سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە عێراق دادەخرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە لە ماوەی شەش مانگدا دەرگای ھەموو کەمپەکانی ئاوارەکان دابخات، بۆ ئەو مەبەستە ٣٠ی مانگی شەشی ئەمساڵ دوا وادەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکبھێنێت و ھەموو پێداویستییەکیش بۆ ئاوارەکان دابین بکات تا دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان. بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند: لە ھەرێمی کوردستان سی و چوار کەمپی ئاوارە ھەیە، حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ سیاسەتی داخستنی کەمپەکان بە زەبری ھێز نییە.

پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان باوەشی بۆ دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردەوە، حکوومەتی ھەرێم بێ جیاوازی خزمەتی ئاوارە و پەنابەرانی کردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە و ھەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بە ئازادانە لە ھەرێمی کوردستان بژیت و کارەکانی خۆی بکات، ھەر خەڵکێک بە ئازادانە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی ھاوکار دەبین، بەڵام لەگەڵ ئەوە نین خەڵکێک بەزۆری بگەڕێنرێتەوە ناوچەکانیان.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک، دەشڵێ: ٨٠% خانووەکانی شنگال وێران بوونە، ئەو خانووانە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە، چونکە ئەوەی بەسەری خەڵکی شنگال ھاتووە لەناوبردنی خەڵکی ناوچەکە بووە، بۆیە وا ئاسان نییە ئەوان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان کە ھیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ناوچەکانی ئەوان دابین نەکرابێت، بۆیە دەبێت پلانێکی ستراتیژی ھەبێت، خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابین بکرێت و خەڵک قەرەبوو بکرێتەوە، بەوشێوەیە لەگەڵ گەڕانەوەی خەڵکی خۆمان نین، نەک بە زۆری بگەڕێنرێنەوە.
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ئێستە زۆر ھێزی ناشەرعی لە شنگال ھەن، پێویستە ئەو ھێزانە لە ناوچەکە نەمێنن، چونکە ھەتا ئەو ھێزانە لە شنگال بن خەڵک ناگەڕێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەر کاتێک شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکە ھەبێت، ئەو خەڵکەی کە گەڕاونەتەوە دووبارە ئاوارە دەبنەوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک، ئاشکراشی کرد: ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق ئیمزا کراوە پێویستە ئەو ڕێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە دوای سێ ساڵ تا ئێستە یەک خاڵ لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، بۆیە خەڵکی شنگال نیگەرانن لە بوونی ھێزی نایاسایی لە ناوچەکەیان.
پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک، جەختی لەوەشکردەوە: لەگەڵ ئەوەین حکوومەتی عێراق ھەندێک بڕیار لە بەرژەوەندی دانیشتوانی شنگال بدات، چونکە ئەوە زیاتر لە دە ساڵە خەڵکی ئێمە لەناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین و زیاتر لە ساڵێکە جگە لە حکوومەتی ھەرێم کەس ھاوکاری ئاوارەکانی نەکردووە، کە تەنیا لە سنووری ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دھۆک بیست کەمپی ئاوارە و پەنابەران ھەن، جگە لەو خەڵکەی کە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
لەلایەکی دیکەوە عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێستە لە ھەرێمی کوردستان سی و چوار کەمپی ئاوارەکان ھەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی پلانی ئیداری خزمەتگوزاری لە کەمپەکاندا دەکات، ئەوانیش لە پێنج سێکتەری سەرەکی پێکدێن کە بریتییە لە ئاو، کارەبا، کۆکردنەوەی خاشاک، پەروەردە و تەندروستی و ڕێگەوبان.
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: کۆتایی ھێنان بە مەلەفی پەنابەرانی عێراق، بابەتێکی ئاڵۆزە، پێویستە وردتر و حەکیمانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوەی کە حکوومەتی فیدراڵ بەتایبەت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەیڵێن، ئامادەکردنی چەند پلانێکە بەشێوەیەک لە شێوەکان ھیچ پلانکی ستراتیجی نییە، خوێندنەوەیەکی ورد نەکراوە لە دەرەوە و ناوەوەی دۆخی کەمپەکان.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی ٢٠١٦، ٢٠١٧، دوای پرۆسەی ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە داعش داگیری کردبوون، پرۆسەی گەڕانەوە دەستیپێکرد و بەردەوام بوو، لەسەرەتاوە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبوون، لە ئێستەدا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ھەن، واتا پرۆسەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ زێدی خۆیان یاخود وڵاتانی دیکە بەردەوام بووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو پرۆسەی کردووە، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە، بەڵام داخستنی کەمپ و بەزەبری ھێز ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەوە سیاسەتێکی ڕەتکراوەیە، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.