ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی(خوا و گەردوون و مرۆڤ-تێڕوانین لە مێژووی هزرە ئایینییەکان)

ئارام كۆشكی

یەکێک لەو توێژەرە کاریگەر و گرنگانەی ساڵانێکی زۆرە خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە میتۆلۆژیا و ئەفسانە و ئایینەکان تەرخان کردووە، فیراس ئەلسواح-ـە. ئەم نووسەرە لە ماڵی 40 ساڵی نووسیندا توانیویەتی 23 کتێب چاپ و بڵاوبکاتەوە، کە زیادەڕەوی نییە بڵێم 23 کتیبی ناوازە. یەکەم کتیبی ئەم نووسەرە “یه‌كه‌مین سه‌ركێشی ئه‌قڵ”ـە، کە یەکێکە لە کتێبە گرنگەکان و فیراس هەر لەو سەرەتایەوە خۆی وەکو نووسەرێکی گرنگ و کاریگەر ناساند و بەشی سەرەکی لە کارەکانی ئەم نووسەرە لێکۆڵینەوەیە لە ئەفسانە ئاسیاییەکان و بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە عێراق و شامەوە هەیە.

لە ماوەی ڕابردوودا نوێترین کتێبی فیراس کە 23 هەمین کتێبیەتی بە زمانی کوردی بەناونیشانی (خوا و گەردوون و مرۆڤ-تێڕوانین لە مێژووی هزرە ئایینییەکان) بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبەی لەلایەن کاوە تۆفیق-ەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەیان گرتووەتە ئەستۆ. کتێبەکە جیا لە کتێبەکانی دیکەی نووسەر گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و بەسوودە لەگەڵ فیراسدا. گفتوگۆیەک کە زیادەڕەوی نییە بڵێین وەکو تەواوکاری هەموو کتێبەکانی دیکەیەتی و زۆر لایەنی شاراوەی لەم کتێبەدا ڕوون دەکاتەوە. فیراس خۆی پێشەکییەکی جوانی بۆ ئەم کتێبە نووسیوە و لەوێدا ئاماژە بۆ سەرکەوتنی یەکەم کتێبی دەکات، کە لەوێوە چۆن بەرپرسیارێتی کەوتووتە سەرشانی و دەنووسێت: “سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى یه‌كه‌م كتێبى هه‌ر نووسه‌رێك، ده‌یخاته‌ نێو كێشه‌ و گرفته‌وه‌ و چه‌ندان به‌رپرسیارێتى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت و ده‌رچوون لێیان مه‌حاڵه‌. یان ده‌بێت دواى ئه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنێكى دیكه‌ هه‌نگاو بنێت، یانژى كاتێك له‌ كتێبى دووه‌مدا خۆى تێنه‌په‌ڕێنێت، ئیدى ده‌كه‌وێت و بیرده‌چێته‌وه‌. وه‌لێ من زۆر هۆشیارانه‌ ئاگادارى ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ بووم و ڕه‌هه‌نده‌كانیم پێده‌زانى و هه‌ستم پێده‌كردن، هه‌ر بۆیه‌ په‌له‌م نه‌كرد له‌وه‌ى زوو بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ نێو پڕۆسیسى نووسین، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ڕه‌وتى گه‌شه‌كردنى ماریفى خۆم به‌رده‌وام بووم و خۆمم بۆ مێژووى گشتى و میتۆلۆژیا و ئایینه‌كان ته‌رخان كرد.”
کاتێک نووسەرێک هەستی بەرپرسیاری هەبێت، ئەوا بێگومان بەردەوام بەرەو سەرەوە هەنگاو دەنێت و خۆی دەپارێزێت لە خۆ دووبارەکردنەوە و دابەزینی ئاستی نووسینەکانی. فیراس لەو نووسەرانەیە کە بە بەردەوامی لە یەکەم کتێبییەوە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر و قووڵبوونەوەی زیاتر ڕۆیشتووە. مەودای نێوان نووسینی یەکەم کتێب و دووەم کتێبی 10 ساڵ بووە، کە ئەویش کتێبی “نهێنی عەشتار”ە، کە یەکێکە لە ناوازەترین کتێبەکانی ئەم نووسەرە و گەلێک نهێنی میتۆلۆژی بۆ شیکردووینەتەوە کە پێشتر پەی پێ نەبراو بوون.
یەکێک لە خاڵە گرنگ و جەوهەریی و جیاکەرەوەکانی فیراس ئەوەیە کە هەم کورت و پوخت دەنووسێت و هەم لە هەوڵی شیکردنەوەی بابەتیانەی ئەو مەوزوعانەدایە کە لێیان دەکۆڵێتەوە و زۆربەی جاریش بە میتۆدی رۆژئاواییانە دەیەوێت لە رۆژهەڵات بکۆڵێتەوە و خۆیشی دانی بەمەدا ناوە و دەڵێت: “له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى من ئاوه‌ز و هزرى عه‌ره‌بیم ده‌دواند، وه‌لێ به‌ ئامراز و میتۆده‌كانى توێژینه‌وه‌ى ڕۆژئاوایی ئه‌و كاره‌م ده‌كرد و زۆر په‌رۆشى ئه‌وه‌ نه‌بووم كه‌ره‌سه‌ و شتێكى نوێ، بۆ نێو پانتایى توێژینه‌وه‌ى كو‌لتوور و ڕۆشنبیری عه‌ره‌بى زیاد بكه‌م، به‌ قه‌د هێنده‌ى ئه‌وه‌ى خه‌مى ئه‌وه‌بووم، شتێكى نوێ له‌سه‌ر ئاستى جیهانى بۆ نێو ئه‌و پانتاییه‌ زیاد بكه‌م، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو هاوكاریكردم بۆ چوونه‌ناوه‌وه‌ و دزه‌كردنم بۆ نێو ئه‌ڵقه‌ى داخراوى لێكۆڵینه‌وه‌ ڕۆژئاواییه‌كان.”
فیراس لەم کتێبەدا هەر لە بەشی یەکەمدا دەپەڕێتەوە بۆ پەیوەندی نێوان ئایین و فەلسەفە و لەوێوە حەزی خۆی بۆ فەلسەفە ناشارێتەوە و هەر ئەمەشە کۆمەکی کردووە کە قوڵتر لە ئایین بڕوانێت و چاوێکی تیژتر و وردبینانەتری هەبێت بۆ خوێندنەوەی میتۆلۆژیا و ئایینەکان. خۆی دەنووسێت “له‌نێو كایه‌ و سیستمه‌ ماریفیه‌كاندا، فه‌لسه‌فه‌ یه‌كه‌مین شتێك بوو سه‌رسامى بووم. هه‌ر له‌و كاته‌ى له‌قۆناغى ناوه‌ندى بووم، مژول و سه‌رقاڵى تۆیژینه‌وه‌یان بووم. هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌وروپایی ده‌كرد، هه‌ر له‌ “سوقرات”ه‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كوو “هیگڵ” و ئه‌وه‌ى ده‌ستم پێی گه‌یشتبوون هه‌موویانم خوێنده‌وه‌. پاشان “سارتەر” و كۆمه‌ڵێك بوونگه‌رایی دى، كه‌ ماوه‌ و كاتێكى باش سه‌رقاڵیان بووم. وه‌لێ حه‌ز و خولیام بۆ فه‌لسه‌فه‌ى عه‌ره‌بی نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌مى سه‌ره‌كى له‌وه‌دا خۆی ده‌نواند و ده‌بینییه‌وه‌، سازانێك له‌ نێوانى فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانى و ئایینى ئیسلامدا درووست بكات.”
لە بەشەکانی دواتری هەمان کتێبەدا نووسەر دێتە سەر پەیوەندی نێوان ئایینەکان و خاڵە جیاواز و لێکچووەکانیان، بەڵام زیاتر تیشک دەخاتە سەر خاڵە لێکچووەکانیان و بە بەڵگەوە دەیان لێکچوون لە نێوان هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە دیاری دەکات، کە بۆ من وەکو خوێنەرێک گەلێک نوێ بوون. لێرەدا دەرفەتی ئەوە نابێت وردەکاری زیاتر لەمبارەیەوە بخەینەڕوو، بەڵام دەتوانم بڵێم خوێنەری ئەم کتێبە بەر کۆمەڵێک ئایدیای نوێ سەبارەت بە ئایینەکان دەکەوێت کە پێشتر لە هیچ جێگەیەکی دیکەدا بەم چەشنە باس نەکراون و خوێنەر بەریان نەکەوتووە.

ھەواڵی زیاتر