ئەدەب بێ جێندەرە

پەری عومەر ئەسعەد

بەلای منەوە قێزەونترینی شتەکان ئەو باس و خواسانەن دەڵێن : ئەدەبی فڵانە ژن بوێری تێدایە لە دەربڕین یاخود ئەدەبی فڵانە پیاو جورئەت و سنوور بڕی تێدایە، (نەتالی سارۆت 1900- 1999) لای وابووە ئەدەبیات پێویستی بە زانینی ڕەگەز نییە، واتە وەک مرۆڤ بیربکەرەوە و بنووسە، جیهانی نووسین سەرەتا پەنهانە بەڵام هەرکە قەڵەم پێی وەستا و دەرەقەتی هات ئیدی دەبێتە ئاوێنە بۆ ژیانی مرۆڤ، نووسەری ڕاستەقینە خۆی بە خەڵکی ئەم جیهانە پەنهانەی نووسین دەزانێت، جیهانێک هەرگیز خیانەت لە پەنابەرەکەی خۆی ناکات، بەو زمانە دەدوێت کە تێیدا دەگری یان پێدەکەنێت، کەواتە هەرکاتێک بمانەوێت ڕەگەز بۆ ئەدەب دابنێین ئەوە لە سەنگ و قەبارەی کەمدەکەینەوە، بیرمە جارێکیان هونراوەیەکی خۆم بۆ ڕۆژنامەیەک نارد، کاکەی دیزاینەر وێنەیەکی گوزارشتیی لەپاڵ هونراوەکە دانابوو، یەک دوو هاوڕێ گوتیان: تۆ ئافرەتی چۆن دەبێت لەگەڵ هونراوەکەی جەنابت وێنەی گوزارشتی پیاوێک دابنرێت، پێکەنیم! ئەوان پەست بوون، وایانزانی گاڵتەم بەقسەکەیان هاتووە، پاشان گوتم: هاوڕێیان گەر نەبێتە موجامەلە و موباله‌غە ئەوا دەڵێم دڵخۆشم بەم کارەی دیزاینەر، ئەوان هێشتا هەر وایاندەزانی خەریکی گاڵتەم، بەڵام من شادمانم چونکە ئەمە بەڵگەی ئەوەیە هونراوەکە بۆ کەسێکی تایبەت نەنووسراوە، دەشێت هەر دوو ڕەگەز بیخوێننەوە و بە هی خۆیان بزانن، کاتێک چاومان لەوە بێت ئەدەب و نووسینەکانمان لە لۆکاڵی بوون دەربچن و ببنە جیهانی، دەبێت سەرەتا نووسین لەبەرگی جیاوازیی ڕەگەزی (نێر و مێ) دەربێنین، نەک ژن بۆ ژن و پیاو بۆ پیاو، زەروورە ئەدەب لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بنووسرێت، بۆ نموونە: کەسێک لە بەستەڵەکی باکووری زەوی شیعرێک بنووسێت و جووتیارێک لە گەرمەسێری باشووری زەوی بەدیارییەوە فێنک ببێتەوە،
هەروەها پێویستە خۆمان ڕزگار بکەین لە وابەستە بوون بە مەسەلەکانی دەمارگیری و ڕەتکردنەوەی بەرانبەر بە بیانووی ئایین و ڕەنگ و شێواز، چونکە بەپێی قوناغەكانی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیی و گەشەی زمان و فیكر، چەمكگەلی تازە دێنە نێو دنیای ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبییەوە، ناکرێت لێی بێئاگابین و پێمان وابێت کۆنتاکتگرتن لەگەڵیان بیرچوونەوە و لادانی ڕەسەنایەتییە، قەیدی چییە گەر (لەتیف هەڵمەت) لە یەکێک لەبەرهەمەکانی بڵێت : (فەلەستین هەمیشە نیشتمانی غەسان کەنفانییە؟) بۆ دەبێت منی وەرگر وا تێبگەیەنرێم هەڵمەت لەم کارەی خزمەتی بێگانەی کردووە! بۆ وا بیرنەکەمەوە هەڵمەت دەیەوێت سەرنجی ئەوان بۆ زمانی کوردی ڕابکێشێت؟! هەر هەڵوێستێکی مرۆڤ لە چاوگەی مرۆڤێتییەوە سەرچاوەی نەگرتبێت ناگاتە مرۆڤەکان و نابێت بە شتێکی نەمر و ڕێی جاویدانی ناگرێت. پیرۆزی ئەدەب لەوەدایە کار لەسەر جیهانی مەعنەویی مرۆڤ دەکات، بۆیە ئازارەکان و خۆشییەکان لەوێ شموولین واتە لەم سەر بۆ ئەمسەری جیهان لەڕێی زمانی ئەدەب دەتوانن هاوبەش بن، لە زمانی ئەدەبدا دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی زەوی مرۆڤێک مەشخەڵ بۆ بانگەشەی ئازادی هەڵبکا لە رۆژئاوای زەوی مرۆڤێکی ژێردەستە حەماسی ئازادی بیگرێت، (رۆزا بارکس 1913- 2005) بە یەک (نەخێر) توانی ژیانی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بگۆڕێت، لەبەرچی؟ چونکە هەڵوێستەکەی لەخزمەت ژیانی مرۆڤایەتی دابوو، نەک تەنێ (ژن) بەڵکو لەپێناو مرۆڤایەتی بوو بە ژن و پیاوەوە، بۆیەشە بە دایکی ئازادی ناسرا، ئەدەب بە هەموو ژانرەکانییەوە ڕۆڵی پەیامێکی گشتگیر دەگێڕێت، لە پێناو بەرجەستەکردنی ئەو ڕۆڵەی زامنی ئاهەکانی مرۆڤ بکات، لێرەدا ئەدەبی باڵا و جیهانی چۆن دروست دەبێت یان چۆن بیهێنینە کایەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە لە ناخی هەموو نووسەرێکی جددی دایە، ئەم شێوە ئەدەبە پێویستی زۆری بە خوێندنەوە و هۆشیاری هەیە، دەبێت نووسەر وەک بازرگانە زیرەکەکان چاودێر بێت بەسەر تەواوی مۆدێل و هەواڵ و میتۆدەکانی دنیا لەبارەی نووسین و گۆڕانکارییەکان، ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی وڵاتان لە ڕێگەی نووسین و گفتوگۆی نووسەر و فەیلەسوفەکانیانەوە درک پێ بکات، بێت لەبەرگی ئازارەکانی خۆی جێیان بکاتەوە، نەک بەشێوەی هەڕەمەکی و بەس، نا بەڵکو ڕوخساری لێکچوو و قۆناغەکان تاوتوێ بکات، وەک زانایەکی بیرکاریزان چۆن دەڵێت: دوو کۆ دوو دەکاتە چوار، ئاوا کۆمەڵگەکەی ئاراستەی هەژموونی وڵاتان بکات و بڵێت دوای قەیرانی ناهۆشیاری بەم شێوە و بەم هۆکارە دەتوانین پێ بنێینە قۆناغی گەشانەوە و هەڵسانەوە، چونکە ئەو بەهۆی خوێندنەوەی زۆر و ئاگاداری بۆتە خاوەنی روئیای خۆی و دنیابینی فراوان.
بەدڵنیاییەوە ئێستا کۆمەڵێک نووسەر ڕاستەوخۆ دەکەونە وێزەی ئەم پرسیارەوە، ئاخۆ ئه‌گەر کەسێک سپۆنسەر و پشتیوان نەبێت ئێمە چۆن بنووسین و چاپ بکەین؟، هەتاوەکو بابەتی ئێمە بگاتە جێی خۆی، بەڵێ هاوڕاتانم، ئەرکی چاپ بۆ نووسەر بارگرانییەکی قورسە لەم ڕۆژگارەی نەهامەتی و پڕ لە کێشەیەدا، بەڵام ناشبێت دەستەوەستان بین، بەڵکو پێویستە شۆڕشی سۆشیال دەست پێ بکەین و لەوێوە بابەتەکانمان بڵاو بکەینەوە و ئەسڵەن دەشتوانین هەر لەڕێگەی سوشیال میدیاوە ناوەرۆکی بابەتەکانمان ترانزلێت بکەین، ئەوکات لە ئەکاونتەکانی خۆمانەوە دەبین بە خاوەنی گەورەترین دەزگای بڵاوکردنەوە، ئیدی ڕێگەیش دەگرین لە بابەتی کرچ و کاڵ و کۆمەڵگە شێوێن، تا هەنووکەش خەڵکانێکی نووسەر هەن پێیان شەرمە ئەکاونتی فەیسبوکیان هەبێت! وادەزانن شتێکی منداڵانەیە، نا هەرگیز وا نییە بەڵکو باشترین ڕێگەیە بۆ گەیاندنی سەرنجەکانت، تۆ لەوێ دەگەیت بە هەموو دنیا، سنوورەکان دەشکێنیت، ئەدەبی مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنیت، یان نووسەر هەیە دەترسێت و دەڵێت: چۆن لە سوشیال میدیا شت دەنووسم، هەتا گەمەم پێ بکەن ؟! بیری نییە (غاندی 1869- 1948) دەڵێت:
“هەر مرۆڤێک کارێکی نوێ ئەنجام بدات بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت:
قۆناغی یەکەم خەڵک گاڵتەی پێدەکەن و پێی پێدەکەنن، ئەگەر لەم قۆناغەدا خۆڕاگر بوو، ئەوا دەچێتە قۆناغی دووەم و لەم قۆناغەشدا خەڵک جنێوی پێدەدەن و تەشهیری پێدەکەن، ئەگەر لەم قۆناغەشدا خۆڕاگر بوو، ئەوا دەچێتە قۆناغی سێیەم کە قۆناغی سەرکەوتنە”.

ھەواڵی زیاتر