و قوربانیدانی میللەتێکە و بە مووشەکی دەسەڵاتێکی کە هیچ مەشروعییەتێکی لە نێو وڵاتی خۆیدا نەماوە، نایەتە لەرزین.

ھەواڵی زیاتر