كارزان گلی – ههولێر
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە 2023دا خەڵكی ئامەد، لە تەواوی توركیادا دڵتەنگترین خەڵك بوونە، چونكە رێژەی بێكاری لەوێ زۆرە و هەروەها هاووڵاتیان بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و بە كۆمەڵیش شارەكە جێدەهێڵن.
ئامەد، بە پایتەختی كوردانی باكووری كوردستان ناو دەبرێت، لەلایەك بەهۆی كوردبوونی ئەو شارەوە سزا دەدرێت، لە لایەكی تریش بەهۆی ئەوەی ململانێی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا لەوشارەدا زۆر قوڵە، بۆیە دەستی وەبەرهێنانی كەم دەگاتێ، ئەمەش وای كردووە شارەكە پێشنەكەوێت و رێژەی بێكاریش زیاد بكات.
ئەرسلان ئۆزدەمیر، سۆسیۆلۆژ لە ئامەد، پێیوایە بەهۆی ئەوەی ئەم شارە هەمیشە ئۆپۆزسیۆن بووە، بۆیە لەژێر فشارێكی توندی سیاسیدایە.
ئۆزدەمیر، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”دوو هۆكار هەیە كە خەڵكی ئامەد دڵتەنگترین خەڵكی توركیان، یەكەمیان ئەو فشارە سیاسییەیە كە باسم كرد، دووەمیش خراپی رەوشی ئابوورییە، واتە قەیرانی دارایی، كە لەوڕووەشدا ئامەد لەڕووی ئابوورییەوە خراپترین شاری توركیایە و بە كۆمەڵ خەڵك شارەكە جێدەهێڵێت و بەرەو دەرەوەی توركیا كۆچ دەكەن.“
هاووڵاتیانی ئامەد، كاتێك قسە لەبارەی دڵتەنگی خۆیانەوە دەكەن، چەندین هۆكار باس دەكەن، كە بەشێكی زۆری پەیوەندی بەوەوە هەیە بێكارن و رەوشی ئابووریان خراپە.
هاووڵاتییەكی ئامەد دەڵێت: ”بەهۆی بوومەلەرزەوە ماڵەكەم بەتەواوی رووخا، ئێستا لە خانووی كرێدا دەژیم، بەڵام ناتوانم كرێی خانوو بدەم و هەروەها لەڕووی ئابوورییەوە ئەوەندە خراپم ناتوانم ماڵ و منداڵ بەشێوەیەكی ئاسایی بژییەنم.“
ساكینە، ناوی ئەو ئافرەتەیە كە لە ئامەد دەژیت، دەڵێت وەڵاهی هیچ دڵم خۆش نییە و زۆر دڵتەنگم، ئاخر بێكارین و پارەمان پێ نییە تا ژیانێكی ئاسایی بژین.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، رێژەی ئەو كەسانەی لە ئامەد دڵتەنگن و دڵیان خۆش نییە 24.75%ە، ئەم ئامارەش ئەوە دەسەلمێنێت كە خەڵكی ئامەد، دڵتەنگترین خەڵكی تەواوی توركیان.
بەڵام هەر بەگوێرەی زانیاری دەزگای ئاماری توركیا، خەڵكی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، رێژەی دڵتەنگی خەڵكەكەی 9% دەبێت.
ئەم ئامارە ئەوە دەسەلمێنێت، خەڵكی باكووری كوردستان لە قەیرانێكی سەختی داراییدا دەژین و رێژەی بێكاریش یەكجار زۆرە. راستە لە تەواوی توركیادا قەیرانی ئابووری بوونی هەیە و هاووڵاتی بەدەست سەختی ژیان دەناڵێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ئامەد رێژەی بێكاری زۆرە و كارگەی گەورە و وەبەرهێنەری گەورەی لێ نییە، بۆیە گەنجەكان دڵتەنگن و بیر لەوە دەكەنەوە ئامەد بەرەو ئەورووپا جێبهێلن.
ئامەد، یەكێكە لەو شارانەی لەڕووی سیاسییەوە خەڵكەكەی سەر بە هەدەپەی كۆن و پارتی دەمی ئێستان، بەڵام ئاكەپە، بەردەوام قورسایی لەو شارەدا هەبووە، بۆ نموونە لە 2003، ئاكەپە نیوەی زیاتری دەنگی ئامەدییەكانی بەدەست هێنا، بەڵام لە 14ی ئایاری هەڵبژاردنی پەرلەماندا، ئاكەپە توانی لە ئامەد، لە كۆی 12 كورسی پەرلەمان، سێ كورسی بەدەست بهێنێت بە 245 هەزار 307 دەنگ. هەروەها رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە هەڵبژاردنی 28ی ئایاری 2023 دا، توانی 26.48%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، كە 239 هەزار 827 دەنگی بەدەست هێنا.