بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە کارەبای زیاتر لە هەزار شار و گوندەکانی ئۆکرانیا پچڕاوە

هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی رووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا لە ماوەکانی رابردوودا سیستەمی وزەی ئەو وڵاتەی لاواز کردووە، هاوکات پیش هاتنی وەرزی زستان کیێڤ هۆشداری دابوو لەوەی کارەبای سەدان شار و گوند پچڕاوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوو، ئۆکرانیا هێرشی چڕی کردە سەر شاری بێلگۆرۆدی رووسیا کە 32 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیا دوورە، کەبوە هۆی چۆڵکردنی سەدان دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و دواخستنی قوتابخانەکان بۆ 19ـی 1ـی 2024.

مۆسکۆ سوپای ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تەقەکردن لە مەدەنییەکان لە ناوەڕاستی شاری بێلگۆرۆد کە نزیکەی 340 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە و چەکەکانیشیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە بۆ دابینکراوە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی 10 مووشەکیان خستۆتە خوارەوە کە لە جۆری “ئاڕ ئێم 70 ڤامپیر”ەوە هەڵدرابوون، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئۆکرانیا لە سەرەتای شەڕەوە ژمارەیەک لەو مووشەکانەی لە چیک وەرگرتووە.

کیێڤ رایگەیاندووە، وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیا هێشتا چاک دەکرێنەوە بەهۆی هێرشە بەرفراوانەکانی رووسیا کە زستانی رابردوو کردبووی، هەروەها وێستگەکانی وزەی خۆریش بەهۆی هەوری زۆر و خراپی کەشوهەوا نەیانتوانیوە بە تەواو کاربکەن، لەهەمان کاتدا ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بتوانێت کارەبا دابین بکات، ناچاربووە کارەبا لە وڵاتانی رۆمانیا و سلۆڤاکیای دراوسێی هاوردە بکات.

ئەو کۆمپانیایەی کە تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا بەڕێوەدەبات، دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، کەشوهەوای سەختی زستان کارەبای زیاتر لە هەزار شار و گوندی لە نۆ هەرێم پچڕاندووە و داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کردووە وزە بپارێزن. کۆمپانیای “ئۆکرنرگۆ” ئاشکرایکرد، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەکارهێنانی کارەبا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی، ئەوەش بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 15 پلەی ژێر سفر لە زۆرێک لە ناوچەکانی وڵات.

رووسیا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو جار ئۆکرانیای بە دەیان مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد.

ھەواڵی زیاتر