حەڤدە بەنداوی دیکە لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ھەرێمی کوردستان بیست و یەک بەنداو ھەن، حکوومەتی ھەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوودا چوار بەنداوی بەگوژمەی زیاتر لە چل و پێنج ملیار دینار دروست کردووە و سێزدە بەنداوی دیکەش لە بواری جێبەجێکردندان. بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئاستی باران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بارانی زیاتریش ببارێت و بەنداوەکان بە تەواوەتی سەرڕێژ بن.

بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چەندین ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران سەرچاوەی ئاوی سروشتی و کانی و کانیاوی لێیە ساڵانە لە مانگی ئازار بەشێکیان دەژینەوە، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی بارانێکی زۆر بەشێکی زۆر لە کانیاوەکان ژیاونەتەوە و بەنداوەکان پڕبوونە.
بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، چوار بەنداو لە ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە چل و پێنج ملیار دینار دروستکراون و کاریش لەسەر سێزدە بەنداوی دیکە دەکات کە گوژمەکەیان زیاتر لە پێنج سەد و پەنجا و سێ ملیار دینارە، پڕۆژەکان لەلایەن ئەندازیار و کارمەندانی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێن و ھەزاران ھەلی کاریشیان ڕەخساندووە.
بە گشتی لە ھەرێمی کوردستان، بیست و یەک بەنداو ھەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی، جگە لە بەنداوەکان حەوت پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراون و چل و دوو پۆندی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، گوتی: شەپۆلەکانی بارانی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر، توانیویەتی ئاستی دابارینی ساڵانی ڕابردوو ببڕێت، بەتایبەت کە باران لە ھەندێک شوێندا دوو بەرامبەر لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زیاتر باریوە.
ڕەحمان خانی، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو ناوچانەی ئەمساڵ ڕێژەی بارانیان زۆر بووە، دەکەونە سەر زێی گەورە، کە ھیچ بەنداوێکی لەسەر نییە بۆ گلدانەوەی ئاو، ئەگەرنا ئاوێکی زۆرتریش کۆدەکرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕوونیشیکردەوە: لە کۆی نەوەد وێستگە کە بارانی تێدا دەپێورێت، تەنیا لە چواردە وێستگە،‌ باران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر باریوە، بەھۆی بەرزی ڕێژەی بارانی ئەمساڵ، داھات و سەرچاوەکانی ئاو لە کوردستان زیادیان کردووە و بووژاونەتەوە بەتایبەت کە بەشێک لە بەنداوەکان سەرڕێژ بوونە و پێشبینی دەکرێت بارانی زیاتریش ببارێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد: بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەنداوی دەربەندیخان دە مەتر ئاوی زیاتری بۆ ھاتووە، ھەروەھا بەنداوی دوکان نزیکەی چوار مەتر و نیو لە ساڵی پار کەمترە بەھۆی ئەوەی بەنداوێکی گەورەیە و چوار ساڵ لەسەر یەک ئاوی بۆ نەگەڕاوەتەوە، ھاوکات ئاوی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دابین کردووە، ھەروەھا لە دھۆکیش نزیکەی دوو مەتر ئاو لە ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.
عەبدولرەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: تائێستە ھەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا سوودیان لێوەردەگیرێت، لە پلاندایە لە ھەندێک بەنداوی دیکەش کارەبا بەرھەم بھێنن، چونکە بەشێکیان وێستگەی کارۆئاویان تیایە، ئەوانی دیکەش بۆ بابەتی ئاودێری و گلدانەوەی ئاو و بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی بەکاردەھێنرێن.

ھەواڵی زیاتر