دانا له‌تیف ـ هەولێر
پرسی یه‌كانگیریی (solidarity) له كۆمهڵناسییدا زیاتر به ناوی كۆمه‌ڵناسیی فه‌ره‌نسیی ئه‌میل دۆركایمه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه دۆركایم له پێناو هێنانه‌كایه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌ی له دامه‌زراندنی كۆمهڵناسییهكی سوودمه‌ند، توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی یه‌كانگیری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجامدا.
دۆركایم یه‌كه‌مین كتێبی به‌ناوبانگی خۆی به‌ناوی دابه‌شكردنی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی تێیدا یه‌كانگیری كۆمه‌ڵایه‌تی خستهبهرباسهوه. كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایی به هۆی هه‌بوونی لێكچوونی شاراوه له یه‌كانگیری میكانیكی به‌شێوه‌ی یه‌كگرتوو و یه‌كپارچه ده‌رده‌كه‌ون و دواتر، ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه بۆ كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوو و مۆدێرن ده‌گۆڕدرێن، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوودا جیاوازییه شاراوه‌كان له یه‌كانگیری ئۆرگانیكی ده‌بێته هۆی یه‌كگرتوویی و یه‌كپارچه‌یی. بۆیه ده‌كرێ بڵێین، كۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایی به‌هۆی هه‌بوونی لێكچوون له نێو ئه‌ندامه‌كانی جۆرێك كۆده‌نگی و یه‌كگرتوویی ده‌هێننه كایه‌وه، كۆمه‌ڵێ په‌رچه‌كرداری توند له ڕووی پره‌نسیپه ئاكارییه توند و بێ به‌زه‌ییه‌كان، له ناخی ویژدانی به‌كۆمه‌ڵدا (واته بۆچوون و به‌ها و عه‌قیده و هه‌ستی هاوبه‌ش) گونجێندراوه و، یاسایه‌كی سه‌پێنه‌ر له‌م ویژدانه به‌كۆمه‌ڵه بوونی هه‌یه كه كۆمه‌ڵێ سزای بێ به‌زه‌ییانه و توند له خۆده‌گرێ كه به‌رده‌وامی به لێكچوونه شاراوه‌كان له یه‌كانگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌خشێت.
لێره‌دا ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵگاكان به‌درێژایی مێژوو ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌ره‌و گه‌شه‌ی زیاتر و قووڵتر ده‌ڕۆن و فشاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌چه و پره‌نسیپانه زیاتر ده‌بن كه ده‌گمه‌نن. هه‌ر بۆیه دۆكایم پێیوایه هه‌ر كات ئه‌و فشار و ململانێیه بۆ درێژه‌دان به ژیان زیاتر بێت، پسپۆریبوون و سیاسه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی و دابه‌شكردنی كاریش زیاتر ده‌بێت و له‌وانه‌یه ئه‌م سه‌رچاو سنوردارانه له‌به‌رده‌ست چه‌ند كه‌سێكی زیاتردا بێت. هه‌ركاتێ پله‌به‌ندی چالاكییه كه‌سییه‌كان له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه پسپۆرن له كاره‌كه‌ی خۆیان زیاتر بێت، كۆمه‌ڵگا له ڕووی بونیادی و ئهركییهوه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت. یه‌كانگیری میكانیكی كه به‌گوێره‌ی لێكچوون و كۆویژدانی به‌هێز بیناكراوه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر شوێن و پێگه‌ی خۆی به‌و دابه‌شكردنی كاره ده‌دات كه به‌رهه‌می یه‌كانگیرییه‌كی ئۆرگانیكییه. ئه‌م یه‌كانگیرییه ئۆرگانیكییه به‌هۆی په‌یوه‌ستیی دوولایه‌نه‌ی تاكه‌كان و گرووپه‌كان به‌یه‌كتره‌وه دروست ده‌بێت. یاسایه‌كی مه‌ده‌نی شوێنی یاسای سه‌پێنه‌ر ده‌گرێته‌وه، یاسایه‌ك كه ئیتر به‌دوای ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه نییه، به‌ڵكو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه بۆ ئه‌و دۆخه بگه‌ڕێته‌وه كه یاسا له هه‌موو بواره‌كان به شێوه‌ی هێڵی كاری خۆی كبات. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌دگاری په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگای ساده و بچووك و خێڵه‌كییه‌وه كه یه‌كگرتوو و پڕن له لێكچوون و ویژدانی به‌كۆمه‌ڵ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرن و جیاواز و پیشه‌سازی ده‌ڕوات. یه‌كگرتووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه به هۆی په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ی تاكه‌كان و ئه‌و بونیادانه‌یه كه له‌رێگه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌وه هاتونه‌ته كایه‌وه.
رۆب ئهستونز له كتێبه ناسراوه‌كه‌یدا به‌ناوی (بیریاره مه‌زنه‌كانی كۆمه‌ڵناسی) پێیوایه سه‌رباری هه‌بوونی كۆمه‌ڵێ جیاوازی له نێوان یه‌كانگیری میكانیكی و یه‌كانگیری ئۆرگانیكی، به‌ڵام كۆمه‌ڵێ لێكچوونیش له نێوان ئه‌و یهكانگیرییهدا هه‌یه
ده‌كرێ بڵێین، یه‌كێ له جیاوازییه‌كانی نێوان یه‌كانگیری میكانیكی و ئۆرگانیگی به‌هۆی پاڵنه‌ری ململانێوه‌یه: لێكچوون له به‌رامبه‌ر جیاوازی. جیاوازییه‌كی تر له نێوان ئه‌م دوو جۆره یه‌كانگیرییه بریتییه له گۆڕان له پره‌نسیپه ئاكارییه‌كان له چییه‌تی و ماهیه‌تدا ئه‌ویش له دۆخی گۆڕانی ویژدانی به‌كۆمه‌ڵ و تێپه‌ڕین له یاسایه‌كی سه‌پێنه‌ره‌وه بۆ یاسایه‌كی بازدارنده. بێجگه له‌م جیاوازییانه، ڕێكخستن و شیرازه‌ی ڕێككه‌وتن و ئاكامه‌كان یه‌كسانه، هه‌م یه‌كانگیری میكانیكی و هه‌م یه‌كانگیری ئۆرگانیكی له‌رووی ململانێ وه‌ك یه‌كن و له‌م ڕووه‌وه، گونجانی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێسا ئاكارییه هه‌یه كه ده‌بێته هۆی هێشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو.
دۆركایم پێیوایه له كۆمه‌ڵگای سیاسیی گه‌وره‌دا ته‌نیا له ڕێگه‌ی دابه‌شكردنی كار و سیاسه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه توانای پاراستنی هاوسه‌نگی خۆی هه‌یه و به‌م چه‌شنه، دابه‌شكردنی كار یان سیاسه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی گرنگترین سه‌رچاوه‌ی یه‌كانگیرییه. به‌دیدی دۆركایم به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی جار باس ده‌كرێت، دابه‌شكردنی كار شتێك نییه ته‌نیا بۆ جوانكاری و كرده‌یه‌كی ڕواڵه‌تییانه نییه، به‌ڵكو بۆته مه‌رجی بنه‌ڕه‌تیی هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان. ته‌بایی كۆمه‌ڵگاكان ته‌نیا له‌رێگه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌وه ده‌سته‌به‌رده‌بێت و دابه‌شكردنی كار فاكته‌ری سه‌ره‌كیی و دیاریكه‌ری تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بینای كۆمه‌ڵگاكانه.
وێڕای ئه‌وه‌ش، به‌دیدی دۆركایم، یه‌كانگیری كۆمه‌ڵایه‌تی دیارده‌یه‌كی ته‌واو ئاكارییه كه ناتوانرێ ئه‌ندازه‌گیری بۆ بكرێت، بۆیه ده‌بێ واز له ڕه‌هه‌نده ناوه‌كییه‌كه‌ی بهێنین كه نابینرێ له‌بری ئه‌وه خه‌ریكی ڕه‌هه‌نده ده‌ره‌كییه‌كه‌ی ببین كه بۆته ڕه‌مزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی. ئه‌م ڕه‌مزه ده‌ره‌كییه بۆ یه‌كانگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له ماف.
دۆركایم پێیوایه دوو جۆر له ویژدان له كۆمه‌ڵگای مرۆیی‌دا هه‌یه ئه‌وانیش: یه‌كێكیان؛ ویژدانێكی ته‌واو كه‌سییه كه ئه‌دگار و خووه‌كانی هه‌ر تاكێك ده‌ستنیشان ده‌كات؛ ئه‌ویتریشیان؛ گوزارشته له دۆخ و ویژدانی هاوبه‌شیی ته‌واوی كۆمه‌ڵگا. بۆیه ده‌كرێ بڵێین ویژدانی ده‌سته‌جه‌معی یان كۆویژدان یه‌كێكه له چه‌مكه هه‌ره دیاره‌كانی ئه‌میل دۆركایم و، له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانییدا به جۆرێ له جۆره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌و چه‌مكه، به‌تایبه‌ت له كتـێبی دابه‌شكردنی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێساكانی میتۆد له كۆمه‌ڵناسی. له‌م باره‌یه‌وه دۆركایم پێیوایه ویژدانی ده‌سته‌جه‌معی بریتییه: «كۆی ئه‌و بیروباوه‌ڕ و هه‌سته هاوبه‌شانه‌یه كه له نێو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك، سیسته‌مێكی دیاریكراو پێكده‌هێنێت و ژیانێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه كه ده‌كرێ به ویژدانی ده‌سته‌جه‌معی یان ویژدانی هاوبه‌ش له قه‌ڵه‌می بده‌ین.. به‌م چه‌شنه، ویژدانی ده‌سته‌جه‌معی ئه‌گه‌ر چی جگه له‌وه‌ی له ویژدانی كه‌سییه‌وه چرۆ و چه‌كه‌ره ناكات، به‌ته‌واوی جیاوازیشه له‌گه‌ڵی.»
لێره‌وه باسی دووه‌مین جۆری یه‌كانگیری ده‌كه‌ین له به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگای مۆدێرن ئه‌ویش یه‌كانگیریی ئۆرگانیكییه.
ده‌كرێ بڵێین یه‌كانگیریی میكانیكی ده‌بێته هۆی په‌یوه‌ستكردنی تاك به كۆمه‌ڵگاوه بێ هه‌بوونی هیچ چه‌ند و چۆنێك. كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی ڕێكنه‌خراوه و له كۆمه‌ڵه بۆچوون و عه‌قیده‌یه‌ك پێكدێت كه لای هه‌موو تاكه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه هاوبه‌شه، هه‌روه‌ها له‌م جۆره كۆمهڵگایاندا ویژدانی كه‌سیی شوێن ویژدانی ده‌سته‌جه‌معی ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له یه‌كانگیریی ئۆرگانیكی، كۆمه‌ڵگا ئه‌و ده‌زگایه‌یه ڕۆڵ و په‌یوه‌ندییه جیاواز و تایبه‌ته‌كانی هه‌ر تاكێك به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌م جۆره یهكانیگرییه ته‌نیا ئه‌وكاته ئه‌شێ هه‌بێت كه هه‌موو كه‌سێك ڕه‌فتار و كه‌سایه‌تی تایبه‌تیی خۆی هه‌بێت. له‌م ڕووه‌وه پێویسته بڵێین ویژدانی ده‌سته‌جه‌معی ڕێگه به ده‌ركه‌وتنی به‌شێك له ویژدانی كه‌سیی ده‌دات تاكو ئه‌و ڕۆڵه تایبه‌تانه‌ی ویژدانی به‌كۆمه‌ڵ ناتوانێ ئه‌نجامی بدات ئه‌و بتوانێ بیگرێته به‌ر، چونكه له لایه‌ك هه‌موو كه‌سێك په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكتری به كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه ئه‌ویش له ڕێگه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌وه و له لایه‌كی تر، چالاكییه‌كانی هه‌موو كه‌سێك هه‌رچه‌نده پسپۆڕیتر ببێت، كهسییتره.