ژنبوونم باڵێكە دەمبا..!!

بوشرا كەركوكی

لە نێو درۆكاندا بۆ ڕاستی دەگەڕێم
وەك مناڵێكی نێو زیندان
لە تابووتی ئەنفالدا
لە باوەشی دایكی جیاكراو
لە نێو دووكەڵ و ڕەشیدا
بۆ هەناسە دەگەڕێم،
وەك مۆمێكی بەر باران
كە بە فووی با كوژاو
دەگەڕێم بە دوای تیشكی نیگایەك،
بە چەشنی پەرشبوونی خەیاڵ
لە ژوانێكی تراویلكەدا،
وێڵی دیتنی چاو
چاو دەگێڕم بۆ سێبەری دەنگ
كە ونبووە لە بیابانی تەنهاییدا
دەڕۆم، هۆش دەكەمە داردەست
دڕك و داڵی بێخەمی دەسووتێنم
ڕۆیشتنم هەمیشەییە بێ ئاوڕدانەوە
ژنبوونم باڵێكە دەمبا
وەك ئاو . وەك دەریا
بێ سڵەمینەوە لە نەبوون.

ھەواڵی زیاتر