نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپاتدەکاتەوە و ئامادەیی خۆشی بۆ ئاسانکاری هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو پرۆسەیە دەربڕی تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.
رۆژی سێشەممە (9ـی کانوونی دووەمی 2024) نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، “تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتووی ئاسانکارییەکانمان کرد بۆ ئەوەی بەزووترین کات هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت.”
ئەم راگەیەندراوەی یونامی دوای کۆبوونەوەی کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق هات لەگەڵ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکایەتی هەرێمی بڵاویکردووەتەوە باسیان لە دۆخى سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستان و پرسى دواخستنى ههڵبژرادنى پهرلهمانى كوردستان کردووە و جهختيان له گرنگيى پاراستنى سهقامگيريى سياسى له عێراق و تهبايى و يهكڕيزيى لايهنه كوردستانييهكان كردهوه، ههروهها هاوڕا بوون لهسهر پێويستيى بهڕێوچوونى ههڵبژاردنهكانى ههرێمى كوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە (9ـی کانوونی دووەمی 2024) عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای کۆمیسیۆن لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بەمەبەستی دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی 25ـی شوباتی 2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دواتر بەهۆی تۆمارکردنی دوو سکاڵا لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردنەکە راگرت.
بەگوێرەی بەرپرسەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژادنەکان، بەهۆی ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق زیاتر لە حەوت جار بڕیاردانی لەبارەی ئەو سکاڵایانە دواخستووە؛ نەیانتوانیوە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوبکەن، بۆیە داوایان کردووە، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکە دەستنیشان بکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24ـیش؛ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، کێشەی داراییان هەیە و حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرجی بکات، وەکو پێویست دابینی نەکردووە، بۆیە نەیانتوانیوە زۆرینەی رێکارەکان تەواو بکەن.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەو وادەیەی پێشتر دیاریکرابوو لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان دەستپێکرد.