زیان و مەترسییەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی چین؟

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەشێکی ئەو گەنجانەی دەیانەوێت واز لە جگەرەکێشان بهێنن روودەکەنە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی وەک جێگرەوەیەک، بەڵام تەندروستی جیهانی دەڵێت؛ ژمارەی ئەو گەنج و مێردمنداڵانەی جگەرەی ئەلیکترۆنیی دەکێشن ساڵانە زۆر زیاترە. هەروەها پزیشکانی زانکۆی میشیگان توێژینەوەیەکیان لەسەر ٤٥ هەزار قوتابی ئەنجامداوە کە تەمەنییان لەنێوان ١٦ بۆ ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامەکاندا بۆیاندەکەوتووە ژمارەیەکی زۆری قوتابیان جگەرەی ئەلیکترۆنی و بەرهەمەکانی مەریوانا بەکاردەهێنن.

محەمەد تەیب قوتابی کۆلێژی پزیشکی هەولێر، دەربارەی زیانەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانی زۆرە، هەر بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە دەڵێ بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی هەوکردنی سییەکانیان زیاترە لەو کەسانەی جگەرەی ئاسایی دەکێشن. ئەم توێژینەوەیە، کە لە گۆڤاری The Journal of Nuclear Medicine، بڵاوکراوەتەوە یەکەم توێژینەوەیە بەڵگەی ئەوە دەخاتە ڕوو کە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان هەوکردنێکی زیاتر لە سییەکاندا دروست دەکەن، کە جیاوازە لە هەوکردن بە جگەرەکێشانی ئاسایی.
بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەتایبەتی لەنێو هەرزەکاران و گەنجانی پێگەیشتوودا زیادیکردووە، بەو پێیەی وا گریمانە دەکرا کە سەلامەتترە لە جگەرە تەقلیدیەکان، بەڵام توێژەرانی زانکۆی پێنسیلڤانیا دەڵێن، جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان و مەترسییەکان لە سییەکاندا زۆر زیاد دەکات.
دەشڵێت: توێژەرانی دیکە بۆیان دەرکەوتووە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە دڵ و سییەکان.
توێژەران ماددەیەکی کیمیایییان بە ١٥ کەس داوە کە بە هەوکردن لە سییەکان دەلکێت و لە سی تی سکاندا دەردەکەوێت، بەشداربووان یان بەکارهێنەری ڤایپ بوون، یان جگەرەکێشی ئاسایی، یان کەسانێک بوون کە هیچ کام لە ڤایپ و جگەرەی ئاساییان بەکارنەهێناوە. ئەنجامەکان دەریانخست، بە شێوەیەکی بەرچاو هەوکردن لە سییەکانی بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا زیاترە لە جگەرەکێش یان جگەرە نەکێشەکان، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، جگەرەکێشەکان کەمتر تووشی هەوکردن بوون. توێژەران لە توێژینەوەکەدا ئاماژەیان بەوەداوە کە بەدواداچوونەکان دەیسەلمێنن کە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی هەوکردنێکی زۆر و خێرا لە سییەکاندا.
هەروەها هەوکردنی سییەکان لە گروپی ڤاپیدا زیادەیەکی بەرچاوی هەبووە کاتێک بەراورد دەکرێت بە گروپی جگەرەکێشانی ئاسایی. کاریگەری وردی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەسەر سییەکان هێشتا لەلایەن بەرپرسانی تەندروستییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە جگەرەی ئەلیکترۆنی دەتوانێت کاریگەرییەکی وێرانکەری هەبێت لە ماوەی درێژخایەندا. یەکێک لە ماددە کیمیاییەکان کە لە زۆرێک لە بەرهەمە تامدارەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا هەیە،(دیاسیتیل)ە، کە بە بڕوای توێژەران پەیوەندی بە حاڵەتێکی وێرانکەری سییەکانەوە هەیە.
ئەم حاڵەتە لە ڕووی پزیشکییەوە بە هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسەی ڕێگری ناسراوە، کاتێک ڕوودەدات کە ماددەیەکی کیمیایی پەڵە لە سییەکاندا دروست دەکات کە ڕێگری لە ڕۆیشتنی هەوا دەکات. لە توێژینەوەیەکی دیکەی ئەم دواییەدا دەرکەوتووە کە ئەم جگەرە ئەلیکترۆنییانە دەتوانن ببنە هۆی زیانگەیاندن بە DNA کە بەراورد دەکرێت بە جگەرەی ئاسایی، ئەمەش ڕێگە بۆ بەکارهێنەران خۆش دەکات لە داهاتوودا تووشی شێرپەنجە ببن.
محەمەد تەیب دەربارەی مەترسییەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی گوتی: جگە‌رە‌ی ئە‌لیكترۆنی ھۆكارێكە‌ بۆ نە‌خۆشیە‌كی مە‌ترسیدار، توێژینە‌وە‌كان ھۆشداری دە‌دە‌ن لە‌ كێشانی جگە‌رە‌ی ئە‌لیكترۆنی و زیان مە‌ترسیە‌كانی بۆ تە‌ندروستی مرۆڤ بە‌تایبە‌تی نە‌خۆشییە‌كانی دڵ. پسپۆرانی بواری زانستی پاش توێژینە‌وە‌یە‌ك بۆیان دە‌ركە‌وت كە‌ جگە‌رە‌ی ئە‌لیكترۆنی زیانە‌كانی دوو ھێندە‌ی جگە‌رە‌ی ئاساین، دووكە‌ڵی نیكۆتین بە‌گشتی زیان بە‌ شاخوێنبە‌رە‌كان دە‌گە‌یە‌نێت و دە‌بێتە‌ ھۆی نە‌خۆشیە‌كانی دڵ، چونكە‌ كێشانی جگە‌رە‌ی ئاسایی تە‌نیا ٥ خولە‌كە‌، بە‌ڵام ئە‌و كە‌سانە‌ی جگە‌رە‌ی ئە‌لیكترۆنی دە‌كێشن بۆ ماوە‌ی نیو كاتژمێر بە‌ردە‌وام دە‌یكێشن. ھە‌ردوو جۆری جگە‌رە‌ زیانی ھە‌یە‌ بۆ شادە‌ماركان، كە‌ یە‌كێكە‌ لە‌ ھۆكارە‌ سە‌رە‌كیە‌كان بۆ نە‌خۆشیەكانی دڵ، زانایانی یۆنان دەڵێن كە‌ بۆ ماوە‌یە‌كی زۆر چاودێری كردن و لێكۆڵینە‌وە‌ لە‌سە‌ر ٢٤ پیاو كە‌ سە‌رجە‌میان تە‌مە‌نیان لە‌ ٣٠ ساڵیدا بوو، بۆیان دە‌ركە‌وت جگە‌رە‌ی ئە‌لیكترۆنی زیانە‌كانی دووھێندە‌ن. توێژینە‌وە‌كان ھۆشداری دە‌دە‌ن لە‌ كێشانی جگە‌رە‌ی ئە‌لیكترۆنی و زیان مە‌ترسیە‌كانی بۆ تە‌ندروستی مرۆڤ بە‌تایبە‌تی نە‌خۆشییە‌كانی دڵ. پێشتر دامە‌زراوە‌یە‌كی تە‌ندروستی جیھانی لە‌ ئینگیلتە‌را ھانی جگە‌رە‌ كێشە‌كانی دە‌دا كە‌ جگە‌رە‌كانیان بكە‌ن بە‌ ئە‌لیكترۆنی، بە‌ڵام پاش لێكۆڵینە‌وە‌كان ئە‌م بۆچوونە‌ گۆڕدرا. جگە‌رە‌ی ئە‌لیكترۆنی ڕێژە‌ی نیكۆتینی شلی تێدا زۆرە‌ كە‌ دە‌گۆڕێت بە‌ ھە‌ڵم و ھۆكارێكی سە‌رە‌كییە‌ بۆ گیرانی شادە‌مارە‌كان.

ھەواڵی زیاتر