پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سوودانی: دۆخەکە ئاڵۆزە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە، ئەگەر بەردەوام بێت ئەنجامی خراپتری دەبێت.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە داڤۆس لە پانێلێکدا بەناوی (دەستەبەربوونی ئاسایش و هەماهەنگی لە جیهانێکی تێکشکاودا) گوتی: “لە وڵاتەکەی ئێمە داعش دروستبوو، کە تەنیا هەڕەشە نەبوو بۆ سەر وڵاتەکەی ئێمە، بەڵکو هەڕەشەیە بوو بۆ سەر هەموو جیهان، راستە خەڵکی ئێمە زەحمەتی زۆریان بینی، بەڵام بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان سەرکەوتوو بووین، ئێستا لەگەڵ ئەو هەموو زەحمەتییە و ئاماژە سیاسیانەی هەن، بەشێوازێک لە شێوازەکان ئێمە پراکتیزەی دیموکراسیمان کردووە لە وڵاتەکەمان و ئاشتیمان بەرقرار کردووە، بۆ ئەوەی فیدراڵی جێگیر بێت و ناوچەکەمان سەقامگیر بێت”.

سوودانی ئاماژەی بەوەشدا: “ماوەیەک لەمەوبەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە کەرکووک کە چەندین ساڵ بوو هەڵبژاردن نەکرابوو ئەمساڵ هەڵبژاردن لەوێش کرا، کە ئەمە بەشێکی دیارە لە عێراق، لەوێ بەرکەوتەی سیاسیمان هەبوو، ئەو دۆخە سیاسییەی پێشتر هەبوو ئێستا نییە، سیاسەتی ئێمە لەسەر ئەوە بنیاتنراوە کە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بکەین”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، راشیگەیاند: “ئێمە کێشەی سیاسیی، ئابووری و ئاڵنگاری کەشوهەواشمان هەیە، ئەو رەوشەی کە هەیە لە عێراق ئێمە بۆ پێشەوە دەڕۆین، بەپێی داخوازییەکانی خەڵک هەوڵدەدەین هەلی کار بڕەخسێنین و ریفۆڕمی ئابووری بکەین، ئێستا عێراق سەقامگیرییە ئەمەش گرنگە بۆ هەموو ناوچەکە و جیهانیش”.

سەبارەت بە داهاتی عێراق، سوودانی گوتی: “ئێمە لە رووی ئابووریدا پێشتر پشتمان بە داهاتی نەوت بەستووە کە لاوازە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرهەمدار بووە، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری هەیە، بۆ ئەوەی داهاتەکان فرەچەشن بکەین”.

باسی لەوەشکرد: “دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە، کە بە شەڕی غەززە دەستیپێکرد و جینۆساید کرا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژارد، تەنیا چەند کۆنفرانسێکیان کرد، ئێستا زیاتر دوای لە 100 رۆژ شەڕەکە فراوان بووە، نازانین دواتر چی روودەدات، بەڵام دۆخەکە هەستیارە و رەنگە ئەنجامی خراپتری هەبێت”.

دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت: “ئێمە پەیوەندییمان لەگەڵ لەگەڵ دراوسێکانی خۆمان هەیە، لەگەڵ ئێران پەیوەندی کولتووری و مێژوویی و جوگرافیمان هەیە، بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە، لەکاتی شەڕی داعش ئێران لەگەڵ ئێمە بوو، بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەمەریکا پەیوەندیمان هەیە و لەکاتی پێویستدا لەگەڵ ئێمە بوونە، پێشتر هاوکارمان بوونە بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق، ئێستا عێراق دەتوانێت رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت لەنێوان ئێران و وڵاتانی دیکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێمە باوەڕمان بە رێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ هەیە، نابێ عێراق ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ئێمە دەمانەوێت سەقامگیری لە ناوچەکە بەرقرار بێت”.