سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی: هێرشه‌كه‌ی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی به‌بێ ئاگاداری عێراق بووه‌

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هیچ په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكادا نه‌بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر گرووپی نوجه‌با، ده‌شڵێت بانگه‌شه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ و هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكه‌ڵكردنی كارته‌كان.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 5ـی كانوونی دووه‌می 2024) شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، لێدوانی پات رایده‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) سه‌باره‌ت به‌ بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی، لێدوانێكی مه‌ترسیداره‌ و بۆ تێكه‌ڵكردنی كارته‌كانه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق رایگه‌یاندووه‌: “ئه‌و هێرشه‌ دوژمنكارییه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و به‌بێ ئاگاداری پێشوه‌خته‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی عێراقی ئه‌نجام دراوه‌.”

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌و “هێرشه‌ دوژمنكارانه‌یه‌” زیان به‌ ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی نێوان عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت و پێشێلكارییه‌كی ئاشكرایشه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سه‌روه‌ری عێراق، كه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌و پێناوه‌دا له‌ عێراقه‌.

دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 04-01-2024، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج.

میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی له‌مباره‌یه‌وه‌ رایانگه‌یاندبوو، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکەوە، سێ سەرکردەی حەشد کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمێك كردووه‌، كه‌ بۆ ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی له‌ به‌غدا رێكخرابوو، له‌ گوتارێكدا رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق توانا و ئاماده‌یی بۆ بڕیاری گونجاو له‌باره‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری خاكی عێراقی هه‌یه‌.

سوودانی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، كه‌س ناتوانێت ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عێراق و ته‌نیا حكومه‌ت بۆی هه‌یه‌ یاسا به‌سه‌پێنێت. ده‌شڵێت: هێرشی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی مه‌ترسیداره‌.